دواین هەواڵ

جیهان‌

 09/02/2024

حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان: ئێران پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکان دەکات

هەرێم نیوز

وەزیری دەرەوەی ئیران بە سەردانێک لە لوبنانە و رایدەگەیەنێت: وڵاتەکەی لە پاڵپشتیکردنی موقاوەمە بەردەوام دەبێت.

حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەیروت ڕایگەیاند، ئاسایشی لوبنان بۆ ئەوان ھاوشێوەی ئاسایشی ئێران و ناوچەکەیە، پێویستە ئەمریکا بوەستێت لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل لە ململانێکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

ئاماژەی بەوەشکرد: وەکو ئێران بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی بەھێزی لوبنان و گروپە چەکدارەکان، بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە.

عەبدوڵڵاهیان وتی، ئاسایشی لوبنان بە ئاسایشی ئێران و ناوچەکە دەزانن و بە هەموو تواناوە هەوڵی پاراستنی دەدەن.

ئەوەشی خستەڕوو، رژێمی زایۆنی تا ئێستا هیچ کام لە ئامانجەکانی نەپێکاوە و بە تەواوی لەم شەڕەدا شکستیهێناوە.

بەهۆی پشتیوانیکردنی ئێران  لە گروپە چەکدارەکان لە ماوەی پێشودا، ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین جار گورزیان لە ئێران وەشاندوە و بەم هۆیەوە چەندین سەرکردەی گروپە چەکدارەکان لە سوریا و عێراق کوژراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەدوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمی پار، ئێران پشتگیری لە هێرشەکانی حەماس کردووە و هەروەها پاڵپشتی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتیەکانی نێو دەریای سوور کردووە. 

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP