دواین هەواڵ

جیهان‌

 09/02/2024

ئەمریکا بەنیازە ڕێگریی خۆی لە فرۆشتنی نەوتی ئێران توندتربکات

هەرێم نیوز

کۆشکی سپی بەنیازە لە ئەنجامی زیاتر گرژبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران و سزای زۆرتر بخاتە سەر هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە.

ئاژانسی بلومبێرگ لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، حکومەتەکەی جۆ بایدن دەیەوێت سزاکانی سەر ئێران قورستر بکات و، ڕێگری لەفرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە بکات، بەمەبەستی ئەوەی نەهێڵێت ئێران پشتیوانی لە هێزە میلیشیاکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات.

بەڵام ئاژانسە هەواڵییەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو جۆرە فشارە دەبێتە هۆی زیادبوونی نرخی وزە لە جیهاندا و، ئەمەش پرسێکە کە دەتوانرێت لە دژی حکومەتەکەی بەکاربهێنرێت لە ڕکابەریی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی کۆماریدا، لەنێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بەهۆی پشتوانیکردنی ئێران لە حەماس، کە جەنگی غەزەی لەگەڵ ئیسرائیل هەڵگیرساند، هەروا حوسییەکان کە کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور دەخەنە مەترسییەوە و یارمەتیدانی گرووپە میلیشیاکانی عێراق و سوریا، ئەم بابەتە بووەتە پرسێکی گرنگ لای ئەمریکا.

ئەمە لە کاتێکدایە، لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا ئەمریکا لە سوریا و عێراق هێرشی ئاسمانی بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەستپێکرد و بنکەکان و هەروا چەند سەرکردەیەکی ئەو گرووپانەی کوشتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP