محەمەد جەمال – هەولێر
چاودێرێکی سیاسی سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران دەڵێ، بەداخەوە حکومەتی عێراق پەرتەوازەیە و ناتوانێت هەرێمی کوردستان بپارێزێت، هەروەها هەرێمی کوردستانیش دەستەوەستان ناوەستێ و کارتەکانی خۆی لەدژی ئێران بەکاردێنێ.
هاوکار یاسین، چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، سەبارەت بەو هێرشانەی ئێران کە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامیدا، دەڵێت" ئەو هێرشانە تاوانێکی گەورە بوو و هەر زوو بە تاوانێکی نێودەوڵەتی ناسێندرا.
دەشڵێت" هەموو سەرکردە زڵهێزەکانی جیهان کە بەشداری کۆڕبەندی داڤۆسیان کردبوو، لە داڤۆس لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و ناڕەزاییان بەرامبەر بەو کارەی ئێران دەربڕی و ئەو پەلامارە دڕندانەی هەولێریان بە تاوانێکی نێودەوڵەتی و جیهانی ناساند.
سەبارەت پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ئەو چاودێری سیاسییە وتی، بەداخەوە عێراق سیادەی خۆی لە دەستداوە و پەرتەوازەیە و خاوەن بڕیار نیە، بۆیە حکومەتی عێراق کەمتەرخەمە بەرامبەر بەوەی کە هەرێمی کوردستان بپارێزێت.
سەبارەت بە ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانانیش گوتی، هەرچەندە ئەمریکا لەڕێگەی کونسولخانەکەی لە هەولێر ئەو کارەی ئێرانیان شەرمەزار کرد و بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی زیاتر لە ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمان دەکات کە دۆستەکانی خۆی بپارێزێت.
دەشڵێت، هەرێمی کوردستان دەستەوەستان ناوەستێ و لە ڕێکارەکان بەردەوام دەبێت و کارتەکانی خۆیشی بەکاردێنێت.