دواین هەواڵ

کلتور‌

 27/01/2024

ئایا ڕۆمانی "شەوانی تاعون" ڕۆمانێکی مێژووییە؟

ئارام سدیق

"ڕانانێکی کورت"

گەشتی چەند ساڵەم لەگەڵ بەرهەمەکانی پاموکدا گەلێک بە سوود بوو. پاموک لەو نووسەرانەیە لە ژیانمدا زۆر لە بەرهەمەکانی سوودمەند بووم، زۆری لێوە فێربووم، هەر بۆیە بەشێک لە کتێبەکانی دووجار و زیاترم خوێندوونەتەوە. نووسەرە داهێنەرەکان ئەوانەنن کە خوێنەر دنە دەدەن لە هەر قۆناغێکی ژیاندا جارێکی دیکە بیانخوێننەوە. هەر نووسەرێک خوێنەریی بۆ گەشتی دووبارە لەگەڵ بەرهەمەکانیدا بانگهێشت نەکرد لای من نووسەربوونی لەژێر پرسیاردایە.

ئەوەی پاموک لە نووسەرانی دیکە جیا دەکاتەوە ئەو شارەزایی و لێزانییەیەتی لە هونەری ڕۆماننووسین، کە لە هیچ بەرهەمێکیدا نییە سەلیقەیەکی هونەری بەرز نەبینینەوە. هەتا وتار و چاوپێکەوتنەکانیشی گەلێک بەسوود و چێژبەخشن، کە شایستەی خوێندنەوەی دووبارە و چەند بارەن. گەشتی من لەگەڵ جیهانی ڕۆماننووسی پاموکدا لە ڕۆمانی "بەفر"ەوە دەستی پێکرد و تا هەنووکە گەیشتووەتە "شەوانی تاعون". بە درێژایی ئەم ساڵانە کە خوێندنەوەی یەکەم ڕۆمانی لەگەڵ دوا ڕۆمانی وەرگێڕدراوی بۆ کوردی نزیکەی 15 ساڵە من بەردەوام گەڕاومەتەوە بۆ بەرهەمەکانی و زۆرترین ئامادەییان لەنێو نووسینەکانمدا هەیە، بۆیە ناتوانم پێی نەڵێم قەرزارتم و لەگەڵ ئەویشدا قەرزاری هەردوو وەرگێڕی بەتوانا "بەکر شوانی و سامان کەریم"م، کە لە ڕێی ئەوانەوە بە پاموک ئاشنابووم و ئەگەر ئەوان نەبوونایە من لە خوێندنەوەی ئەم نووسەرە گرنگەی دونیای ڕۆماننووسی بەهرەمەند نەدەبووم.

شەوانی تاعون؛ نوێترین ڕۆمانی ئەم نووسەرەیە کە ماوەی پیشوو خوێندمەوە. ڕۆمانێک کە بۆ من گەلێک جیاواز بوو، ساتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە وەکو تێکستەکانی دیکەی چێژبەخش نەبوو، بەڵام دوای تەواوکردنی ڕۆمانەکە و بیرکردنەوە لێی ئیدی بۆم دەرکەوت، کە لەبەردەم تێکستێکی ئاساییدا نیم. شەوانی تاعون ئەگەرچی لە ڕووکەشدا وەکو ڕۆمانێکی مێژوویی دەردەکەوێت و پاموکیش خۆی پێداگریی لەسەر ئەمە دەکاتەوە، بەڵام ئایا "شەوانی تاعون" ڕۆمانێکی مێژووییە؟ من لەم نووسینە کورتەدا بەدوای وەڵامی ئەم پرسیارەوەم.

ڕۆمانی شەوانی تاعون نوێترین ڕۆمانی ئۆهان پاموکە بە زمانی تورکی بڵاوکراوەتەوە و هاوکات ئەمساڵیش وەرگێڕانە کوردییەکەی بە وەرگێرانی "سامان کەریم" لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە لە دوتوێی 766 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکرایەوە.

ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە نێوان ساڵانی 1900 و 1901دا لە سەردەمی سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەمدا ڕوودەدەن لە جێگەیەک کە لە ڕۆمانەکەدا بە دوورگەی مینگەر ناوی براوە، کە دوورگەیەکی خەیاڵییە و لە نزیک لە گریت هەڵکەوتووە و دانیشتووانی تێکەڵەیەکن لە موسڵمان و ئۆتۆدۆکس و یۆنانییەکان. چیرۆکی ڕۆمانەکە باسکردنە لە کاریگەرییەکانی تاعونێک، کە لە دوورگەکەدا بڵاو دەبێتەوە و ژیانی گەورە و منداڵانی خستووتە مەترسییەوە.

کاتێک نەخۆشی تاعون لە وەرزی بەهاری ساڵی ١٩٠١دا لە دوورگەی مینگەری بیستونۆیەمین ویلایەتی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی بڵاو دەبێتەوە، پاشا عەبدولحەمید، سەرەتا پاشا بۆنکۆوسکی کیمیاگەر و سەرۆکی چاودێری تەندروستی، دواتر دوکتۆر نوری گەنج و بە توانا بۆ دوورگەکە دەنێرێت تا کۆتایی بە نەخۆشییەکە بهێنن. پاشا عەبدولحەمید، پێش ماوەیەکی کورت، هاوسەرگیری بە د. نوری لەگەڵ پاکیزە سوڵتانی کچی پێنجەمین مورادی برا گەورەی و پاشای پێشوودا کردووە. پاکیزە سوڵتانیش لەگەڵ د. نوری مێردیدا بۆ دوورگەکە دەچێت ئەم چوونەش بە ئومێدی ئەوەیە کە کۆتایی بە تاعونەکە بهێنن، بەڵام ڕووبەڕووی گەلێک پێشهاتی چاوەڕواننەکراو دەبنەوە. ڕۆمانەکە لە ڕۆمانێکی مێژووییەوە (کە دەتوانم بڵێم بەرگی ڕۆمانی مێژوویی لەبەر کراوە) بەرەو ڕۆمانێکی پڕ لە سەرکێشی دەبات، بەڵام نووسەر هەموو ئەو سەرکێشیانەی بە هێمنی و بە جوڵەی گەلێک کەم ئەنجام داوە. پاموک لەم ڕۆمانەوە پێماندەڵێت مەرج نییە جوڵەی گەورە و سەرکێشی زۆر پێویستی بە هاتوهاوار بێت. دەشێ بە جوڵەی کەم خەونی گەورە بەدی بهێنرێت.

دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانی "بەفر" کە وەک پاموک خۆی دەڵێت "سیاسیترین ڕۆمانی منە". ئیدی بڕیاری ئەوەی دا کە ئەوە کۆتا ڕۆمانی سیاسی ئەو دەبێت و چیتر دەست بۆ تێمەیەکی سیاسی نابات. بەڵام کاتێک خوێنەر دەگاتە کۆتا لاپەڕەکانی ڕۆمانی "شەوانی تاعون" هەست دەکات، کە پاموک خیانەتی لەو بەڵێنە کردووە و لەم ڕۆمانەدا ڕۆمانێکی سیاسی، بەڵام لەبەرگێکی مێژووییدا پێشکەشی خوێنەرانی دەکات. سیاسیبوونی ڕۆمانەکە تەنها لەوەدا کورت نابێتەوە کە دوورگەی مینگەر لە دەسەڵاتی عوسمانی دادەبڕێت، بەڵکو لە کۆی ئەو جوڵانەی دیکەدا ڕەنگدەدەنەوە، کە دواتر بەسەر دوورگەکەدا دێت. (بێگومان من نامەوێت چیرۆکی ڕۆمانەکە بنووسمەوە، کە تاڕادەیەکی زۆر ئەستەمە)، بەڵام دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم پاموک بە شێوەیەکی گەلێک لێزانانە لە ڕێی گەڕانەوە بۆ مێژووەوە چیرۆکی ئێستای تورکیا دەنووسێتەوە. ڕەنگە ئەستەم و نەشیاو بێت لەڕێی نووسینەوەی چیرۆکی ئێستاوە بتوانێت بە وردی و بەو شێوە هونەرییە گرنگە گوزارشت لە دۆخی سیاسی وڵاتەکەی و ئەو دوورگەی (مینگەرە) بکات، کە دەیانەوێت لێی جیا بێتەوە، یان خەون بە جیابوونەوەیەوە دەبینێت.

بۆیە بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە گەڕاوەتەوە بۆ مێژوو. بێگومان ئەم خاڵە پەیوەندی بە مەسەلەی ترسنۆکی و جورئەتی نووسەرەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە شێوەی گەیاندنی تێمەوە هەیە کە نووسەر بیر لەوە دەکاتەوە بە چ ڕێگەیەک تێمەکە دەتوانێت بگەیەنێتە هەموان.
نووسەرە ڕاستەقینەکان ئەوانەن کە هەمیشە خیانەت لە بۆچوونەکانی پیشتری خۆیان دەکەن. هەر نووسەرێک وەفاداری هەمیشەیی بۆ بۆچوونەکانی دەربڕی (هەڵبەت لە بواری داهێنان و خۆبەستنەوە بە نەریتێکی دیاریکراوەوە و خۆسنووردارکردنەوە)، ئەوە نووسەرێکە توانای داهێنانی وشکی کردووە. کاتێک پاموک خیانەت لە بۆچوونەکەی خۆی دەکات، کە چیتر ڕۆمانی سیاسی نانووسێت ئەمە نیشانەی نووسەری سەرکەوتووە و لێرەوەیە، کە زیندووێتی خۆی و ئەدەبەکەی دەسەلمێنێت. بۆیە شەوانی تاعون ڕۆمانێکی سیاسییە لە بەرگی ڕۆمانێکی مێژوویدا. بەڵام ناکرێت ئەوەش فەرامۆش بکەم کە ڕۆمانەکە خاڵی نییە لە عەشق و مەرگ و زۆر تێمەی دیکە، کە تێمە هەمیشەییەکان ژیانی مرۆڤن و پاموک لە بەشێک لە رۆمانەکانی دیکەشدا کاری لەسەر کردوون، بەڵام لێرەدا بەشێوەیەکی جیاوازتر ئامادەییان هەیە.

دەستخۆشی بۆ "سامان کەریم" وەرگێڕی ڕۆمانەکە کە بە وەرگێڕانێکی گەلێک ناوازە پێشەکەشی خوێنەری کوردی کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP