خەلیل عەبدوڵڵا
فەیروز، هونەرمەندێكی مەزنو ناوداری لوبنانییە، خزمەتێكی زۆری بەكاروانی هونەری لوبنانیو مرۆڤایەتی كردووە، شوێن پەنجەی بە نوێكردنەوەو گەشەپێدانی سترانی عەرەبییەوە دیارە.
نوهاد رزق وەدیع حەداد ناوی تەواوی ئەو هونەرمەندەیەو بە (فەیروز) ناسراوە.21ی تشرینی دووەمی 1935 لەشاری بەیروتی پایتەختی لوبنان لە دایك بووە.لە ئامێزی خێزانێكی ئاشووری پەروەردە بووە، باوكی كرێكاری چاپخانەو دایكی كابانی ماڵ بووە.
فەیروز هەر لە منداڵییەوە خولیای هونەری گۆرانی بووە، هێشتا خوێندكاری قۆناغی سەرەتایی بوو، سروودە نیشتمانییەكانی دەوتەوە، بەدەنگە بەسۆزەكەی بوو بووە جێی سەرنجی مامۆستای هونەرو بەدەنگخۆشی قوتابخانەكەی ناودێری كرد.
ساڵی 1946 لە یەكێك لە ئاهەنگەكانی قوتابخانەیەكدا، سروودێكی پێشكەش كرد، محەمەد فلێفل ژەنیارو ئاوازدانەر بەدەنگی فەیروز سەرسام بوو، داوای لێكرد بچێتە پەیمانگای موزیكو بۆ ئەوەی ئاشنا بێ بە زانستیی هونەری گۆرانیو موزیك، فەیروز بەو داوایە خۆشحاڵ بوو، بەڵام باوكی ڕازی نەبوو كچەكەی بچێتە ئەو پەیمانگەیەو دواتر لەبەردەم خەڵكدا گۆرانی بڵێ، بەڵام محەمەد فلێفل توانی باوكی ڕازی بكات بەوەی كە فەیروز تەنها سروودی نیشتمانی بڵێو ئیدی باوكی بەو مەرجە ڕازی بوو كە جۆزیفی برای لەكاتی خوێندن لەو پەیمانگەیە لەگەڵیدا بێت، ئیدی فەیروز چووە ئەو پەیمانگەیەو لەوێ هونەرەكانی گۆرانیو موزیكی خوێندو سوودی لێوەرگرت.
شوباتی 1950 پەیوەندی بەتیپی (برایان)ی ڕادیۆی لوبنانەوە كرد، ئەو تیپە سروودی قوتابخانەو سروودی نیشتمانی پێشكەش دەكرد. حەلیم ئەلڕۆمی سەرۆكی بەشی میوزیكی ڕادیۆی لوبنان بەدەنگی نوهاد سەرسام بوو، نازناوی فەیروزی پێبەخشیو ئیدی بەو نازناوەوە ناسرا.
سەرەتای نیسانی 1950، ئەلڕۆمی ئاوازی بۆ یەكەم گۆرانی فەیروز بەناوی (تركت قلبی) دانا، ئیدی ساڵی 1952 گۆرانییەكانی لە سەر كاسێت تۆمار دەكرد، دواتر عاسی ئەلڕەحبانی هونەرمەندی موزیسیانی ناسیو لەگەڵ ئەودا دەستی بەكاری هونەری كردو كەوتە داوی خۆشەویستی ئەوەوەو خۆشەویستییەكە بە هاوسەرگیری كۆتایی هاتو ساڵی 1955 زەماوەندیان كرد.
ئەلڕەحبانی ڕۆڵی دیاری هەبوو لە گەشەپێدانی هونەریو ناساندنی فەیروز بە هەموو جیهان.
فەیروز ، بە دەنگە هێمنو نەرمەكەی توانی شۆڕشێك لە گۆرانی عەرەبیدا بەرپا بكات گۆرانی كورتو ماناداری پێشكەش كرد، كە پێشتر گۆرانییەكان درێژ بوون، بەوەش هەوادارێكی زۆری لە دەوری خۆی كۆكردەوە.
فەیروز گۆرانی نیشتمانیو نەتەوەیی بۆ لوبنانو فەلەستین وتوە، گۆرانی بۆ خۆشەویستیو بۆ منداڵانو بۆ مرۆڤایەتی وتووە.
تا ئێستا خاوەنی 62 ئەلبوومی گۆرانییە، كە نزیكەی 800 گۆرانی لەخۆگرتووە، ئەلبوومی ( لە خەیاڵمە) دوا ئەلبوومی گۆرانی بوو.
لەدوای كۆچی دوایی (عاسی ئەلڕەحبانی) هاوسەری، فەیروز لەگەڵ چەند ئاوازدانەری دی وەك (فێلمون وەهبەو زەكی یاسین) كاری كردووەوچەندین گۆرانی ناوازەی پێشكەش كردووە.
زیادی كوڕیشی هونەرمەندو ئاوازدانەرێكی بەتوانا بووەو پشتیوانێكی بەهێزی دایكی بووەو چەندین ئاوازی بۆ گۆرانییەكانی داناوەو بەشێوەی كۆنسێرت لەگەڵ ژەنیارانی ئەرمەنیو سوریو لوبنانی پێشكەش كراون. لە دیارترین ئەو كۆنسێرتانە ئەمانەن (چۆنی تۆ؟، فەیروز لە بەیتەدین2000، بەڵێ هیوا هەیە، لەبیرمە).
فەیروز وەك هونەرمەندێكی گەردوونی ناسراوە، هەر بۆیەش لە سەرانسەری وڵاتانی گۆی زەویدا ئاهەنگی گۆرانی پێشكەش كردووەو خاوەن هەوادارو جەماوەرێكی زۆر بووەو ئێستاش خاوەنی گوێگرو هەواداری تایبەتی خۆیەتی.
فەیروز گۆرانی بۆ پادشاو سەرۆكەكان نەوتووە، بەڵكوو گۆرانی بۆ خەڵكو نیشتمانو ڕەنگە جیاوازەكانی وتووە، خاوەنی نزیكەی 800 گۆرانییە،هەر بۆیەش هونەرمەندێكی خۆشەویستی هەمووان بووە.
فەیروز لوبنانی زۆر خۆشویستووە، بەدڵ گۆرانی بۆ وتووە، سەرەڕای ئەوەی (لەیال)ی كچی لەشەڕی ناوخۆی لوبناندا لە ماڵەكەی خۆیدا بە بۆردوومان گیانی لە دەستدا، ئەو ڕووداوە برینێكی قووڵی لە دڵیدا جێهێشت،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵی نەهات لوبنانی زێدی خۆشەویستی بەجێبهێڵیو لە ژێر ئاگری شەڕی ناوخۆدا ژیانی بردەسەر.
لەماوەی شەڕی ناوخۆدا بە بێدەنگی ماوەیەو هیچ گۆرانیو سروودێكی نەوت، لەبەرئەوەی نەك بەقازانجی یەكێك لە لایەنە شەڕكەرەكان لێكبدرێتەوە!
هەر بۆیەش بە هونەرمەندی هاوبەشو ناوكۆییو خۆشەویستی هەمووانو نیشتمانو مرۆڤایەتی مایەوە.
فەیروز لە ساڵانی (1962-1977) لەناو شانۆگەرییەكانو لەسەر تەختی شانۆ نزیكەی 15 گۆرانی وتووەو گۆرانییەكانی هێندە جوانو كاریگەربوون ، بە شاژنی شانۆ وەسفیان كردووە.
فەیروز كەسایەتییەكی فرە بەهرە بووە، بێجگە لە هونەرەكانی سروودو گۆرانیو شانۆ، بایەخیشی بەهونەری سینەما داوەو وەك ئەكتەری سەرەكی لە چەند فیلمێكدا ڕۆڵی دیاری بینیوەو بەشداری ئەم فیلمانەی كردووە: (فرۆشیاری ئەنگوستیلە 1965، كۆچی بە كۆمەڵ 1967، كچە پاسەوان 1967).
فەیروز وەك پێشكەشكاری هونەری بەرنامەی تەلەفزیۆنی لە تەلەفزیۆنەكانی لوبنان پێشكەش كردووە، لەوانە: (بازنگ 1963، دەفتەرەكانی شەو 1973).
فەیروز وەك هونەرمەندێكی گەورەو ناوداری نێودەوڵەتی ناسراوە، هەر بۆیەش میدیای جیهانی بایەخی زۆری پێداوەو تیشكی خستۆتە سەر ژیانو بەرهەمەكانیو چەندین چاوپێكەوتنی ڕۆژنامەوانیو تەلەفزیۆنیان لە گەڵدا ئەنجام داوە. چەندین فیلمی دیكۆمێنتاری لەسەر ژیانی تایبەتیو هونەری بەرهەمێنراوە، لەوانە (فیلمی ژیانی فەیروز لە كەناڵی 8ی فەرەنسی، فیلمی دراوسێی مانگ لە كەناڵی ئەلجەزیرە، فیلمی خاتوو فەیروز لە كەناڵی جەدیدی لوبنانی)و چەندانی تر.
بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرانەی فەیروزی هونەرمەندی ناودارو ئەفسانەیی لە بواری گۆرانیو میوزیكو هونەرە جوانەكانی دیكەدا پێشكەش بە وڵاتەكەیو مرۆڤایەتی كردووە، چەندین جار لە سەر ئاستی ناوخۆو جیهان خەڵاتی بەهاداری پێبەخشراوە، لەوانە (خەڵاتی فەیلەقی شانازیی فەرەنسای دووجار پێبەخشراوە، یەكەمیان لەساڵی 1988 لەلایەن جاك شیراكی سەرۆكی فەرەنسا، دووەمیان ساڵی 2020 لەلایەن ئیمانۆیل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا، ئەوە مانای بایەخی فەرەنساو مایەی شانازییە بۆ فەیروز كە دوو جار ئەو خەڵاتەی پێبەخشراوە، خەڵاتی پێشەوای هونەرو وێژەی فەرەنسای ساڵی 1988ی لەلایەن فرانسۆ میترانی سەرۆكی فەرەنسا پێدراوە، خەڵاتی كلیلی شاری لاس فیگاسی ئەمریكا ساڵی 1999)و چەندان خەڵاتی دیكەی نێودەوڵەتیی پێبەخشراوە.
هەروەها خەڵاتی درەختی ئەرزی لوبنانی ساڵی 1963ی بە پلەی سوارچاكو خەڵاتی میدالیای ئاڵتوونی ساڵی 1975ی شا حسێنی ئوردنی پێدراوە.
ساڵی 2005 زانكۆی ئەمریكی لە لوبنان نامەی دكتۆرای شانازی پێبەخشیوە.
فەیروز، كە ئێستا تەمەنی هەشتاو هەشت ساڵەو هەشتا ساڵی ئەو تەمەنە بەپیتەی بە كایەكانی كولتوور بەخشیو لە لوتكەی داهێنانو ئەفراندنی هونەریدا وازی لە هونەری گۆرانی وتن هێناو وەستا، ئێستا وەك سیمبولێكی درەوشاوەی هونەری عەرەبیو مرۆڤایەتی بەسەركەشی ماوەتەوەو جێگەی شانازیی هەموانە.