دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14/12/2023

حکومەتی ئێران چوار مامۆستای ئایینی کورد یانزە ساڵ سزادەدات

هەرێم نیوز

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەکانی ئێران چوار مامۆستای ئایینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتۆمەتی جۆراوجۆر و بەگشتی بۆ یانزە ساڵ سزادەدات.

بەگوێرەی هەواڵی پێگەی کوردپا، دادگای تایبەتی ڕۆحانییەکان لە شاری ورمێ، هەر یەک لە مامۆستایان(مامۆستا یونس نوخا،مامۆستا شەریف محەممەدپوور، مامۆستا سلێمان ئەحمەدی،مامۆستا جەمالەدین واژەی) کە هەر چواریان خەڵکی شاری پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، بەتۆمەتی وەکو؛ دژایەتی ئەمنییەتی نەتەوەیی، فریودانی ڕای گشتی، واژۆکردنی بەیاننامەی مامۆستایانی بۆ پشتیوانی لە جووڵانەوەی ژن ژیان ئازادی و پاشان بەتۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان سزادراون.

سزای ئەو مامۆستایانەش بەمشێوەیەیە، یونس نوخا بە سێ ساڵ،شەریف محەممەدپوور بە چوار ساڵ و هەر یەک لە سلێمان ئەحمەدی و جەمالەدین واژی بە دوو ساڵ سزادراون.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەکان لقێکە لە دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران کە تایبەتکراوە بە لێپێچوونەوە و سزادانی توێژی مامۆستایانی ئایینی لە ئێراندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP