نوسین؛ هێژا دڵشاد
بۆچونێك هەیە لەسەر ئەو كەسانەی بەبێ هۆكار ئازاری ئاژەڵ دەدەن کە ئەوانە كەسانی مەترسیدار و دەرون نەخۆشن! تەنانەت ئەگەر بۆیان رێبكەوێت ئازاری مرۆڤیش دەدەن و چێژیش لەوە دەبینن.
وتەیەكی ناوداریش هەیە دەڵێت "ئەوەی ئاژەڵی خۆشنەوێت، ئەوا مرۆڤیشی خۆشناوێت".
لە توێژینەوەیەكی ئەم ساڵانەی دوایدا، دەزگای لێكۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریكا (ئێف بی ئای) ئاشكرایكرد، بەدواداچون بۆ ئەو كەسانە دەكەن كە ئازاری ئاژەڵان دەدەن و بەوردی چاودێرییان دەكەن، تاكوو هەڵسەنگاندن بۆ لایەنی دەرونى كەسە بكەن جا وەك تاوانبارێك ياخوود گومانلێكراوێك مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی ئەو كەسانە دەكرێت.
لە دیمەنێكی فیلمی (Prisoners) ئەو راستییەمان بۆ نیشاندەدات كە پەیوەندییەك لەنێوان كەسی سایكۆپات ياخوود تاوانبار هەیە بەتایبەت ئەوانەی ئازاری ئاژەڵ دەدەن. ئەمەش توێژینەوەكەی ئێف بی ئای پشتڕاسدەكاتەوە.
ئەم فیلمە لەساڵی 2013 بەرهەمهاتووە، لە تایپی درامی –تاوانكارییە. ریتینگی 8.1 و براوەی چەند خەڵاتێكە.
جەیك جیلنهال ئاكتەری ناوداری ئەمریكی لەم فیلمەدا رۆڵێكی ناوازە وەك پۆلیسی لێكۆڵەر دەگێڕێت، كە بەدواداچون لەدۆسیەی كیژۆڵەیەكی ون بوو یاخوود رفێندراو دەكات، تا رادەیەك چیرۆكی ئەم فیلمە ئاڵۆزە و بینەر رادەكێشێتە ناو وردەكاری رووداوەكانی فیلمەكەوە، جەیك زۆر بەوردی بەدواداچونی خۆی دەكات تاكوو دەگات بە تاوانبارەكە و كەيسى ونبونى دەيان مناڵى شارۆچكەكە ئاشكرادەكات.
لە گرتەیەكدا كارەكتەری جەیك وەك پۆلیسێكی لێكۆڵەر، بە نهێنی بەدوای كەسێكی گومانلێكراو بە دۆسیەی مناڵ رفاندن دەكەوێت، شەوێك دەبینێت كەسە گومانلێكراوەكە بە تاریكی و دوور لە چاوی هەمووكەس ئازاری بەچكە سەگێك دەدات و بۆ ماوەی چەند دەقەیەك لەم ئازاردانە بەردەوامدەبێت و چێژی لێدەبینێت.
ئازاردانی ئاژەڵێكی بێتاوان و بێ زمان لەلایەن كەسێكی پێگەیشتووەوە، سەرنجی لێكۆڵەرەكە رادەكێشێت كە دڵنیابێت لەوەی بەدوای كەسە راستەكەوەیە و لە كۆتایی فیلمەكەش پۆلیسەكە دەگاتە تاوانبارەكە و شوێنی مناڵەكان دەدۆزێتەوە.
ئەم فیلمە دەرونشیكارییەكی روونە لەسەر پەیوەندی نێوان بكوژ یان ئەو سایكۆپاتانەی كە ئازاری ئاژەڵ دەدەن.
هەرێمی كوردستان بەدەر نیە لە كەسانی سایكۆپات و دەروننەخۆش، كە بەبێ هۆ ئازاری ئاژەڵان دەدەن، رۆژانە دیمەنی ئازاردانی سەگ و پشیلە و ئاژەڵانیتر لە سۆشیال مێدیا بڵاودەكرێتەوە بەداخەوە سەرەڕای هەبونی سزای ئازاردنی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان، بەڵام تاكو ئێستا پۆلیس بەدواداچونی تەواو بۆ ئەم جۆرە دیاردانە ناكات و تاوانبارانیش بە سزا ناگەیەنرێت و بڕگەكانى ياساكە جێ بەجێ ناكرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك رێكخراوی ئاژەڵدۆست و كەسانی هوشیار هەن بەردەوام لە سۆشیال مێدیا كەمپینی پاراستنی ئاژەڵان رادەگەیەنن و كاردانەوەیان لەسەر ئەو جۆرە گرتانە هەیە كە تیایدا ئازاری ئاژەڵ دەدرێت.
ئازاردانی ئاژەڵ لەلایەن هەر كەسەوە بێت، ئاكتێكی كریمیناڵە و پێویستە بەجدی لەلایەن هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنییەكانەوە وەربگیرێت و بەدواداچون ورد لەسەر ئەو كەسانە بكرێت كە ئازاری ئاژەڵ دەدەن و چێژ لەو ئازاردانە وەردەگرن! ئازاردانى ئاژەڵ بەتايبەت سەگ رادەبەدەر زۆر بووە لەلايەن كەسى سايكۆپات و ناھوشيارەوە زۆر جار ديمەنى دڕندانە دەبينين، كە دواڕادە جێى نيگەرانىيە، بەدوور نييە كەسى سايكۆپات لێكەوتەى خراپتر و تاوانى گەورەترى لێبوەشێتەوە.