هەرێم نیوز
قائیمقامییەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە رایگەیاند، دوای ئەوەی ناڕەزایی هاوڵاتیانی لەبارەی بەڕێوەچونی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە پێگەیشتوە، هەوڵیداوە بەدواداچون بۆ کارەکان و ناڕەزایی هاوڵاتیان بکات، بەڵام بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دور لە هەمو دیسپلینێکی سەربازی و ئیداری وەڵامی قائیمقامی هەڵەبجەی داوەتەوەو "هەوڵیداوە پشێوی دروست بکات".
قائیمقامییەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە لە رونکردنەوەیەکدا باسی لەوەکردوە، "لە ماوەی رابردودا سکاڵایەکی زۆری هاوڵاتیان لەڕێگەی نامەو تەلەفۆنەوە بۆ قائیمقامییەتمان هاتوە، سەبارەت بە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە، ئەمڕۆ نوخشە ناسح، قائیمقامی هەڵەبجە بەمەستی بەدواداچون بۆ سکاڵای هاوڵاتیان و چۆنییەتی رایکردنی مامەڵەکانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجەی کرد و داوای لە بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە کردوە کە بەیەکەوە بچن گوێ لە سکاڵای ئەو هاوڵاتیانە بگرن کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکەی دەکەن تا لەنزیکەوە لە کەموکووڕییەکان بکۆڵنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەڵەبجە دور لە هەمو دیسپلینێکی سەربازی و ئیداری وەڵامی قائیمقامی هەڵەبجەی داوەتەوەو "هەوڵیداوە پشێوی دروست بکات"، هاوکات قائیمقامی هەڵەبجەش پارێزگارو سەروخۆی لەم کارە ئاگادار دەکاتەوە، داواش دەکات لێپرسینەوە لەو بەڕێوەبەرە بکرێت کە کەمتەرخەم بووە بەرانبەر هاووڵاتیان و ئەرکەکەی.