هەرێم نیوز
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم لە هەولێر لەڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەی فەرمانی گرتنی وەهاب هەڵەبجەی فەرماندەی دژە تیرۆری سلێمانی لەگەڵدا هاوپێچ کراوە کە لەلایەن ئاسایشی هەولێر وەک فەرمانێکی نێودەوڵەتی دەرکراوە داوا دەکات ناوبراو ڕادەستی یاسا بکریت.
دەقی پەیامەکە بخووێنەوە
راگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستانەوە
بەداخەوە ماوەیەکە لە سنوری دەڤەری سلێمانی ، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی و حزبیی و کەسییەکان ، رۆژبەرۆژ روو لە زیادبوونە لە کاتێکدا پێویستە دەزگای ئەمنیەکان کە دەزگای فەرمی حکومەتن ، ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نشتیمان و سەرومالی هاولاتیان و پارێزگاریکردن لە دۆخی پێکەوە ژیان و ئاسایش و ئاشتی کۆمەلایەتی بێت و نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی ببێتە دەزگایەکی کەسیی و بە مەبەستی تایبەت بلاوبکەنەوە لەو روانگەیەوە رایدەگەیەنین کە هەندێک تۆمەتباری داواکراو لە لایەن دادگاوە هەن پێویستە رادەستی یاسا بکرێن و لە بەردەم دادوەردا ئامادە بن تا دادگا رێکاری یاسایی خۆیی بەرامبەریان بگرێتە بەر.
بە پێچەوانەوە ئامادەنەبوون لە بەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاری دادگا و رادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا ، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حالەتەکانی تیرۆر و کوشتن و رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات و کۆمەلگە بە گشتی، لە ترس و دلە راوکێ نائارامیدا بێت
سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان