دێرین حەمید
کاتێک لە ساڵانی شەستەکانی سەدای بیستدا فرانکفۆرتییەکان دەربارەی پیشەسازی هونەر دووان و مەترسییەکانی بازاڕیان لەسەر بەرهەمی هونەری دەخستە ڕوو شیکاریان دەکرد و رەخنەیان دەگرت؛ هێشتا هونەر نە گەیشتبووە ئەم ئاستەی ئێستا کە تێیدا ئەستێرەی سۆسیال میدیا جێی ئەکتەری گرتبێتەوە؛ چەمکی بەرهەمهێنان جێی داهێنان/خەلق'ی گرتبێتەوە و کڕیار/فرۆش جێی بینەری گرتبێتەوە.. بەرهەمهێنەر جێی دەرهێنەر...
ئەمڕۆ سینەماکانی دونیا و ڕۆژنامە هونەری و رەخنەگرەکانی بواری سینەما لەبەردەم سەردەمێکی نوێدان؛ نوێ بەمانای ئەوەنا کە یەکەمجاربێت دنیای هونەری سینەما بەرامبەر پیشەسازی سینەما رووبەرو ببنەوە؛ نوێ بەمانای ئەوەی کە لە یەک کاتدا ئێمە لە نێو هۆڵەکانی سینەما دەتوانین بینەری دوو فیلم بین؛ دوو فیلم کە دوو لە گرنگترین دەرهێنەرەکانی ئەمڕۆ هەریەک لە Greta Gerwig
و Christopher Nolan
لەیەک کاتدا دوو فیلم یەکێکیان "باربی" بە بەهێزترین جۆری بەرهەمهێنان و پاڵپشتییەکی بێسنوری میدیای و بەبازاڕکردن و بە بەشداری کۆمەڵێک ئەستێرەی دیاری هۆلیود لە بەرزترین کوالیتی هونەری بازرگانیدا نمایش دەکرێت و لە هەفتەی یەکمی نمایشیدا توانیوێتی زیاتر لە سەد و چل ملێۆن دۆلار فرۆشی هەبێت.
لەبەرمبەریدا فیلمی سینەمایی ئۆپنهایمەر کە لە بەرزترین ئاستی هونەریدا یەکێک لە گرنگترین دەرهێنەرانی ئەمڕۆ لە فۆرمێکی تەواو هونەریدا دەرهێنانی بۆکردووە و بە بۆچونی زۆربەی رەخنەگران و رۆژنامە رەخنەییە هونەرییەکان دەکرێت وەک فیلمی سەدە دەستنیشان بکرێت؛ توانیوێتی لە هەفتەی یەکەمی نمایشیدا نزیکی هەشتا ملێۆن دۆلار بفرۆشێت.
وەک ئەوەی پێبشینی دەکرێت فرۆشی باربی بەردەوام زیاتربێت و دەکرێت چەندین ملێۆن دۆلار پێش ئۆپنهایمەر بکەوێت؛ بەڵام لە راستیدا ئەکرێت بەرهەمێکی بازرگانی لە روی فرۆش و داهات و ژمارەی بینەرانییەوە چەندین بەرامبەری بەرهەمێکی هونەری بێت بەڵام گرنگترین خاڵ بوون و ئامادەیی هونەری رەسەنە بەرامبەر ئەو تەوژمە بازرگانییەی کە ئەمڕۆ لە لایەن کۆمپانیاکانی بەرهەم هێنانەوە برەوی پێدەدرێت.