دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 27/06/2023

دونیا تەختی شانۆیە

هێمن ئەبدولقادر

لەشانۆگەرییەکدا، وەک ئەکتەر بەشداربووم ، ڕۆژێک لەکاتی ڕاهێناندا دەرهێنەرەکە، قەلەم و کاغەزێکی دایە دەستم وتی وەرە پشویەک وەرگرە و لەسەر کورسی بینەرەکان دابنیشە و هەر تێبینییەک کە هەتە بینووسە:-
ڕۆشتمە ناوەڕاستی هۆڵەکە قەڵەم و کاغەزم لەسەر کورسیەکەی تەنیشتم دانا ، هەردوو قۆڵم بێ ئاگایەنە لێکئاڵان و خەیاڵێکی قوڵ قوڵ بردمییەوە :-
ئاااایی من ڕۆڵی ئەو کچەم لەسەر تەختی شانۆکە چەند پێجوان بوو ، ئاخر ئەو کچە لە شانۆگەریەکەدا دەبێت ئاگای لەدایک و باوکی بێت ، دەبێک وەک باڵندەیەک بەدوای هاوسەرێکدا بگەرێت ، دەبێت بۆ قەرزاری براکانی بگری ، دەبێت حەبەکان لە کاتی خۆیدا بدات بە نەخۆشەکان ،ڕۆڵی ئەو کچە زۆر جوان بوو ئەو ئەبوایە هەرگیز باسی ئەو منداڵەی نەکردایە کە مێردە کۆنەکەی لێی سەندبوەوە ، نەئەبوو زۆر بجێتە دەرەوە چونکە تازە لە هاوسەرەکەی جیابووە ، ئەو کچە چ ڕۆڵێکی دراوەتێ خودایە ، نازانێ پرچی سپی بۆ کام خەمی بهۆنێتەوە و بیکات بە تارای بوکێنی ، لەسەر تەختی شانۆکە هاوارەکات و کەس لێی تێناگات، لەژێر تارای بوکێنیەکەیدا هەموو شتێک تێکەڵ بووە ، سورمە و حەسرەت ، ئەشک و ئەوین ، جێهێشتنی باوکە نەخۆشەکەیی و جێهێشتنی تانەی خەڵکەکەی کە بۆ کەس نەهاتە خوازبێنی ، خودایە من ڕۆڵی ئەو کچەم چەند بەدڵە
...........................
ئەگەر یەکێک لەماڵەوە کەتنێکی بنایەتەوە دەبوو ئەو بیپۆشێ ، وەختێک لەدەرەوە سوکایەتی بەهەر کەسێک بکرایە دەبوو ئەو لەمالەوە بیلاوێنێتەوە ، حەمام و شانە و پەشتەماڵ و سفرەڕازاندنەوە و ئاوگرتن و ئەرکی ئەو بوو ، ئەو هەر لە سەرەتای کارەکەوە دەبێت ماڵئاوایی لەهەموو شتێک بکات، ئەو دەبوو وەک (مەریت) ئەوکاتەی لە ئارایشتگا دێتەوە بزانێت بۆ ئاهەنگی مەرگی دەبەن نەک ژیان ، من باسی ئەو ژنەتان بۆ ئەکەم کە لەسەر تەختی شانۆکە ڕۆڵی (دایک)ی پێدرابوو، داایییییک
....................
ڕۆڵی کارمەندەکە ، هی فەرمانبەرەکە ،هی ئەفسەرەکە ، هی دکتۆر و موراجیع و مامۆستای زانکۆکە ، هی خوێندکار و بەرێوبەرەکە هی هەموویان جوان بوو.

هەمووان لەسەر تەختی شانۆکە، کە سبەینان زوو دەوام دەستی پێئەکرد هەمووان بەشەر و دەنگەدەنگ لەمالەوە دەهاتنە دەرەوە ،

بەلام لە شوێنی کارەکانیان بۆ ئەوانی تر ناسک ئەبونەوە ، لە حەوت و چارەکەوە ماستاو و دەرباریی و و نانی ڕسوایی دەستی پێئەکرد ، نزیکەی دوانزە کەفەکەی ئەنیشتەوە ، ئەو ڕۆڵە چەند جوان بوو کەهیچ کات پشتی نەئەبەست بە توانا و سەلیقە و لێهاتوویی ، هەمیشە پشتی ئەبەست بە پیاهەڵدان و ماستاو و تەنورەی کورت و شەوانی سوور و پارچەیەک کاغەزەی بچووک لەسەری نوسرابوو (عایدی خۆمانە).
ــــ
ئای ، ئەو ڕۆڵە چەند جوان بوو ئەو ژنانەی کە لەمالەوە نانێکیان نەئەدا بە منداڵ و هاوسەرەکانیان ، بەڵام هەمیشە ماشێن و کۆستەرەکانیان ئامادە بوو بۆ جێشتخانە و بانگهێشتەکان ، ڕۆڵی ئەوانە چەند جوان بوو ، کە نوسراوی هاوڵاتیەکیان بەمانگێک پێ جێبەجێنەئەکرا ، بەڵام بانگهێشتنامە و وێنەگرتن و بۆنە حیزبی و کۆمەڵایەتی و خێڵەکیەکانیان بە سەعاتێک ئەنجام ئەدا ،

ئەوانەی وێنەیەکیان لەگەڵ هاوسەر و مندالەکانیان نیە بەڵام سەدانیان لەگەڵ خەڵکی تر هەبوو ، ئەوانەی لەماڵەوە زمانیان پڕە لەدڕک و لە شوێنی تر پڕە گوڵ و نەرم و نیانی ، من ڕۆڵی ئەوانەم چەند بەدڵ بوو چ ئەکتەرێکی گەورە و مەزن بوون خودایە ، هەموو شتێکیان ئەکرد بۆ ئەوەی لەسەر شانۆکە جێنەمێنن
.....................................
خەریکە منیش لەیادی ئەکەم ، ئەو منداڵە !

ڕاستە بە تەمەن بچوکە بەس ڕۆڵەکەی زۆر جوانە ، چەندجارێک دایکیان فڕێ نەداوەتە دەرەوە بەهۆی ئەوەوە ، ڕۆڵی ئەو منداڵە چەند جوانە ، کە شانۆگەرییەکە وەک جوجک هەڵیان دێنێت بۆکۆڵان، چەند جوانە ئەو منداڵە ژمارەیان ئەوەندە زۆر بووە ، دایک و باوکیان بۆ ئەوەی ماچێک بە ئیسراحەت بگرنە یەک ، هەر دانەیان ئەنێرن بۆ شوێنێک ،من ئەم منداڵەم چەند خۆش ئەوێت، کاتێک لەماشێنی ئوتومبێلەکەوە چاوەکانی باوکی دەبینێت چۆن بۆ قەرەجێکی سەرجادە ئاوڕ دەداتەوە ، من ڕۆڵی ئەم مندالەم چەند پێجوانە وەختێک باوکی ئەڕواتە دەرەوە سەد دوعا لەو پیاوە ئەکرێ کە لەسەر پڕۆفایلەکەی دایکی نوسراوە (هەناسەکەم) ئای خودای من چ زوو لەبیرم کرد ئەو مندالە
...........................
تەنها کەسێک کە نەیتوانی ڕۆڵێکی باش بگێڕێت ئەو ئەکتەرەبوو کە ڕۆڵێکی ڕامیاری پێدرابوو ، چونکە ئا لەو کاتەی کە ئەبوو بلێت (بەناوی نیشتیمانەوە) خۆنەویستانە بزەیەکی پێکەنین ئەیگرت ، هەر خۆی ئەیزانی بەناوی ئەم وشەیەوە چؤن سواری کۆی شانۆگەریەکە بووە ،
گوێم لە دەنگی چەپڵەیەکی قایم بوو (چیت نووسیوە) وەرەبزانم ، لەدەنگی دەرهێنەر بەئاگا هاتمەوە

وتم (هیچ) یەک وشەشەم نەنوسیوە ، خەیاڵ نەیهێشت فریای نووسین بکەوم هەر ئەوەندەی کەگیرامەوە ، ئاخر هەندێک خەیاڵ ناکرێت بە ووشە و نوسین ، لەکەللەدا دێت و دەچێت ، خەیاڵ وێڵاشی ببڕیت دەمرێت ، هەندێک خەیاڵ هەیە گەر لەبار نەبرێت ، ئاشووب دەنێتەوە
من لەو کاتەوە وەک گەماڵێکی پیر لەو سوچەدا کەوتووم ، خەریکم ددان و نینۆکەکانم ئەژمێرم بۆ ئەوەی بزانم بەکەڵکی پالاماردانێکی تر ماون یان چاوەڕێبم تا فریشتەی خەیاڵ ڕۆحم دەکێشێت.
( دونیایە تەختەی شانۆیە ، ژنان و پیاوان هەموویان ئەکتەرن ، هەموو مرۆڤێک لە ژیانیدا ڕۆڵی زۆر دەگێڕێت)
پەرەدەکان دایەنەوە ، کاتی پشووە (ئەم دەمامکانە بکەون هەموومان ئابڕومان دەجێت)

نوقتە سەری دیڕ .....



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP