دواین هەواڵ

جیهان‌

 03/03/2023

ئەمریکا کۆمپانیایەکی سویدی سزادەدات

هەرێم نیوز

ئەمریكا سزا بەسەر كۆمپانیای ئەریكسۆنی سویدیدا دەسەپێنێت، بەهۆی بەرتیلدان بە تیرۆریستانی داعش لە ناو خاكی عێراقدا.

بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، وەزارەتی دادی ئەمریکا لەسەر دۆسیەی گەندەڵی لە عێراق، بە زیاتر لە ٢٠٦ ملیۆن دۆلار کۆمپانیای ئەریکسیۆنی سزادەدات و ناچاری دەکات ئەو بڕە پارەیە بدات.

لە ڕاگەیەنراوى کۆمپانیای ئیریکسۆن کە شەوی رابردوو (3/2ـی ئاداری 2023) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە، کە بە بڕی 206 هەزار و 728 هەزار و 848 دۆلار سزای دارایی دراون.

کۆمپانیای ئێریکسۆن تۆمەتبارە بەوەی کە دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی کە پەیوەندی بە پێدانی بەرتیلەوە هەیە لە عێراق ئاگادار نەکردووەتەوە.

دەسەڵاتی دادوەری جیهانی لە زۆر بواردا رێگە بە دەسەڵاتی دادوەری ئەمەریکا دەدات زۆرێک لە دامەزراوە و کۆمپانیا بیانییەکان دادگایی بکات.

ئاژانسی فرانس پرێس لەبارەی وروژاندنی ئەم پرسەوە روونیکردەوە، کە ئەم پرسە لە مانگی شوباتی 2022 بە بڵاوکردنەوەی راپۆرتێکی لێکۆڵینەوە بە هەماهەنگی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسانی بنکۆڵکاری هاتووەتە ئاراوە.

بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتە وایکرد کۆمپانیای ئیریکسۆن ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆیی بڵاوبکاتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2019، کە تێیدا ئاماژە درابوو بە ئەگەری بوونی گەندەڵی لە چالاکییەکانی کۆمپانیاکە لە عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا. 

ئەوەش لە کاتێکدایە، کە کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٩دا یەک ملیار دۆلاریدا بە دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکا، تا لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی گەندەڵی لە جیبۆتی و چین و ڤێتنام و ئیندۆنیزیا و کوەیت رابگرێت.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP