هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كەمپینێكی (10) رۆژی بۆ پاراستنی سلێمانی لەخواردنی ناتەندروست رادەگەیەنێت، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لەخاوەنكارەكانو دانیشتوانی سلێمانی دەكات هاوكاریان بن لەسەرخستنی كەمپینەكەدا.
د.سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند: بەمەبەستی پاراستنی شاری سلێمانی لەخۆراكی ناتەندروست، بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی كەمپینێكی (10) رۆژی دەستپێدەكات.
وتیشی: "سلێمانی لەسەر ئاستی هەموو عێراق لەپێشەوەی هەموو شارەكاندا لەڕووی پاكو خاوێنو خۆراكی تەندروستەوە، ئامانجی ئەم كەمپینەش ئەوەیە ئەو ریزبەندییە بەوشێوەیە بمێنێتەوەو باشتریش بكرێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، كەمپینەكە (107) تیم لەخۆدەگرێتو زیاتر لە 320 كارمەندی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانیو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیو نزیكەی 35 ئۆتۆمبێل بەشداری تێدا دەكەن.
ئەوەشى خستەڕو، كەمپینەكە هەردوو ئەركی پشكنینو هۆشیاركردنەوە جێبەجێدەكاتو (4) هەزار شوێنی دروستكردنی خواردنو خواردنەوە لەنێویشیاندا (500) خوێندنگە پشكینیان بۆ دەكرێت، هاوكات (500) نموونەی خۆراك وەردەگیرێت، سەرباری چێككردنی مۆڵەتی كاركردنو پشكنین بۆ كارمەندەكان. داواشی لەلایەنە ئەمنییەكانو خاوەنكارەكانو دانیشتوانی سلێمانی كرد، هاوكاریان بن بۆئەوەی كەمپینەكە بەئامانجەكانی خۆی بگات.
ڕونیکردەوە، "بەداخەوە زۆرجار رێگەنادەین خواردنێك بهێنرێتە ناو شاری سلێمانی، بەڵام لەمەرزێكی دیكەوە داخڵدەكرێتو دەهێنرێتەوە ناوشار، بەڵام هەر بەوەوە ناوەستین لەڕێگەی لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیو لیژنە تایبەتەكانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو خواردنە دەكرێت كە لەناوبازاڕدایە".
وتیشی: "ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی كە بودجە نییە هەندێك لەكۆمپانیاكانی دەرمان گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی نەكردووە بۆئەوەی دەرمان لەدەرەوە بهێنن، تەنیا ئەوان بەشدارییان كردووە كە دەرمانی هەبووەو دەیانەوێت ساغ بكرێتەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە كێشەی دەرمان دروست دەبێت".
سەبارەت بەفەتوای د.عەلی قەرەداغی لەبارەی رێككەوتنی نێوان پزیشكو پزیشكی دەرمانساز، د.سەباح هەورامی وتی: "بەپێی ئەو فتوایەی د.عەلی قەرەداخی بێت، زیاتر لە 70%ی ئەو پارەیەی كە ئەوان وەریدەگرن حەڵاڵ نییە، لەبەرئەوەی بەدڵنیاییەوە رێككەوتن لەنێوان پزیشكانو پزیشكانی دەرمانساز هەیەو لەسەر شانی نەخۆشە، ئەم بابەتەش چارەسەر دەكرێت، ئەگەر نرخەكان رێكبخرێت، بەڵام تائێستا حكومەت هەنگاوی پێویستی نەگرتۆتەبەر".