هەرێم نیوز
ئاژانس وزەى جیهانى بڵاویکردەوە عێراق کار بۆ ئەوە دەکات سوتانى بێسوودی غازى ساڵانەى کەمبکاتەوە بەڵام هەنگاوەکانى زۆرهێواش و لەسەرخۆن، بەگوێرەى راپۆرتى ئەو ئاژانسە ساڵانە 12 ملیار مەتر غاز بەبێ سوود دەسوتێت و ئەوەش زیانێکى گەورەى لە ئابوورى ئەو وڵاتە داوە.
راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە گەشەى بەکارهێنانى غاز لە جیهاندا لە ساڵی 2024 دا 2.8% بووە کە دەکاتە 115 ملیار مەترسێجا و توانیویەتى رێژەیەکى زۆر لە پێداویستییەکانى هاووڵاتیان دابینبکات، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە لە ناوەڕاستى ساڵی 2024 دا 65% ـى غازەکەى دەسوتێت کە دەکاتە 12 ملیار مەتر سێجاى ساڵانە هەرچەندە ئەو وڵاتە بەڵێنى دابوو بە ئاژانسى وزەى جیهانیی کە ئەو رێژەیە کەمبکاتەوە، بەڵام هەنگاوەکانى زۆر سستن. ئاماژەى بەوەشکردووە بەکارهێنانى غازی سروشتى لەوڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەتایبەتى لە وڵاتانى عێراق، ئێران، کوەیت و عەرەبستانى سعودییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەمو کاژمێرێک عێراق بەبەهای 290 هەزار دۆلار گاز دەسووتێنێت و بەفیڕۆی دەدات، واتە رۆژانە 6.9 ملیۆن دۆلارو ساڵانەش دەگاتە زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار. ئەوە دۆخی وڵاتێکە کە یەدەگی گازە سرووشتیییەکەی بە 126.7 تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت وساڵانە 12 ملیار مەتر غاز بەبێ سوود دەسوتێت و بەفیڕۆی دەدات.
پێشتریش، بانکی جیهانیی لەراپۆرتێکیدا رایگەیاند، ماوەی چوار ساڵی لەسەر یەکە عێراق لەپلەی دوەمی ئەو وڵاتانە دێت، کە زۆرترین غازی سرووشتی دەسوتێنن. چوار یەکەمەکە بریتین لەروسیا، عێراق، ئەمریکاو ئێران. بەتەنیا ئەو چوار وڵاتە 45٪ی کۆی گازی سووتێنراو لەجیهان پێکدەهێنن، ئەو چوار وڵاتە ساڵانە 150 ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنن.