هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی وەڵامی پەرلەمانتارێک دەداتەوە لەبارەی بوونی ٧٥٠ هەزار ناوی دووبارە و مردوو لەنێو لیستی مووچەدا و دەڵێت: لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان پاک و بێ کێشەیە.
دەقی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم:
لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ( knn ) پەرلەمانتارێکی عێراق لە لیستی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەناوی (غەریب ئەحمەد) چەندین چەواشەکاری و ناڕاستی لەسەر لیستی مووچەی هەرێمی کوردستان خستووەتە ڕوو، لە پێناو چەواشە نەکردنی ڕای گشتی و خستنەڕووی ڕاستیەکان وەک خۆی بە پێویستمان زانی ئەم خاڵانە بخەینەڕوو.
١- ئەو پەرلەمانتارە لە چاوپێکەوتنەکەیدا چەند جارێک جەخت لەوە دەکاتەوە کە نزیکەی ٧٥٠ هەزار ناوی هاوردەی دووبارە و مردوو لە لیستی مووچەی هەرێم هەیە، ئەوەش هۆکاری درێژەکێشانی کێشەی مووچەیە، ئەوە لە کاتێکدایە میلاکی فیعلی ئێمە بەشارستانی و سەربازی لەبەغداد و لە لیستی مووچە نزیکەی ٧٠٢ هەزار کەسە، جێی خۆیەتی بپرسین ئەو ٧٥٠ هەزار ناوی دووبارە و مردووە لە کوێ جێ کراوەتەوە.
٢- تیمە تەکنیکیەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو هەرچی داواکاری و تێبینی وەزارەتی دارایی عێراق هەبووە لەسەر لیستی مووچە چارەسەریان کردووە، ئەو داتا و زانیاریانەی لەوەزارەتی دارایی هەرێمی کورستانە، لە ١٩ وەزارەت و ٨ دەستە و سێ سەرۆکایەتی و یەکەکانی ( ٧٠ ) و ( ٨٠ ) دێت و دواتر لەوەزارەتمان وردبینی دەکرێت، واتە سەرجەم داتاکان دەبیت بە داتای حکومەتی هەرێم نەک وەزارەتی دارایی، وە هیچ کەس و لایەنێکیان ئامادە نییە بەبێ ئاگاداریان هیچ ناوێک زیاد و کەم بکرێت.
٣- بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو لە هیچ ڕاپۆرتێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و نووسراوی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەبوونی ژمارەیەکی لەو شێوەیە و کێشەی لەو جۆرە نەکراوە، وەک ئەو بەناو پەرلەمانتارە باسی دەکات.
٤- بەپێویستی دەزانین لێرەوە ڕایبگەیەنین کە لیستی مووچەی هەرێم پاک و بێ کێشەیە، بەڵگەش بۆ ئەوە هەموو ئەو پارانەی لەمانگی شوبات تا حوزەیران وەزارەتی دارایی فیدراڵ بەبیانووی بوونی ناوی دووبارە و لەیەک چوو، کێشەی بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفی ڕایگرتن، دوای پێدانی ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی داتا و زانیاریەکان سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج کرایەوە.
٥- باشتر بوو ئەو پەرلەمانتارە پێش چاوپێکەوتنەکەی پرسیاری لەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکردایە کە لەماوەی نزیکەی ١٠ ڕۆژدا دووجار لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم لەهەولێر و بەغداد کۆبووەتەوە، جەنابیان لەکوێ بووە بۆ ئەوەی لەو ماوەیە پرسیار لەسەرۆکی فراکسیۆنەکەی بکات بۆ وەرگرتنی داتا و زانیاریەکان، تا بزانێت ئەوە هەرێمی کوردستانە هەموو پابەندییەکانی خۆی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران جێبەجێ کردووە، نەک لە بێ ئاگاییەوە بێت ژمارەی ناڕاست و بێبنەما بخاتە ڕوو بۆ چەواشەکردنی ڕای گشتی و فەرمانبەران.
٦- پرسی مووچە کێشەیەکی کۆن و گشتگیرە و تەنها وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لێی بەرپرسیار نییە، بەڵکو هەموو بابەتێکی تایبەت بەمووچە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دەدرێت و هەموو لایەنە بەشداربووەکانی کابینەی نۆیەم بەپێی ڕێژەی خۆیان بەرپرسن لەو کێشەیە، نە وەزیری دارایی و نە وەزارەتەکەی هێزی سەربازی و پێشمەرگە و میلیشیای نییە، تەنانەت پارێزگاری وەزیر و وەزارەتیش لەلایەن هێزەکانی ناوخۆوە دەکرێت، بۆیە کاری بەناو زیادکردنی نەمردوو نەزیندوو نییە ، کێ خاوەنی ئەوانەن بەڕێزی ئەگەر دەوێرێت با بچێت پرسیاریان لێ بکات.
٧-جێی خۆیەتی بپرسین کاک غەریب نوێنەرایەتی کێ دەکات لەبەغداد!؟.
ئەگەر نوێنەری کوردە پێویستە پاساو بۆ مووچەو نان بڕینیان بهێنێتەوە و بەبێ بەڵگەش حکومەتی هەرێم تاوانبار بکات، نازانین ئەم هەڵوێستانە ئەبێت خزمەتی کێ بکات، ئایا بەڕاستی جەنابیان نوێنەری کوردە لەبەغداد!؟.
بەڕێزیان ئەبێت چاوەڕوانی ئەوە بکات لەدادگا ئەم بوختان و ناهەقیانە بسەلمێنێت.
وەک وەزارەتی دارایی پێشتریش چەندین جار ڕامانگەیاندووە دەرگای وەزارەتمان بۆ پێدانی داتا و زانیاری کراوەیە، ئەگەر جەنابی دڵسۆز بوو دەبوایە خۆی بەدواداچوونی بکردایە، نەک قسەی سەر تەلەفزیۆن کە لە هەموو شتێک ئاسانترە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری. ٢٠٢٥/١/٢٨