دواین هەواڵ

ئابوری‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

دانە غاز: بڕی قازانج لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 13% بووە

هەرێم نیوز 

کۆمپانیای دانە غاز ڕایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ 13% قازانجی داراییان زیادی کردووە. باسی لەوەش کردووە، پێشبینی دەکرێت، لە چارەکی یەکەمی 2026، پرۆژەی فراوانکردنی 'کۆرمۆر 250' تەواو ببێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 08-05-2025، کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، قازانجی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، گەیشتووەتە 43 ملیۆن دۆلار و بەراورد بە هەمان کاتی ساڵی ڕابردوو، 13% زیادی کردووە، بەوپێیەی بڕی داهاتەکە لە چارەکی ساڵی ڕابردوو، 38 ملیۆن دۆلار بوو. 

کۆمپانیای دانە غاز باسی لەوەش کردووە، زیادبوونی قازانجەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی فرۆشتنی غاز لە میسر و کەمبوونەوەی خەرجییەکان و تێچووی دارایی دەگەڕێتەوە.

لەبارەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش، ئاماژە بەوە کراوە "کۆمپانیای دانەغاز لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2025دا ئاستی بەرهەمهێنانی بەهێزی لە هەرێمی کوردستان پاراستووە و لە مانگی ئادار، کۆی گشتیی بەرهەمی نەوتی کێڵگەی کۆرمۆر، 500 ملیۆن بەرمیل نەوتی تێ پەڕاندووە. هاوکات بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی غاز لەو کێڵگەیە گەیشتووەتە 525 ملیۆن پێ سێجا کە بەراورد بە ساڵی 2017، ڕێژەکە سەدا 75 زیادی کردووە و پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی سەدا 75ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دەکات."

کۆمپانیای دانە غاز، لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەیدا باسی لەوەش کردووە، کارکردن لەسەر پڕۆژەی فراوانکردنی "کۆرمۆر 250" خێراتر بەرەوپێش دەچێت و پێشبینی دەکرێت پرۆژەکە لە ماوەی چارەکی یەکەمی ساڵی 2026دا بچێتە قۆناغی بەرهەمهێنانەوە. کاتێک پڕۆژەکە دەستی پێ کرد، پێشبینی دەکرێت 250 ملیۆن پێی سێجا لە توانای کێڵگەکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP