هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی هەرێم ڕایگەیاند، سەرقاڵی دانانی بەردی بناغەی سیستەمێكی داتابەیسی پێشکەوتون بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی ڕاژەی گشتی، دامەزراندنی نوێ و پلەبەرزکردنەوە.
سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی ئەمڕۆ سێشەممە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە، سەرقاڵی دانانی بەردی بناغەی داتابەیسێکین بۆ بەدیجیتاڵکردنی دۆسیەی کەسیی فەرمانبەران، ئەوەش ئامرازێکی گرنگی کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری فەرمانبەران و دوبارە ڕێکخستنەوەی میلاکاتی وەزارەتەکانە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی پێویستی وەکو ئەنجومەنی ڕاژەی گشتی، دەسەڵاتیان پێ دراوە پڕۆسەی دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە بەڕێوە ببەین، ئەمانە بە دەق لە یاسادا هاتون و هەموی لەسەر ئەو پێوەر و بنەما یاساییانەیە کە لە پەرلەمانی عێراق دەرچون.
سیراج بارزانی باسی لەوەشكرد، هەوڵدەدەن لەسەر بنەمای ئەو یاسایە میلاکاتی وەزارەتەکان دەستنیشان بكەن ئەوەش بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوری، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی زانستی لەسەر بنەمای یاساکان دوبارە پڕۆسەی دامەزراندن بگەڕێتەوە سەر ڕێڕەوی ڕاستی خۆی، کە هێنانی فەرمانبەرە بۆ ناو کەرتی گشتی لەسەر بنەمای زانستی، پسپۆڕی و توانا.
لەبارەی دامەزراندنیشەوە ئەو بەرپرسەی هەرێم وتی، "پێشبینی دەکەین سەروی 100 هەزار کەسێکمان هەبێت لە هەرێمی کوردستان کە دەرچوی دانەمەزراون، بەپێی پێداویستیی وەزارەتەکان ئیمەیڵیان بۆ دەنێرین، پڕۆفایلیان لای ئێمە دەبێت و دەزانین تایبەتمەندییەکانیان چییە و بۆ چ کارێک گونجاون، هەروەها دەیانەوێت دادپەروەری لە دامەزراندن هەبێت و تاکە بنەما پسپۆڕی و توانا و لێهاتویی بێت".