دواین هەواڵ

کوردستان‌

 22/11/2022

ئەژی ئەمین پەیامێکی بڵاوکردەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ سێشەمە، ئه‌ژی ئه‌مین یاریده‌ده‌ری راوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تییدا هاتووە، "کۆماری ئیسلامی ئێران خەریکە بە چاوساغی دەستی ناپاکی ناوخۆ هەموو سنورێک دەبەزێنێت". 

دەشڵێت،"بێدەنگی دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەو خەمساردییە لە هەمبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئێمە تەواو جێگای گومانە و  بە پێویستی دەزانین کە هەموو لایەک لە هەستیاری بارودۆخەکە و مەترسییەکانی ئەو بێدەنگییە ئاگادار بکەینەوە".

دەقی راگەیەنراوەکەی ئەژی ئەمین:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

بەپێویستی دەزانین ڕای گشتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لە مەترسییەکانی هێرش و هەڕەشەی بەردەوام و بێ پاساوی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەروەریی خاک، ئاسایشی خەڵکی کوردستان و عێراق ئاگادار بکەینەوە.

سەرباری کۆمەڵکوژی و ڕەشەکوژی و پێشێلکاریی ناڕەوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کۆماری ئیسلامی نیازی دوژمنکارانەی خۆی دەرحەق بە خەباتی ڕەوای گەلی کورد و ئەزموونی هەرێمی کوردستان نەشاردۆتەوە، خەریکە بە چاوساغی دەستی ناپاکی ناوخۆ و بەهۆی نەبوونی هەڵوێستی جیددی و هەنگاوی ڕاستەقینە و پێویستەوە چ لەسەر ئاستی عێراق و چ لەسەر ئاستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەموو سنوورێک دەبەزێنێت، هەروەها گشت یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەهاکانی دراوسێیەتی پێشێل دەکات. 

ئێمە لە کاتێکدا کە داوای هەڵوێستی ڕوون و جیددی لە دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین، بە پێویستی دەزانین کە هەموو لایەک لە هەستیاری بارودۆخەکە و مەترسییەکانی ئەو بێدەنگییە ئاگادار بکەینەوە.

خەڵکی کوردستان لە ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی بەرگری ڕەواو پاراستنی خۆیان هەیە،  ئەم بێدەنگییە ترسناکەی حکومەتی عێراقی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەبوونی  هەڵوێستی جیددی لە هەمبەر ئەم دەستدرێژیی و کۆمەڵکوژییانە، بێگومان ناوچەکە بەرەو شەڕ و ململانێیەکی هەرێمایەتی و جەنگێکی گەورە دەبات و ئاسایشی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دەشێوێنێت.

بێدەنگی دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەو خەمساردییە لە هەمبەر هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئێمە تەواو جێگای گومانە، ئاماژە بە پیلانگێڕیی و گەلەکۆمەیەکی ناوخۆیی و هەرێمایەتی لە ئەزموونی گەلی کورد دەکات، هەر بۆیە هێزە شۆڕشگێڕەکان و کۆمەڵانی خەڵک دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەتی گەورە کە ئەمە چیدی مایەی قبوڵکردن نییە.

نەخێر بۆ پێشێلکردنی سەروەری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان، 
بژی و بەردەوام بێت خەباتی ئازادی خوازی گەلانی ئێران لە پێناو مافە ڕەواکانیاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP