دواین هەواڵ

عێراق‌

 09/11/2022

کێشەی جیاوازی موچەی فەرمانبەرانى عێراق چارەسەر دەکرێت

هەرێم نیوز

ئەندامێکی لیژنەی یاسای لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، کێشەی جیاوازی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر دەکرێت.

عارف ئەلحەمامی ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یاسای خزمەتی مەدەنی لەپێناو چارەسەرکردنی جیاوازی مووچەی فەرمانبەرانە لەنێوان وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکان، بە جۆرێک کێشەی ئەو فەرمانبەرانە چارەسەر دەکرێت، کە ساڵانێکە بەدەست ئەو جیاوازییەوە دەناڵێنن.

وتیشى: یاسای خزمەتی مەدەنی پێویستی بە هەندێک گۆڕانکاری و هەموارکردنەوە هەیە، بۆیە دەستیان بە کارەکان کردووە، تاوەکو کێشە بچووکەکانی چارەسەر بکەن.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، جیاوازییەکی زۆر لەنێوان مووچەی وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی سەر بە دەوڵەت هەیە، تێبینی ئەوەیان کردووە جیاوازییەکی گەورە هەیە سەرەڕای ئەوەی هەمان پلەی وەزیفیش لەنێوان فەرمانبەران هەبێت، بەڵام لە وەزارەتی جیاوازبن.

جەختیشی کردەوە، ئامانج لەو یاسایە یەکسانییە لەنێوان هەموو فەرمانبەرانی سەر بە دەوڵەت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP