دواین هەواڵ

عێراق‌

 17/10/2022

د. لەتیف ڕەشید: کار بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەین

هەرێم نیوز

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری نوێی عێراق ئەمڕۆ دوشەممە بە فەرمی لە کۆشی سەلام لە بەغدا دەستبەکاربو و لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربونیشیدا ژمارەیەک لە سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی عێراق، بەرپرسانی حکومی و نوێنەری وڵاتانی بیانی ئامادەبون، سەرۆک کۆماری تازە لە وتارێکیشدا رایگەیاند، هەمو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند بەگوێرەی دەستور، بەڵێنی دەدات پابەندی دەستوربێت و سەروەری عێراقیش بپارێزێت.

د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری نوێی عێراق لە مەڕاسیمی دەستبەکاربونیدا یەکەمین وتاری خۆی ئاڕاستەی گەلی عێراق کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی داهاتودا هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ ئەوەی بۆچونی لایەنە سیاسییەکان لەیەکتری نزیک بکاتەوە لەسەر ئەو دۆسیانەی لەنێوان لایەنەکاندا ناکۆکییان لەسەرە.

ئەوەشی خستەڕو، ئومێدەوارە حکومەتی نوێ لەماوەیەکی زودا پێکبهێنرێت و ئەو حکومەتەش بەهێز، یەکگرتو و پێکهاتو بێت لەخەڵکی بە توانا، بۆ ئەوەی لەئاستی داواکارییەکانی خەڵکدا بێت بۆ چارەسەری کێشە خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ هاوڵاتیان.

پەیوەست بە پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراقیش، سەرۆک کۆماری نوێ وتی، یەکێک لە کارەکانی لە قۆناغی داهاتودا برەودان دەبێت بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق لەگەڵ  وڵاتانی دراوسێ و جیهان لەسەر بنەمای هاوسەنگی پەیوەندییەکان و بەرژەوەندی هاوبەش.

ئەوەشی خستەڕو، هەروەها کاردەکات بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بکرێن.

رۆژی پێنجشەممەی رابردو، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق لە پەرلەمان بە دو گەڕ بەڕێوەچو و لە ئەنجامدا لەتیف رەشید بەبەدەستهێنانی 162 دەنگ وەک  سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵبژێردرا، هەروەها د.بەرهەم ساڵحیش لە هەردو گەڕی هەڵبژاردنەکەدا 99 دەنگی پەرلەمانتارانی بەدەستهێنا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP