دواین هەواڵ

عێراق‌

 26/09/2022

ڕەوتی حیکمە: چوارچێوەى هەماهەنگى ئامادەیە بۆ کشانەوەی محەمەد شیاع

هەرێم نیوز

ڕەوتی حیکمە رایدەگەیەنێت، چوارچێوەی ھەماھەنگی ئامادەیە بۆ کشانەوەی "محەمەد شیاع سودانی" کە وەک کاندیدى چوارچێوە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریکراوە.

عومەر سامەرائی، ئەندامی رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی "عەمار حەکیم"  بڵاویکردەوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی ئامادەیە "محەمەد شیاع سودانی" لاببات وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و بەردەوام نەرمی دەنوێنێت. 

وتیشی، وڵات بەھۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە پەکی کەوتووە و تەنھا گفتوگۆ چارەسەرە بۆ قەیرانی ئێستا. 

ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە ئاماژەی بەوەشکرد،  چوارچێوە کێشەی نییە  لەسەر داواکاری ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ھێشتا میکانیزمی ھەڵوەشانەوەکە ناکۆکی لەسەرە. جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگی پێکھێنانی حکومەتی نوێ کە ئامادەکاری بکات بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردنەکان. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP