دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 27/08/2022

دەروونناسی ژنکوژ!

د.جەعفەر عومەر -پزیشکی پسپۆری دەروونی

کوشتن یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لەسەر ئاستی جیهان، بەگشتی ساڵانە لە هەزار کەس ٧ کەس بە کوشتن کۆتایی بە ژیانیان دێت! بەڵام ئەم ڕێژەیە بەگوێرەی وڵاتان جیاوازە، بۆنمونە لە وڵاتانی ئەوروپا، لە هەزار مردوو یەكێکیان بە کوشتن کۆتایی بە ژیانی دێت، لە ئاسیا و ئەفریقا لە هەزار مردن، ٥ دانەیان بە کوشتن مردوون.

ئەم ڕێژە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین بەرزدەبێتەوە، بۆنمونە لە هیندۆراس لە سەد مردوو ٩ کەسیان بە کوشتن کۆتایی بە ژیانیان هاتووە! (ourworldindata.org)
لە وڵاتی خۆشماندا کوشتن بەربڵاوە و بە هۆکاری جۆراوجۆر ئەنجامدەدرێت، وەکو کێشە کۆمەڵایەتیی و خێزانییەکان بەتایبەت بە بیانوی شەرەف یان لەسەر زەویوزار، کێشە سیاسییەکان وەکو لەناوبردن و پاکتاوکردنی کەسانی دژ و ناڕازی، کێشە ئابوورییەکانی وەکو قەرزداربوون، پیشە تاوانکارییەکانی وەکو دزی و ڕێگری، ... بۆ هەریەکە لەو کێشانە لە ماوەی ڕابوردوودا چەندین نمونەمان بیستووە و بینیوە!

یەکێک لە دیاردە باوەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بریتییە لە دیاردەی کوشتن بە بیانوی شەرەف، بە واتای پاراستنی شکۆی خێزان و خانەوادە کاتێک کە ئەندامێکی مێینە کردەیەکی سێکسی لە دەرەوەی پەیوەندی خێزانی ئەنجامدەدات. بەم هۆیەوە چەندین ئافرەت بوونەتە قوربانی دەستی پیاوانی خانەوادەکەیان.

ئەم دیاردەیە، لە رووی دەروونناسییەوە زۆرترین هۆکاری هەیە:

باڵادەستی پیاو بەسەر ژن؛ بەشێوەیەک لە کۆمەڵگەدا ڕەگەزی نێر خۆی بە گەورە و خاوەنی ڕەگەزی مێ دەزانێت! ئەمەش وادەکات کە سنوردارکردن و پاراستنی مێ ببێتە ئەرکێکی گرنگی نێر.

بەهێزی پەیوەستی پەیوەندی خوێنی و خێزانی لە کۆمەڵگەدا، بەشێوەیە کە هەر لەکەیەک بۆ تاکێکی خێزان دەبێتە نەنگی بۆ تەواوی خیزانەکە!

هەڵە لە پەروەردەی ڕەگەزی؛ هەر لە منداڵییەوە لە کۆمەڵگەدا کوڕ بە باڵاتر پیشاندەدرێت لە کچ، بۆنمونە لە هەندێک خێزاندا برای بچووک دەسەڵاتی هەیە بەسەر خوشکە گەورەکەیدا!

تێڕوانینی نەریتی هەڵە بۆ شەرەف؛ لە کردەی سێکسی دەرەوەی خێزاندا نێر و مێ هەردوکیان وەکو یەک تاوانبارن! بەڵام بەگوێرەی کلتوری کۆمەڵگەی کوردی تەنها ئافرەت شەرەفە، لەکاتێکدا زۆربەی کات پیاو هۆکارە بۆ ئەو پەیوەندییە و تاوانباری سەرەکییە!

نەخوێندەواری و ناهۆشیاری تاک؛ هەتا ئاستی هۆشیاری تاک کەمتر بێت، ئەگەری تاوانکاری لە جۆری کوشتن زیاتر دەبێت، بەتایبەت لە ڕووی تێگەیشتن لە ژینگە و شێوازی مامەڵەی دروست!

لاوازی هۆشیاری ئاینی تاک؛ بەئاگانەبوون لە ڕۆحی ئاین کە تاوانی کوشتن چەندە گەورە و مەترسیدارە، بەتایبەت لە ئیسلامدا کە ڕووداوی ئیفک هەیە و پەیامبەری ئیسلام (درودی خوای لەسەر بێت) بەشێوەیەکی زۆر دروست مامەڵەی لەگەڵ کردووە!

لاوازی سزادان لە سیستەمی یاسایی و بەهێزی پاداشتی کۆمەڵایەتی؛ یەکێک لە بنەماکانی ڕێککردنەوە ڕەفتاری مرۆڤ بریتییە لە پاداشت و سزا، لە کوردستان سیستەمی سزایی بە چەندین هۆکار لاوازە و زۆرجار تاوانبار سزانادرێت! تەنانەت لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەسەکە پاداشت و دەستخۆشی لێدەکرێت بۆ ئەو کارە هەڵەی کە کەسێکی کوشتووە.

پاڵنەری تۆڵەسەندنەوە و هەڵچوونی توڕەیی؛ یەکێک لە پاڵنەرەکانی ژیانی مرۆڤ بریتییە لە تۆڵەسەندنەوە، هەروەها هەڵچوونی توڕەیی لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە، لەمڕوەوە تاک واهەستدەکات بەو کردەیەی تۆڵەی سەندۆتەوە و لەسەر بنەمای هەڵپە و توڕەیی ئەو ڕەفتارە دەکات.

هۆکارە دەروونییەکانی تر وەکو بونی تایبەتمەندی دژەکۆمەڵ، بەکارهێنانی مەی ماددەی هۆشبەر، نەخۆشی دەروونی، ....

جگە لەو هۆکارانە چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتیی و ژینگەیی هەیەن کە بەشدارن لە زۆربوونی ئەم تاوانەدا، ئێمە هەوڵمانداوە بابەتە پەیوەستەکان بە دەرووناسی خودی بکوژەوە باسبکەین!

زۆرجار ئەو هۆکارانە کارلێکدەکەن و دەبنە هۆی دروستبوونی مرۆڤێک کە بەلایەوە ئاسایی بێت کە تاوانی کوشتن بەرانبەر بە ئافرەتێکی خێزانەکەی ئەنجامبدات! بەو هیوایەی بتوانین ئەو هۆکارانەی لە دەسەڵاتی هەریەکەماندایە کەمیبکەینەوە و نەیهێڵین...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP