دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

گۆڕانکارییە بچوکەکان

نیاز نەجمەدین

گەرمای ئەم هاوینە قەستەکوژ بوو. بە درێژایی گەرماکە، ئەوەی دڵکرانەوە بێت نەمما. ناهەقم مەگرن، زۆر دەمێکە بیری باران دەکەم و بە دڵۆپەش دیار نییە. باران دەڵێی ژنێکی دڵشکاوی تۆراوە کە هیچی تری بەدەستەوە نییە جگە لەوەی ماڵ جێهێڵێت تا قەدری بزانن. ئیدی ئێمە کێشە و گرفتی جۆراوجۆرمان هەیە و بۆ تەواوی کێشە و گرفتە سەختەکانیشمان، بە هاوینی تاقەتپڕوکێن و زستانی سەختیشەوە، بەقسەیەک ئاوی دڵی خۆمان دەدەینەوە: " ئەمەشمان تێپەڕاند!"، لە بیرمان دەچێتەوە بە چی تێچوویەک!

ئەمساڵیش، گەرما پڕوکێنەرەکەمان تێپەڕاند. بەیانییەکی ئەم هەفتەیە بوو، بەرەو بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی رێم دەبڕی. هەوا فێنکتر لە جاران بەرم دەکەوت. خەیاڵ بردمییەوە.

لێرە، ئیش بە ئەندازەیەک رێکوپێک دەڕوات ناڵێیت لەم وڵاتەدایت. پێشوەخت زانیاریی بڵاودەکەنەوە: "هاووڵاتیانی بەڕێز، ئەگەر پەلەتان نییە، ئەوا سەردانمان مەکەن، چونکە کاتی عەمرەیە و فشارمان لەسەرە. با بە بەلاش رانەوەستن". رۆژانە دەزانن دەبێت چەند کەس وەرگرن. ئەگەر تیکتی زیادە دابەش بکەن، بەو کەسانەی سەرەیان بەرناکەوێت دەڵێن: "بەڕێزتان با کاتتان نەڕوات، مەوەستن. سبەینێ وەرنەوە و سەرە لە ئێوەوە دەست پێ دەکاتەوە". هەڵە هەر روودەدات، بەڵام ئەوان هێندە بەهەستن داوای لێبوردنت لێ دەکەن کە سەرەیان بۆ گرتویت و کات نەماوە کارەکانت رایی بکەن.

تۆزێک لەسەر "هەستپێکردن" رادەوەستم...ئەڵاڵاڵاڵاااا لەو وشە جوانە. چەند پێویستمان بەوە هەیە لەسەر هەر سێ ئاستەکە هەست بە یەکتر بکەین: هەستکردن بە خەمی بەرامبەر، تێگەیشتن لە ژیان و ئازاری بەرامبەر، پاشان ئەگەر کرا هاوکاریکردنی. زۆربەمان ڤیتامین دی(D)مان کەمە، بەڵام بڕوام وایە چێکی خۆمان بکەین، رەنگە ڤیتامینی رۆحی هەستپێکردنمان لە ڤیتامین دی کەمتر بێت.
......................................................
من یەکێکم لەو کەسانەی بە گوێیان دەکەم. دەڕۆمەوە و تازەکردنەوەی پاسپۆرتەکەم دەخەمە سبەی. دڵشکاوم لە شتە گەورەکان، بەڵام گۆڕانکارییە بچوکەکان خەندە و وزەیەکم پێ دەبەخشن. لەبەر خۆمەوە دەڵێم:

"چش لەوەی وڵاتەکەمان بەس نەوتی هەیە بیفرۆشێت."، "خۆ نەوتیشمان هەبێ، دوای نەوەد ساڵ لە هەناردەکردنی، رێگای ناردنە دەرەوەشی تاقانەیە. هێشتا بە سوکە رەشەبایەکی شەڕ، رێی ناردنیمان لێ دەگیرێت و سود لە بەرزبونەوەی نرخ نابینین".بەیانییەکە هەوڵ دەدەم بوخچەی قورسی چەند خەمێکی تریش لەسەر شانم داگرم، لەوانە:
خەمی ئەو هەزاران گەنجەی بە ٤٠٠-٥٠٠ هەزار دینار ئیش دەکەن و مەسڕەفی هاتوچۆ و خواردنیش لەسەر خۆیانە، یان ئەسڵەن ئیشیان دەستناکەوێ، لەگەڵ خوێندنی خراپی خوێندکارانمان، یان ئەوەی پارەی خوێندنیان پێ نییە. گرنگ ئەوەیە ئەم بەیانییە خونچەی هیوایەک تیامدا چرۆی کردووە و نامەوێ لێم تێک بچێت. هەستێکم بۆ هاتووە لە سەردەمێکدا دەژیم لای کەم هەندێک دامەزراوە هەن رێزی کاتەکانمان دەگرن. قەیچێکە، وەک کێشەی موچەمان بۆ چاک ناکەن، ئەوەتا قەدری کات دەگرن. کاتیش بۆ خۆی سەروەتێکی بەنرخە و شتی تری لێ دروست دەکرێت.

لەم تاووماوەدا، پۆلیسی دەرگاوانی هۆڵەکە، کە لەگەڵ زابتەکانی ئەو بەشە ماندوونەناسانە کاریان دەکرد، بە دەنگێکی بەرز وتی:" دەوام تەواو، بڕۆنەوە و سبەینێ سەعات هەشت وەرنەوە." ئەگەرچی زۆرجار لە وانەکانمدا قسەم لەسەر بەهای 'خۆ-کۆنتڕۆڵکردن" کردووە، باسی ئەوەشم کردووە کە "هەمیشە رێگەیەکی تر هەیە بۆ وتن، بۆ پەرچەکردار، کە دەکرێت خۆت و بەرامبەرەکەشت لە دنیایەک شەڕ و ناڕەحەتیی رزگار بکات ئەگەر توانا و کارامەیی کۆمەڵایەتیی-social skills- خۆت بەرەوپێش بەریت"، ئەمجارە خۆم کۆنتڕۆڵم لە دەستدا و توند وەڵامم دایەوە:

"ئەی کێ قەرەبووی چوار سەعاتی من دەکاتەوە؟ بۆ نەتانزانی کە سەرە ئەمڕۆ ناگاتە ئێمەومانان لە کاتێکدا هەزاران رۆژ ئەزمونتان هەیە؟ ئەی چۆن دەبێت سبەی بێینەوە و مافی ئەم هەموو چاوەڕوانییەمان خورا بێت و لە سفرەوە دەست پێ بکەینەوە؟ تەنها لەبەرئەوەی واستەم نەکرد ئاوام لێهات؟". ماڵیان ئاوا بێ، ئەو و زابتەکەی هاوکاری لە بەر بەڕێزیی خۆیان تەحەمولیان کردم.

من ژمارە ١٩٩ بووم و ١٢ کەسم لە پێش مابوو. لەوێدا لە دڵما سوپاسی شتێکم کرد: باشە ئینتەرنێت و مۆبایل و سۆشیەل میدیا نەبوایە، چوار سەعاتم بە چی پڕ بکردایەتەوە؟ رۆژی دواتر کە رۆشتمەوە، سەرە لە ١٨٧ەوە، دەستی پێ نەکرد. ئەمجارە ٦٤ کەسی تر لە پێشمەوە بوون. سەرەکە هاتەوە سەر سفر!
زۆر وەستام و ئەمجارەش پەنام بۆ واستەکردن نەبرد. بەڵام ئەنجامی رێگەی راست وات لێ دەکات بە خۆت بڵێیت:" هێییییی... تۆ لە کوێ دەژیت؟ هەر کات رێت کەوتە حکومەت، بەبێ واستە مەڕۆ." هەندێجار وام لێ دێت بڵێم ئەو ئابوریناسانەی، لەوانە ئادەم سمث و میلتن فریدمان، باسی ئەوەیان کرد کە تەنها چارەیەک لەگەڵ حکومەت ئەوەیە دەبێت قەبارەکەی بچوک بکرێتەوە و زۆر ئیشت پێی نەبێ، راستیان کرد. یەکێک لە ناخۆشییەکانی ژیانی ئێمە ئەوەیە ئیشت بە حکومەتە. ئەگەرچی قسەکەی ئەوان بە رەهایی وەرناگرم و باوەڕم بەوە هەیە حکومەتیش دەکرێت باشتر بێ، بەڵام لە روویەکەوە ئەوە راستە تا ئیشت بە حکومەت بێ، ژیانت سەقامگیر نابێت و لە واستەش رزگارت نابێ.

دەسەڵاتی زیاتر مەرج نییە بەختەوەرت بکات، بەڵام وا تێدەگەم شتگەلێک هەن ناچارت دەکەن بیر لەوە بکەیتەوە دەسەڵاتت فراوان بکەیت. یەکێک لەو شتانە ئەوەیە سادە و ئاسان، هێندەی خواردنەوەی قومێک ئاو، مافی بچوک و گەورەت دەخورێت.

"بەختەوەریی"؟ بەڵێ، پارە ناتوانێت تەواوی بەختەوەرییمان بکڕێت. پارەشمان کەم بێت، رێزگرتنی کاتەکانمان بۆ خۆی روبەری بەختەوەرییمان زیاد دەکات. زیادبوونی داهات و پێدانی موچە دڵخۆشکەرن، بەڵام بۆی هەیە بە موچەی کەمیش هێشتا بەختەوەر بین، ئەگەر شتەکانی تری لەگەڵدا بێت.

ئێستا خەونەکانی من بچوک بونەتەوە. تێدەگەم لەوەی هەندێک شت هەن، لەوانە دەوڵەت، وەک میوەی درەخت وان: بەتام و تەندروستن، بەڵام باڵای ئێمە جارێ لەوە کورتترە دەستمان پێی بگات. لە توانای ئێستای ئێمەدا نین و دەبێت سەرەتا خۆمانی بۆ بەرز بکەینەوە تا لێیان بکەینەوە. بەڵام خۆ هەندێک شت لە تواناماندان. تەنها گوێگرتن لە چیرۆکی دەیان هاوڵاتیی کە رۆژانە کات و وزەیان لە شتی پوچدا بەفیڕۆ دەڕوات، بەنرخە و دەکرێت کێشەکانیان چاک بکرێت. سەرەیەک لە شوێنێکدا کورت بکەیتەوە و لە ئاستی خۆتەوە چەند سەعاتێک کات بۆ کەسەکە بگێڕێتەوە، کەم نییە. زانیارییەکی پەیوەندیدار لە کاتی خۆیدا بڵاوبکەیتەوە یارمەتی خەڵک بدات پلانی کاروبارەکانیان باشتر دابنێن، کەم نیە.

ئەگەر پێت ناکرێ پارەکەمان بدەیتەوە، خۆ دەکرێت رێزی کاتەکانمان بگریت. بە مەرجێک بە نرخی گران پێمان نەفرۆشن، گێڕانەوەی کات زۆر لە بەختەوەرییمان دەگۆڕێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP