هەرێم نیوز
ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر ئەنفالی دەڤەری بادینان تێدەپەڕێت، وەزارەتی کاروباری شەھیدانیش دەڵێت، لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم رایگەیاند، ٣٤ ساڵ لەمەوبەر رژێمی بەعس قۆناغی ٧ و ٨ی پڕۆسەی ئەنفالی لە دەڤەری بادینان ئەنجامدا و تا رۆژی ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨ بەردەوامبوو، لەو پڕۆسەیەدا بە سەدان ژن و منداڵ و خەڵکی دەڤەری بادینان ئەنفالکران و بۆ ناوچەکانی باشوری عێراق راگوێزران و بەدەیان ھەزار ھاووڵاتی بێسەروشوێنکران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رژێمی بەعس لە پڕۆسەی ئەنفالی سنوری بادینان چەکی کیمایی دژ بە ھاووڵاتیان بەکارھێنا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، دوای ٦٠ دانیشتنی دادگا و لە چوارچێوەی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی، دانی بەوەدانا کە پڕۆسەی ئەنفال جینۆسایدی گەلی کورد بووە.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشدا وەزارەتی شەھیدان جەخت لەوەدەکاتەوە، لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.