هەرێم نیوز
ئەژی ئەمین لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی كۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی رایگەیاند، لە ئێستادا مۆدێلێك لە حیزبایەتی و حوكمڕانی هاتۆتە كایەوە ڕۆڵ و پێگەی خەباتگێڕان و گەلەكەشمان لەبەرچاو ناگیرێت و هیچ كەس لە تێكۆشەران و ڕەمزەكانی نیشتیمان ناناسێتەوە.
ئەژی ئەمین سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ 24/8/2022 بەڕێز مامۆستا "ئەژی ئەمین "یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم و سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری بە ئامادەبوونی بەڕێز حاكم والی جێگری سەرۆكی ئاژانس، پێشوازی كرد لە نوێنەرانی كۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی".
هەر بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، "سەرەڕای پێشوازی گەرم مامۆستا ئەژی باسی لە ڕۆڵی زیندانیانی سیاسی كرد لە ڕۆژانی سەختی خەباتدا بۆ ئازادی كوردستان، وە ئەوەشی خستەڕوو پێویستە سەرجەم چین و توێژەكان خزمەت بكرێن و ڕەچاوی بارودۆخ و گوزەرانیان بكرێت، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد لە ئێستادا مۆدێلێك لە حیزبایەتی و حوكمڕانی هاتۆتە كایەوە ڕۆڵ و پێگەی خەباتگێڕان و گەلەكەشمان لەبەرچاو ناگیرێت و هیچ كەس لە تێكۆشەران و ڕەمزەكانی نیشتیمان ناناسێتەوە، دواتریش نوێنەرانی زیندانیانی سیاسی لە كەشێكی دۆستانەدا كێشە و گرفتەكانیان و ڕێگاكانی چارەسەركردنیان خستەڕوو.