دواین هەواڵ

کوردستان‌

 03/06/2022

هێمن هەورامی: رۆژی پێنجشەممە كۆبونەوەی سەرۆكی هەرێم و حزبەكان بەبەشداری جێنین پلاسخارت بەڕێوەدەچێت

هەرێم نیوز 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممەی داهاتو بە بەشداریی جێنین پلاسخارت و  لای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی  هەرێم كۆدەبنەوە.

ئەمرۆ هەینی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارە رۆژی 9- 6- 2022، نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان  لەگەڵ لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان كۆببێتەوە.

وتیشی، كۆبونەوەكە بەبەشداری جێنین پلاسخارت دەبێت و  قسە لەسەر ئەو خاڵە هاوبەشەنە دەکەن کە لایەنە سیاسییەکان نزیکن لێیەوە.

هێمن هەورامی راشیگەیاند، لەنێو پەرلەمان فراکسیۆنەکان لە گفتوگۆدان و لە دەرەوەی پەرلەمانیش هێزە سیاسییەکان لە گفتوگۆدان، چونکە بابەتی هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن، دەستوور رەهەندێکی سیاسیی هەیە پێش ئەوەی رەهەندێکی یاسایی هەبێت.

سەبارەت بە بەئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی، ئەگەر ئیرادەیەکی سیاسیی باش هەبێت و بتوانین بەپەلە هەر هەموارێک کە پێویست بکات یان پێویست نەکات بییکەین و کۆمیسۆن کارا بکەینەوە،دەکرێت هەڵبژاردن  لە1ی 10 ئەمساڵ  ئەنجام بدرێت. 




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP