دواین هەواڵ

وەرزش‌

 17/11/2021

یەکێتیی تۆپی پێی ئوردن: هیچ وەڵامێکمان پێنەگەیشتووە لەسەر ڕەگەزی گۆڵپارێزەکەی ئێران

یەکێتیی تۆپی پێی ئوردن رەتیکردەوە کە هیچ وەڵامێکیان لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیاوە پێگەیشتبێت سەبارەت بە دۆسیەی گۆڵپارێزەکەی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران.

بەر لە چەند رۆژێک میدیاکانی جیهان سەرقاڵی هەواڵی ئەوەبوو کە یەکێتیی تۆپی پێی ئوردن بەفەرمی داوای لە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا کردووە کە رەگەزی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران (زوهرە کۆدایی) دیاریبکات و بە بەڵگە روونبکرێتەوە مێیە، چونکە گومانیان لە رووخسار و جەستەی هەبووە.

بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتیی تۆپی پێی ئوردن راگەیاندووە، هیچ وەڵامێکی فەرمییان لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیاوە پێنەگەیشتووە کە رەگەزی گۆڵپارێزەکە دیاریکرابێت، گوتیشی" یەکێتیی تۆپی پێی ئوردن چاوەڕێی وەڵامی فەرمییە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیاوە .

مریەم ئێراندۆست، راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران، وەڵامی سکاڵای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئوردنی دایەوە کە گوتبووی پێویست دەکات لێکۆڵینەوە لە رەگەزی یەکێک لەو خانمە یاریزانانەی ئێران بکرێت کە بەشداری لە یاری کۆتایی پاڵاوتنەکانی جامی ئاسیا کردبوو. لەو یارییەدا ئێران بە لێدانی یەکلاکەرەوە بەسەر هەڵبژاردەی ئوردن سەرکەوت.

لە لێدوانێکیدا مریەم ئێراندۆست راهێنەری هەڵبژاردەی خانمانی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاندبوو: "ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ زوهرە کۆدایی، خانمە گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکەمان، ئاساییە، چونکە هەڵبژاردەی ئوردن شکستەکەیان بۆ هەرس ناکرێت، دەیانەوێ لە شکستەکەیان هەڵبێن و لەبیری هەمووانی ببەنەوە کە تووشی شکست بوون".

بەر لە دوو رۆژ میدیاکان ئێران رایانگەیاند، کە یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا لێکۆڵینەوەی کردووە و دەڵێت "دوای ئەوەی تۆپی پێی ئوردن داوای لێکۆڵینەوەی کرد سەبارەت بە رەگەزی یەکێک لە خانمە یاریزانەکانی ئێران، لە ئەنجامی پشکنین دەرکەوت کە ئەو گۆڵپارێزە هیچ گرفتێکی نییە و رەگەزی مێیە".

بەڵام ئوردنییەکان دەڵێن هیچ وەڵامێکی فەرمی نەگەیشتووەتە دەستی ئێمە و چاوەڕێین بزانین لێکۆڵینەوەکان بەکوێ دەکات.

زوهرە کۆدایی لە زۆربەی چالاکییە وەرزشییەکانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران بەشداری کردووە و تەمەنی 32 ساڵە، ماوەیەکی زۆرە جیم ەکات، بۆیە بەبەردەوامی کاری لەسەر گەورەکردنی ماسوولکەکانی کردووە.

ئەوەی وایکرد گومان لە ئافرەتبوونی زوهرە کۆدایی بکرێت، دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە لەچکەکەی لابرد، پرچی هاوشێوەی پیاوان کورتکردبووەوە، هاوکات جەستەیەکی هاوشێوەی پیاوی هەبوو، بۆیە تۆپی پێی ئوردن داوای روونکردنەوەیان لە فیدراسیۆنی ئاسیا کرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP