دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 05/10/2021

ترس لە کۆتای هێنان بە پەیوەندی

 لە ژیانی هەمووماندا کەسانێک هەن کە شایستەی ئەوە نین لە ژیانمندا هەبن یاخود بوونیان لە ژیانماندا بێجگە لە زیادکردنی ئاستی نائارامی و پشێویمان شتێکیتریان لێ چاوەنوار ناکرێت.

دەشێت ئەو کەسە هەچ کەسێک بێت، ئەندامی خێزانەکەت، هاوڕێیەک ، کەس و کار و خزمان یان هاوسەر و هاوژین...

ئێمە زۆربەی کات دوادەکەوین لە ڕاگرتنی هەڵەکانمان. زۆربەی کات دەترسین لە رووبەڕووبوونەی ساتەوەختی یەکلایکردنەوەی پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانەدا. باجی دواخستنی ئەم جۆرە یەکلایکردنەوەیە یەکجار قورسە و لەگەڵ هەر ساتێک لە دواکەوتنیدا تێچوونی چاککردنەوەی لەسەرمان زیاتر دەبێت.

بەڵام راستی ئەو ترسە و سەرچاوەکەی چیە؟ لە چی ڕادەکەین و لە کوێدا لاوازیەکەمان هەیە؟ سەرچاوەی ئەم ترسە بە شێوەیەکی سەرەکی و باو بیرکردنەوەیەکی هەڵە و نیگەتیڤی نەست و لاشعورمان دەربارەی دەرهاویشتەکانی ئەم جۆرە یەکلاییکردنەوەیە. دەنگێکی نا ئەقلانی و تێکشکێنەری پرۆگرامکراو لە مێشکماندا پێمان دەڵێت کە ئاسان نیە بتوانین بەرگەی شکاندنی دڵی کەسێکیتر بگرین.

ئاسان نیە بتوانین وێنەی ئەو مرۆڤە وەفادار و بەخشندەیەی کە بە زەینی کەسەکەمان بەخشێوە لە چاوتروکاندنێکدا بشێوێنین، یان زۆر جار نەک تەنها ئەو وێنەیەمان لە زەینی کەسی مەبەستدا، بەڵکو لە زەینی کەسە پەیوەندیدارەکانیتریش کە ئاگاداری بوونی ئەو پەیوەندیەمانن. ئێمە هەموومان هەوڵ ئەدەین هەمیشە پەسەندکراوبین لەلای کەسانیتر و بە پێوەرەکانی ئەوان سەرکەوتووبین و خۆمان لە ڕەخنە و گەلەیی و گازەندەیان بپارێزین.

ئاسەوارەکانی دوخستنی بریاری دەرکردنی کەسی نەشیاو یان نەگونجاو لە ژیانتدا مەترسیدارن لەسەر ئاسوودەی و کۆی کایەکانی تەمەنی خۆت و ئەو کەسەش. لەوە دڵنیابە کەسی بەرامبەرت هەست دەکات تۆ ناتەوێت. لە هەلسوکەوتە خاو خلیچکەکانتەوە هەست دەکات، لە کاردانەوە بێ گیان و بێ گەرمی گوڕییە روحیەکانەوە هەست دەکات، لەو بیگاریەوە هەست دەکات کە کاتی بە تەنگەوەچوونی ئازار و پێداویستیەکانی و هاوسۆزیدا بە هەڵسوکەوت و هەستەکانتەوە دەردەکەوێت.

کێ دەڵێت ئەویش بیر لە هەمان بڕیار ناکاتەوە؟

بەڵێ زۆربەی کات ئەو چاوەڕێی تۆیە دەربازی بکەیت و تۆش چاوەڕێی ئەویت دەربازی بکەیت. ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ناو پەیوەندی هاوسەرگیریی شکستخواردوودا بوونێکی ژەهراوی و هەمیشە ئامادە و دانپێدانەنراوی هەیە...

کەواتە، چارەسەر چیە؟

چارەسەرێک کە کەمترین تێچوونی هەبێت لەسەر هەموو لایەنەکان و کەمترین دەرهاویشتەی نەخوازتراوی هەبێت، تەنها و تەنها دوا نەخستنی بڕیاری رووبەرووبوونەوەیە و کۆتای هێنانە بەو پەیوەندیە لە نزیکترین کاتدا.

هەموو چرکەیەک لە دواخستن ، تێچوونەکان زیاتر دەکات و ئازاری دەروونی هەموو لایەنکان لە ئایندەدا زیاتر دەکات، سەرەڕای کەمکردنەوەی هەلی دەستپێکردنەوەیەکیتر.

مەترسە لە کۆتایی هێنان بە پەیوەندیەکی ژەهراویی.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP