هەرێم نیوز
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
نیشتمانی کوردستان هەموو دەسەڵاتەکانی هاوسەرۆکیی لە لاهوور شێخ جەنگیی وەردەگرێتەوە
و دەدرێتە بافڵ تاڵەبانی و بڕیارەکەش لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت.
بڕیارەکەی مەکتەبی
سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاڵی یەکەمی کۆنووسی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسییە
کە لە رۆژی 15-7-2021 لەبارەی کێشەی هاوسەرۆکانەوە بەڕێوەچوو و وەک لە بڕیارەکەدا
هاتووە "لەلایەن سەرجەم هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسییەوە" پەسندکراوە.
بڕیارەکەش بەمشێوەیە:
1- هاوسەرۆک لاهوور شێخ جەنگی تێکڕای دەسەڵاتەکانی
دەدات بە هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی، تا کاتی تەواوبوونی هەموارکردنەوەی پەیڕەو.
2- ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجی
دەکرێت.
بڕیارەکەی مەکتەبی
سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ دەرچووە و بۆ نووسینگەی تایبەتی هەردوو
هاوسەرۆک، نووسینگەی تایبەتی بڕیاردەر و کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی، ئەندامانی مەکتەبی
سیاسی، سکرتاریەتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و نووسینگەی تایبەتی لێپرسراوی سکرتاریەتی
نێردراوە.
دوای ئەوەی پێش
نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 15-7-2021 گرژییەک لەبارەی گرتنی سیخووڕ لەماڵی مام جەلال
و دواتر کۆبوونەوەی لاهوور شێخ جەنگی لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان لەنێوان هاوسەرۆک روویدا،
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی "بە بەشداریی هەردوو هاوسەرۆک"ـی حیزبەکە لە پاشنیوەڕۆی
هەمان رۆژ کۆبووەوە.
رۆژی 08-07-2021
سەرەتای ناکۆکییەکانی نێو یەکێتی دەرکەوتن و بەرپرسی هەردوو دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر
گۆڕدران، دوای دوو کۆبوونەوەش لەنێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هیچ رێککەوتنێک
نەکران.
هەر لە رۆژی پێنجشەممە
15-07-2021، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەژماری فەرمیی
خۆی لە فەیسبووک پەیامێکی بە چەند وێنەیەکی خۆی لەسەر ئارامگەی مام جەلال، لەبارەی
دوایین گۆڕانکارییەکان لەنێو یەکێتی و دۆخی حیزبەکەی بڵاوکردەوە و خۆی وەکو سەرۆکی
یەکێتی ناوبردبوو و رایگەیاند "دواجار بڕیارە دروستەکەمان دا".