دواین هەواڵ

کوردستان‌

 06/02/2021

ئاری هەرسین: میللەتێک لەناوخۆیدا لەگەڵ یەک رێکنەکەوێت، چۆن دەتوانێت لەگەڵ لایەنی سێیەم رێکبکەوێت؟

هەرێم نیوز
ئارى هەرسین کادیرى پێشكەوتوی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی خولی پێشوی پەرلەمان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی یەکێتی و پارتی دەسەڵاتیان بەسەر زۆنەکانی یەکتردا نییە.

هەرسین لە کۆنفرانسی ئاستەنگ و چارەسەرەکان لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا لە میانەی پێشكەشكردنی وتارێكیدا وتی: "ئێرە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە نەک سویسرا، نە حساب بۆ یاسا دەکرێت نە بۆ دەستور، ئەو کەسەی سیاسەت دەکات و ئەوەندە خۆشبین بێت پێیوابێت  لە رێگەی یاسای و دەستوری عێراقەوە مافی کورد وەردەگرێت، ئەوا لە خەیاڵێکی تایبەتی خۆیدا دەژی".

وتیشی: "میللەتێک لەناوخۆیدا لەگەڵ یەک رێکنەکەوێت چۆن دەتوانێت لەگەڵ لایەنی سێیەم رێکبکەوێت؟".

 

دەشڵێت، "ئەمەش خەتای کۆمەڵ و یەکگرتوو گۆڕان نییە، بەڵکو ئەو سەرەتانەیە کە لە ٦٤ـەوە بەرۆکی ئێمەی گرتوە لە جیابونەوەی مەکتەبی سیاسی و مەلا مستەفا بارزانی، لەوکاتەوە بە ئەنواع شێوە رێگری یەکتر دەکەین، ئەگەر بە تفەنگ بۆمان نەکرێت یەک بکوژین ئەوا بەو شەڕی ساردە بێ مەعنایە دەیکەین".

 

بەپێی وتەى ئەو کادیرەى پارتی "کێشەی ئێمە لەگەڵ عەرەبدا هی ئەمڕۆ نییەو لە زەمانی فتوحیەتی ئیسلامییەوە ئەوە هەبوە، لە هەمو سەردەم و دەسەڵاتەکاندا رۆژێک نەبوە ئێمە پێکەوە بە خۆشی بژین".

 ئەو کادیرەى پارتی لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکردوە: "بۆ هەمو وەزعێکی سیاسی دەرەوە کاریگەریی هەیە زۆر سەیرم لەو دێت کاتێک خەڵک دەڵێن، تورکیا توندوتیژیان بەرامبەر دەکات، تورکیا وڵاتەکەی داگیرکردوی و گەورەترین بەشی خاکی پیرۆزی کوردستان لەلایەن جوندی تورکیاوە داگیرکراوە، تۆ چاوەڕوان دەکەیت رۆژانە دەستەگوڵت بۆ بنێرێت؟ کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێکە لە داگیرکاری لە خاکی کوردستان ئیتر بۆ گلەیی لێدەکەیت کە تۆپبارانت دەکات؟".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP