هەرێم نیوز
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە و گۆڕینی ئەرکەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق لەلایەن بایدنەوە پێداچونەوەی بۆ دەکرێت.
پاتریک رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن و پلانی کشانەوەیان نییە.
وتیشی، ئاگادارنین بەغداد بە رەسمی داوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای کردبێت و ئەوان لەسەر داوای عێراق ماونەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆکانی 11ی ئەم مانگە لەبارەی شەڕی دژی داعش و ھەماھەنگی ئەمنی و تەکنینی نێوان واشنتۆن و بەغداد بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕینی ئەرکەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق لەلایەن بایدنەوە پێداچونەوەی بۆ دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 10ی ئەم مانگەش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داوای 100 پەرلەمانتار کۆبوەوە و داوایانکرد، حکومەتی عێراق بڕیارێکی ئەنجومەنەکە کە لە ساڵی 2020دەری کردووە بۆ کشانەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق جێبەجێ بکات، بەڵام سونە و بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری کۆبونەوەکەیان نەکرد.
لەسەرەتایی ئەم مانگەوە ئەمەریکا دووجار خاکی عێراقی بۆردوومانکردووە، جارێک لەقائیم و عەکاشات و جارێکی دیکەش لەناوەندی پارێزگای بەغدا.
شەوی حەوتی ئەم مانگە بە درۆن هێرش کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک و دوو سەرکردەی باڵای هێزە چەکدارەکانی عێراقی تێدا کوژرا، دواتر هێزەکانی ئەمریکا بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند.
هەفتەی رابردووش ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان لە عێراق و سوریا.