دواین هەواڵ

عێراق‌

 12/02/2024

پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی بۆ سێ پڕۆژەیاسا کرد

هەرێم نیوز 

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و خوێندنەوەی بۆ سێ پڕۆژەیاسا کرد، هەروەها سەرۆکی کاتی ئەنجومەنەکەش بڕیایداوە بە سزادانی ئەو پەرلەمانتارانەی ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.

ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای ھاتووچۆ ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامدا، ھەروەھا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ھەمواری یەکەمی یاسای نەشتەرگەری چاندنی ئەندامانی مرۆڤ و رێگری کردن لە بازرگانی کردن پێوەی ئەنجامدا. پەرلەمانتارێکیش لەجێی پەرلەمانتارێکی دیکە سوێندی یاسایی خوارد.

ھەروەھا موحسن مەندەلاوی سەرۆکی کاتیی ئەنجومەنەکەش بڕیاریداوە بەبڕی یەک ملیۆن دینار سزای ھەر پەرلەمانتارێک بدرێت کە لە دانیشتنەکەدا  ئامادەییان نەبووە، کە لە دانیشتنەکەدا ١٦٨ ئەندام ئامادەبوون.
بڕیارە سبەینێش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە و شەش بڕگە تاوتوێ بکات و لە بڕگەی یەکەمدا لێپرسینەوە لەگەڵ سەرۆکی تۆڕی راگەیاندنی عێراق بکات. 

دواتریش خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پڕۆژەیاسا دەکرێت، کە بریتین لە پڕۆژەیاسای تۆمارکردنی گیانلەدەستدان و لەدایکبوون، ھەروەھا پڕۆژەیاسای وەرگرتنی زانیاری و ھەڵوەشانەوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و دەستەی باڵا بۆ پەرەدان بە ژنان. 

لە کۆتا بڕگەشدا، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندکردنی کۆماری عێراق لەسەر پرۆتۆکۆلی ھەمواری ماددەی ٥٠ و ٥٦ لە رێککەوتنی فڕۆکەوانی مەدەنی نێودەوڵەتی بۆساڵی ١٩٤٤ دەکرێت



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP