هەرێم نیوز
بڕیارە دوای بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ئازاری ئەمساڵدا، قۆناغێکی دیکەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد دەستپێبکاتەوە.
عەلی فرات، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی گەلی کۆماری (جەھەپە) لە چاوپێککەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پێشبینی دەکات دوای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئاداری ئەمساڵدا، قۆناغێکی دیکەی پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد و ھەمواری دەستور لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڕێوەچوونی ژمارەیەک دیدار لە تورکیا و پێداگریی و سەرنجی گەورەی ئاکپارتی لەسەر بردنەوەی شارەوانی ئیستەنبوڵ، ئاماژەی ئەوەن دوای ھەڵبژاردن دەست بە گفتوگۆ دەکات لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و دەستورێکی نوێ.
لەمبارەیەشەوە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشوتری ھەدەپە لە دوایین پەیامیدا رایگەیاندبوو، لەپێناو دیموکراسیدا پێویستە کۆبونەوەکانی دەم پارتی لەگەڵ ئاکپارتی و جەھەپە بەردەوام بن.