دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی: بەمزوانە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەفەرمی ڕادەگەیەنین

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا کەشوهەوایەکی باش لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا بەفەرمی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕادەگەیەنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی 9ـی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند، خۆشحاڵن کە لە ئێستادا کەشوهەوایەکی باش لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا بوونی هەیە.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم ڕۆژانەدا بەفەرمی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ڕادەگەیەنن.

سەبارەت بە پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە کە ناتوانێت کاتی دروستی پێکهێنانی حکومەت دیاری بکات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە تا ئێستا کۆبوونەوەی باش ئەنجام دراون. 

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە کۆبوونەوەی باش لە نێوان سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، و لە نێوان هێزە ئەمنییەکاندا کراوە، و لە ئێستاشدا بەرەو ئاراستەیەکی دروست بۆ پێکهێنانی حکومەت هەنگاو دەنێن. 

تا ئێستاش هیچ وتەبێژێکی فەرمیی لایەنەکان وادەی کۆتایی پێکهێنانی کابینەی نوێی دیاری نەکردووە.

پڕۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، یەکێکە لەو پرسانەی کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە گرنگییەکی زۆری پێ دەدرێت. 

هاوکات گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت پێویستییان بە لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هێزە سیاسییە سەرەکییەکان هەیە بۆ دابینکردنی سەقامگیریی زیاتر لە هەرێمی کوردستاندا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP