دواین هەواڵ

عێراق‌

 11/02/2024

دادگای فیدراڵی لە بارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ جاری دەیەم لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و، دیار نییە ئەمجارەش سکاڵاکە یەکلایی دەکاتەوە یان نا.

دوای چەند جارێک دواخستن، چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایە بدات کە لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمارکراوە.

سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانییەوە پێشکەش کراوە.

رۆژی یەکشەممەی هەفتەی پێشوو 4ی2ی2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سکاڵاکە کۆببووەوە؛ بەڵام  بڕیاردانی بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی2ی2024 دواخست، دیاریش نییە ئەمڕۆ سکاڵاکە بە شێوەیەکی یەکجارەکی یەکلایی دەکاتەوە یان نا.

 مونا قەهوەچی، سکرتێری خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، کورسی کۆتای پێکهاتەکان، مافێکە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە بۆ پێکهاتەکان، بۆ نوێنەرایەتی کردنی نەتەوەکانی تورکمان و کریستیان و ئەرمەن، کە نوێنەرایەتیەکی راستەقینەی پێکهاتەکان دەکەن و ئەوەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان بێت درێغیان لێنەکردوە و لە داهاتووشدا هەر بەم شێوەیە بەردەوام دەبن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ کاتێک پێکهاتەمان نەبوونەتە بارگرانی و کێشە بۆ پرۆسەی حکومرانی لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەرێمی کوردستان بەم پێکەوەژیانە جوانە بۆتە لانکەی پێکەوەژیان و نموونەیەکی جوان لە ناوچەکە بەگشتی.

لەی خۆیەوە، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، دواخستنی بەردەوامی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکە جێگەی گومانە. ئاماژەی بەوەش کردبوو، هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌ كورسی كۆتاكان بكرێت، ده‌بێت به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پێكهاته‌كان بكرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP