دواین هەواڵ

جیهان‌

 09/02/2024

بنیامین نەتەنیاهۆ: فەرمان بە چۆڵکردنی شاری رەفەح دەکات

هەرێم نیوز

بنیامین نەتەنیاهۆ، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردوە ئامادەکاری بۆ چۆڵکردنی شاری رەفح بکەن، کە لە ئێستادا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارەی فەڵەستینی تێدایە، چۆڵکردنی ئەو ناوچەیەش بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە دژی بزوتنەوەی حەماس.

ئەمڕۆ هەینی، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "سەرۆکوەزیران فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە پلانێک بۆ چۆڵکردنی شاری رەفەح لە دانیشتووانەکەی و تێکشکاندنی کەتیبەکانی حەماس ئامادەبکات و پێشکێشی کابینەی جەنگی بکات".

ئاماژە بەوەشکراوە، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی راسپاردوە کە پلانی فراوانکردنی هێرشەکان ئاڕاستەی ئەنجومەنی جەنگی بکات، بۆ ئەوەی شارەکە چۆڵکبکرێت و هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس لە ناوببرێن.

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێشتا چوار کەتیبەی حەماس لە رەفەح ماون و دەبێت تێکبشکێندرێن.

بە وتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ناوچەی رەفح کۆتا پێگەی بزوتنەوەی حەماسە و پێویستی ‌هێزی چەکداری زیاتری بۆ بنێردرێت بۆ ئەوەی پلانی لەناوبردنی ئەو بزوتنەوەیە بەدیبهێنرێت.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش تا ئێستا راینەگەیاندووە کە ئەو خەڵکەی لە شارەکە دەردەکرێن بەرەو کوێ دەبرێن.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP