دواین هەواڵ

عێراق‌

 08/02/2024

بۆ یەکەمجار سەرژمێری گشتی لە عێراق بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچێت

 هەرێم نیوز 

کۆتایی  ئەمساڵ پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، ئەندامێکی لیژنەی باڵای سەرژمێریی عێراقیش دەڵێت، پرۆسەی سەرژمێری گشتی بە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەکرێت و مانگی پێنجی ئەمساڵ وەک ئەزموون لە چەند ناوچەیەک بەڕێوەدەچێت

مەحموود عوسمان، ئەندامی لیژنەی باڵای سەرژمێری لە عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵ پرۆسەکە بەڕێوە بچێت، بەڵام بە شێوەیەکی ئەزموونی لە مانگی پێنجی ئەمساڵ لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق و ھەرێمی کوردستان سەرژمێری بەڕێوە دەچێت تا بزانین ھەتا چەند پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت و ئەو کێشانەی دروستیش دەبن چۆن چارەسەر بکرێن.

وتیشی، ئێستا دەست بە ئامادەکارییەکان کراوە و بودجەیەکی باشیش تەرخان کراوە.

ئەندامەکەی لیژنەی باڵای سەرژمێری ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ کۆمپانیایەکی وڵاتی چین گرێبەست کراوە تا سەرژمێری ئەمجارە بەشێوەی ئەلیلکترۆنی بەڕێوە بچێت، ئەو کۆمپانیایە زۆر سەرکەوتووە لەبواری سەرژمێری. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمە بۆ جاری یەکەمە سەرژمێری گشتی لە عێراق بە سیستەمی ئەلیکترۆنی بەڕێوە دەچێت.

مەحموود عوسمان باسی لەوەش کرد، لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دراوە ئێمە لە ھەنگاوەکان لەگەڵ عێراق بڕۆین بۆ سەرژمێری گشتی و پشکی ھەرێمی کوردستان لەناو بودجەی سەرژمێری گشتی عێراق دیارکراوە، بودجەی ئەمساڵ بە بەردەوامی دەگاتە ھەرێمی کوردستان، بڕیارە پشکی ساڵی ڕابردووش ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت، ئێمەیش ھەنگاوەکانمان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ عێراق ئامادەکارییەکان بکەین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP