دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 07/02/2024

ئیسرائیل لە پێشنیاری حەماس بۆ ئاگربەست دەکۆڵێتەوە

هەرێم نیوز

ئاژانسی ڕۆیتەرز نهێنی گفتوگۆ و دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردووەتەوە و بەگوێرەی بەڵگەنامەکان ئیسرائیل سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە پێشنیارەکان.

حەماس پێشنیاری ئاگربەستی کردووە، بەمشێوەیە، بۆ ماوەی چوار مانگ و نیو ئاگربەست بکرێت، لەو ماوەیەدا هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن، و ئیسرائیلیش هێزەکانی لە کەرتی غەززە بکشێنێتەوە و ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بکرێت.

وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە وردی لە پێشنیارەکە دەکۆڵێتەوە، بڕیارە دواتر ڕۆژی چوارشەممە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی سازبکات.

تەلەفزیۆنی کەناڵی ١٣ی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکە کە ناوی نەهێنراوە، ڕایگەیاندووە، هەندێک لایەنی پێشنیارەکان قبوڵکراو نییە و بەرپرسان مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەو پێشنیازە ڕەتبکەنەوە یان داوای دەستکاریکردن بکەن.

ئەم پێشنیارەی حەماس کە ناوەڕۆکەکەی بۆ یەکەمجار لەلایەن ڕۆیتەرزەوە بڵاوکرایەوە، وەک وەڵامێکە بۆ پێشنیارێکی پێشووتر کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە داڕێژرابوو، و هەفتەی ڕابردوو لەلایەن قەتەر و میسرەوە گەیاندرایە حەماس.

هەروا ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دوای گەیشتن بە ئیسرائیل لەگەڵ ناتانیاهۆ تاوتوێی ئەو پێشنیارەی کردووە.

بۆشایی گەورە لە نێوان هەردوو لایەندا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو، تا حەماس لەناو دەچێت، سەربازەکانی لە غەززە دەرناهێنن و کۆتایی بە شەڕەکە ناهێنن. حەماسیش ڕاگرتنی جەنگ وەک پێشمەرجی ئاگربەست دانەناوە، بەڵکو وەکو مەرجێک کە دەبێت لە دانوستانەکانی داهاتوودا چارەبکرێت.

سەرچاوەیەکی دیکەش بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، حەماس هێشتا دەیەوێت گەرەنتی له قەتەڕ و میسر و دەوڵەتە دۆستەکانی دیکەوه وەربگرێت، که ئاگربەستەکە دوای ئازادکردنی بارمتەکانی ئیسرائیلیش هەر بەردەوام بێت.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەی کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بینویەتی و سەرچاوەکان پشتڕاستییان کردۆتەوە، لە قۆناغی یەکەمی 45 ڕۆژدا سەرجەم ژنە بارمتەکانی ئیسرائیلی و پیاوانی خوار 19 ساڵ و بەساڵاچووان و نەخۆشەکان ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەریشدا ژنان و منداڵانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا ڕاگیراون ئازادبکرێن.هەروا ئیسرائیل دەبێت هێزەکانی لە ناوچەی غەززە بکشێنێتەوە.

جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستیش دەست پێناکات، تا ئەو کاتەی لایەنەکان "دانوستانی ناڕاستەوخۆ سەبارەت بەو پێداویستیانەی کە پێویستن بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکان و گەڕانەوە بۆ ئارامیەکی تەواو" ئەنجام نەدەن.

لە ئێستاشدا ئەنتۆنی بلینکن لە ناوچەکەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە. لەلایەکی تر سعودییە ڕایگەیاندبوو، ئێمە ئامادەنین ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆبکەن مەگەر دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ فەڵەستین ڕاگەیەندرێت، کە ئەمە خۆی پێشنیاری ئەمریکاش بووە بۆ ئیسرائیل، بەڵام تا ئێستا ناتانیاهۆ ڕەتیکردووەتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP