دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 06/02/2024

پ. د ئیدریس هەرکی: پێویستە زانکۆکان دەرچووان بۆ بازاڕی کار ئامادە بکەن

محەمەد جەمال – هەولێر

سەرۆکی زانکۆی پۆڵیتەکنیکی هەولێر سەبارەت بە پلانی زانکۆکان دەڵێ، دەبێت زانکۆکان بە پرۆگرامەکانی خوێندندا بچنەوە و دەرچووان بۆ بازاڕی کار ئامادە بکەن، نەوەک حکومەت دایانبمەزرێنێت.

پ. د ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆڵیتەکنیکی هەولێر بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، پێشتر کاری زانکۆکان ئەوە بوو کە دەرچووان بۆ حکومەت ئامادە بکات، تاوەکو حکومەت دایانبمەزرێنێت.

دەشڵێت، ساڵانە ٢٥ تا ٣٠ هەزار قوتابی لە تەواوی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان دەردەچن، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە و حکومەت ناتوانێت ئەو ژمارە زۆرەیە دابمەزرێنێت.

پ. د. ئیدریس باس لەوەش دەکات کە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ماوەی چەند ساڵێکە قوتابیان ئامادە دەکات بۆ بازاڕی کار، بۆئەوەی دوای دەرچوونی یەکسەر پەیوەندی بە بازاڕی کارەوە بکەن و چاوەڕێی حکومەت نەکەن بۆئەوەی دایانبمەزرێنێت.

سەرۆکی زانکۆی پۆڵیتەکنیکی هەولێر ڕوونیشی دەکاتەوە" کە زانکۆکان دەبێ بە پرۆگرامەکانی خوێندن و بەشە زانستییەکاندا بچنەوە، هەروەها ئەو پرۆگرامەی کە لەو بەشە دەخوێندرێ، دەبێ بەو شێوازە بێ کە قوتابیان دوای دەرچوونیان ئامادە بکات بۆ بازاڕی کار و لە بازاڕی کاردا کاری دەست بکەوێت.
گوتیشی، خۆشبەختانە ئەمسال لە زانکۆی پۆڵیتەکنیکی هەولێر ئەم کارە ئەنجامدرا، و بۆ یەکەم جاریش بوو ئەو کارە لەسەر ئاستی زانکۆکانی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەویش کردنەوەی پێشانگەی هەلی کار بوو بۆ دەرچووانی زانکۆی پۆڵیتەکنیکی هەولێر.

سەبارەت توێژینەوە زانستییەکانیش د. ئیدریس دەڵێت، کاری زانکۆ هەر ئەوە نیە مەعریفەت پێشکەش بکات، بەڵکو یەک لە کارە هەرە گرنگەکانی توێژینەوەی زانستییە، بۆیە پێویستە زانکۆکان پلانی تایبەتیان هەبێت لەسەر توێژینەوەی زانستی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP