دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 03/02/2024

هێرشەکە بە دەنگێکى گەورە دەستیپێکرد، بەڵام پێناچێت بۆماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت

هەرێم نیوز 

هێرشەکانى درەنگانى شەوی رابردووی ئەمریکا، بۆ سەر عێراق و سوریا ، کاردانەوەى ناوچەیی و جیهانی بەدوای خۆیدا هێناو چاودێرانیش باوەڕیان وایە هێشتا نە ئەمریکا و نە ئێران نایانەوێت لەجەنگی راستەوخۆی یەکترییەوە بگلێن و تەنها وەڵامدانەوەیەکی درەنگوەختى هێرشەکەى ئێرانە بۆسەر بارەگاکانى لە وڵاتى ئوردن . 

لە عێراق وەزارەتی دەرەوە، کاربەرێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا بانگێشت دەکات و نامەی ناڕەزایی پێدەدات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش هێرشەکای ئیدانەکردو گوتی، ئەمریکا  سەرکێشی و هەڵەیەکى ستراتیژى ئەنجامداوە، هەروەها راگەیەنراوێکی سوپای سوریاش، هێرشەکەی ئەمریکای بەهەوڵێک بۆ زیندووکردنەوەی داعش لە عێراق و سوریا وێناکردووە. 

پێچەوانەی ئەو دوو هەڵوێستەى پێشەوەش، بەریتانیا پشتیوانی لە هێرشەکەی ئەمریکا کرد و بە مافی ئەمریکاى زانی بەگریی لە بەرژەوەندییەکان بکات، لەلایەکی دیکەوە جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتى دەرەوەى نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد هەوڵبدەن خۆیان بەدووربگرن لە تەقینەوەی دۆخەکە و پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردووی ئەمریکا بۆسەر بارەگەی هێزە ئەمنییەکان بڵاوکردەوە و گوتی، لانیکەم 16 کەس کوژران و 25ـی دیکەیش بریندارن، لەنێویشیاندا خەڵکی مەدەنی هەن و هێرشەکانی بە "دەستدرێژی" بۆسەر سەروەریی عێراق ناوبرد و گوتی، هێرشەکان ئاسایشی عێراق و ناوچەکە دەخەنە لێواری هەڵدێر و مەترسییەوە. 

ناوبراو رەتیکردەوە لەبارەی هێرشەکەوە هەماهەنگیی پێشوەختە لەنێوان عێراق و ئەمریکادا هەبووبێت و هەموو ئەو ئەگەرانەشى بە "بانگەشەی درۆ" ناوبرد و گوتی، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بازنەی ئەرکەکانی خۆی دەرچووە و بووەتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی عێراق. 

ئەگەرچی هێرشەکان چڕوپڕ بوون و 85 پێگەیان لە حەوت شوێنی جیاوازی عێراق و سوریا لەرێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومانکرد، تەنها 30 خولەکی خایاند، ئەمەش بە ماوەیەکی کورت بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکەی ئوردن وەسفدەکات. 
کەناڵەکانى (سی ئێن ئێنی ئەمریکی) و (بی بی سی بەریتانی) لە دوو راپۆرتی شیکاریدا شیکارییان بۆ هێرشەکان کردووە، کە تاچەند هێرشەکە لە ئاستی وەڵامی هێرشەکەی ئوردندا بووە و بۆچی ئەمریکا هێرشەکەی بۆماوەی یەک هەفتە دواخستووە و زیانەکانى ئەو دواکەوتنە چی بووە؟ 
ئیدارەی بایدن رووبەڕووی پرسیار و رەخنەی زۆری کۆمارییەکان بووەتەوە لەبارەی کاتی هێرشەکان و بەهێزییان. بەڵام شارەزایانی سیاسەتی بیانیی پێیانوایە درەنگ وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانە، رێگەیداوە بە ئێران هێزە سەربازییەکانی خۆی بکێشێتەوە، سوودی سەرەکیی دواکەوتنی هێرشەکانیان باسکردووە. 
هاوکات کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی باس لەوە دەکات، ناردنی ئەو پەیامانە بۆ کەمکردنەوەی زیانی هەڵە تێگەیشتن بووە لە نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەمەش وایکردووە گرووپە میلیشیاییەکان شوێنی پێگەکانی خۆیان بگۆڕن و ئاماری قوربانییان کەمتر ببێتەوە. راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هۆشدارییەکانی هەفتەی رابردووی ئەمریکا بۆ ئەوە بووە دڵنیایی بدەن کە هێرشەکانی ئەمریکا خزمات بە ئیسرائیل ناکەن، کە رەنگە بووبانە هۆی تۆڵەکردنەوە لە ئیسرائیل و هێندەی دیکە ئاڵۆزییەکانی قوڵتر کردبایەوە. 
سی ئێن ئێن دەڵێت ئەمریکا بۆیە دەیەوێت لە ئێستادا خۆی لە شەڕی ئێران بپارێزێت، دۆخەکە لەمساڵدا جیاوازە لە ساڵی 2020 کە تیایدا ئەمریکا راستەوخۆ هێرشی کردە سەر قاسم سلێمانی، ئێستا بەشێوەیەکە، لەسەر لێواری تەقینەوەدایە لە ناوچەکەدا، هەربۆیە نە ئەمریکا و نە ئێرانیش، نایانەوێت بکەونە ناو ئەو شەڕەوە کە ئەگەر رووبدات کۆتاییهێنانی ئەستەمە، بەتایبەت بۆ ئەمریکا کە ئەمساڵ هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازی لەپێشە. 
لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیش لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، سەرکۆنەی هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی ئەمریکا بۆسەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی دەکەین، کە بەشێکن لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق. 
لیژنەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەم هێرشانە پێشێلکاریی سەروەریی عێراقن و دووبارەبوونەوەیان دەبێتە هۆی لاوازبوونی مامەڵەی ئەمنیی نێوان عێراق و ئەمریکا و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، لەڕێگەی بەرزکردنەوەی سکاڵایەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتى تێکچوونى ناوچەکە بخرێتە ئەستۆی ئەمریکا. 
 ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەى ئێران، هێرشەکانى شەوى رابردووى ئەمریکاى بە پێشێلکردنی سەروەرى ئەو دوو وڵاتە و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد، راشیگەیاند، ئەم هێرشانە جگە لە پەرەسەندنی گرژی و ناسەقامگیریی ناوچەکە هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP