دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 03/02/2024

گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا بۆچی گەیشتە ئەم ئاستە و بەرەو کوێ دەچێت؟

هەرێم نیوز

ئەمریکا هێرشی بۆ سەر میلیشیاکانی ئێران دەستپێکردووە، لەگەڵ ئەوەی دەزانێت سەری مارەکە ئێرانە، کەچی جەنگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێران ناوێت. لەلایەکی تر بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە چەند ئاماژەیەک هەن کە دەریدەخەن سەرکردەکانی ئێران تووڕە و نیگەرانن لە هەندێک ڕەفتاری "خۆسەری" هێزە پرۆکسییەکانیان لە عێراق و سوریا.

ئێستا کە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر هێزە میلیشیاکان دەستی پێکردووە، پرسیاری ئەگەری فراوانبوونی جەنگ هاتووەتە ئاراوە. لە کاتێکدا چەندان ساڵە ئێران و ئەمریکا لەسەر بنەمای لەیەک تێگەیشتن شەڕ دەکەن و سنوور تێناپەڕێنن.

کێشەکان لە کوێوە دەستیپێکرد؟

ڕیشەی ڕووداوەکان لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023ەوە دەستی پێکرد، لەو ڕۆژەدا بوو حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، 1200 کەسی کوشت و 240 کەسی وەک بارمتە گرت و بردیەوە بۆ ناو کەرتی غەززە. لەوێ بەدواوە جەنگی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر حەماس لە کەرتی غەزە و پاشانیش هێرشی زەمینی دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

چەندان گرووپی میلیشیای عێراقی و سوری، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی لۆجستیکی، سەربازی و دارایی دەکرێن، وتیان ئێمە وەک پاڵپشتیکردن لە حەماس، هێرشدەکەینە سەر بنکەکانی ئەمریکا، چونکە هەم ئەمریکا وەک داگیرکەر دەبینن لە خاکی عێراق، هەم وەک پاڵپشتیکاری ئیسرائیل دەیبینن.

میلیشیاکان، زیاتر بەناوی "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" دەستیان کرد بە هێرشی درۆنی بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا. نزیکەی 160 جار بەدرۆن و مووشەک بنکەکانی ئەمریکایان بەئامانگرتبوو. بەڵام هەمیشە هێرشەکانیان لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی بنکەکانی ئەمریکاوە پووچەڵدەکرایەوە، هیچ کوژراویشی لێنەکەوتبووەوە. هەندێکجاریش ئەمریکا بە هێرش بۆ سەر بنکەی میلیشیاکان وەڵامیان دەدانەوە.

تاوەکو لە یەکشەممەی ڕابردوو ڕووداوێک بووبە خاڵێکی گۆڕانکاری. بۆ یەکەمجار دوای 7ی ئۆکتۆبەر، هێرشێکی میلیشیاکان بووبە هۆی کوژرانی سەربازی ئەمریکی. هێرشەکە بۆ سەر بنکەی "تی 22" ئەمریکا بوو، دەکەوێتە سنووری ئوردن و سوریا.

ئەمریکا چیتر نەیدەواتی بێدەنگ بێت، بەتایبەت کە جۆ بایدن سەرۆککۆماری ئەمریکا لە ناوخۆی وڵات فشاری زۆری لەسەر بوو وەڵامی توندی ئێران و میلیشیاکان بداتەوە.

لەگەڵ ئەوەی جۆ بایدن دەزانێت سەری مارەکە ئێرانە، بەڵام نایەوێت لەگەڵی بکەوێتە جەنگەوە. بەڵکو تەنیا میلیشیاکانی لە سوریا و عێراق دەبێت باجی هێرشەکانیان بدەن.

بۆیە شەوی هەینی، 2ی مانگی شوباتی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، 85 ئامانجیان لەنێو عێراق و سووریا بۆردوومانکردووە کە لە لایەن فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی، بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەکارهێنراون.

ئەو 85 ئامانجە کەوتوونەتە 7 شوێن، چواریان لە سووریا و سیانیان لە عێراقن. کۆشکی سپی رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانیان 30 خولەکیان خایاندووە. بەوتەی باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە هێرشەکاندا 16 کەس کوژراون و 25ی دیکەش بریندار بوون.

ئاکامەکەی بەکوێ دەگات؟

گۆڤاری پۆلیتیکۆ لەسەر زاری بەرپرسانی ئەمریکا، ئەگەری ئەوەی خستەڕوو کە ئێران کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر هێزە میلیشیاکانیدا نەبێت وەک ئەوەی کە دەردەکەوێت.
سی ئێن ئێن، لە ڕاپۆرتێکدا لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی حکوومەتی ئەمریکا، بڵاویکردبووەوە، کە هێرش بۆ سەر بنکەی ئەمریکی لە ئوردن کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٣ سەربازی ئەمریکی، ئێرانی تووشی  "غافڵگیری" کردووە و سەرکردە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی نیگەران کردووە.

تەنیا نیگەرانی لە هێزە پرۆکسییەکانی عێراق و سوریا نیە، بەڵکو لەلایەکی تر کێشەی حوسییەکانی یەمەنیش هەیە. حوسییەکان بەشێکی گرنگی یەمەنیان بەدەستەوەیە، نزیکی کەناراوی دەریای سوور. ئەوانیش دوای جەنگی حەماس و ئیسرائیل، هێرشی مووشەکییان بۆ سەر ئەو کەشتییانە دەستپێکرد کە بەرەو ئیسرائیل دەڕوات و دەڵێن لە پشتگیری حەماس دەجەنگین.

هەرچەندە بەریتانیا و ئەمریکا دەڵێن ئێران پاڵپشتی حوسییەکان دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێی زانیاری ئەمریکییەکان دەرکەوتووە کە تاران نیگەرانە لە حوسییەکان. وادیارە حوسییەکان ئەم هەلەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان قۆستووەتەوە و زۆر لەژێر کاریگەری ئێراندا نین.

زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن، کە هێرشی حوسییەکان لە دەریای سوور، بەرژەوەندی بازرگانی هیند و چینیش دەخاتە مەترسییەوە، کە هاوپەیمانی گرنگی ئێرانن. پێشتریش چین داوای لە ئێران کردبوو کە هێرشی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر هێڵی بازرگانی کەشتییەوانی ڕاگرێت.

بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە چۆن ئەم زانیاریانەیان دەستکەوتووە، بەڵام باس لەوە دەکرێت کە ئەمریکا لەم دواییانەدا توانیویەتی زانیاری زیاتر لە بۆچوونی بەرپرسانی باڵای ئێران لە ڕێگەی شێوازی جۆراوجۆرەوە وەربگرێت، لەوانە دامەزراندنی سیخوڕ و گوێگرتنی نهێنی لە پەیوەندییەکانی ئێران.

پنتاگۆن ڕایگەیاندووە، شەڕی لەگەڵ ئێران ناوێت و باوەڕیشی بەوە نییە تارانیش شەڕی دەوێت، تەنانەت لە کاتێکدا فشارەکانی کۆمارییەکان لەسەر بایدن زیادی کردووە بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ گورزی لێبدات.

کۆشکی سپی بە باسکردنی پێشوەختەی پلانەکانی پێش هێرشەکان، دەرفەتی دوورخستنەوەی فەرماندە و کارمەندان بە ئێران دەدات، کە ئەمەش کاریگەرییەکانی هێرشەکانی ئەمریکای کەم کردەوە.  هاوکات دەتوانێت گوشارەکانی سەر تارانیش بۆ تۆڵەسەندنەوە کەم بکاتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP