دواین هەواڵ

کلتور‌

 09/01/2024

خانەقا و مزگەوتەکانی هەورامان و شارەزوور لە ناوەندێکی فیکری جیهانیەوە بەرەو داهاتوویەکی تاریک

هەرێم نیوز

کەم نەتەوە هەیە ئەمڕۆ هێندەی کورد لەخۆی نامۆ کرابێت. نەتەوەکانی دراوسێمان ئەوەی کە هەیانە دە هێندە لە خۆیان و جیهانیان گەورە کردووە. بەڵام کورد سەد هێندە لە خۆی نامۆ بووە و خۆی لا بچووک بووتەوە. ئاوڕدانەوەیەک تەنها لە ناوچەیەکی کوردستان، هەندێک لەو ڕاستیانەمان بۆ ڕووندەکاتەوە.

لە ڕابردوودا هەورامان و شارەزوور، کە لە هەندێک شوێندا تێکەڵ دەبن، ناوەندێکی فکری جیهانی بووە. ئەمە قسەڵۆکی خەیاڵی و پیاهەڵدان نیە، ئەوە ڕاستیەکی بەڵگە لە پشتە.  نزیکی حەوت سەد ساڵ لەمەوبەر، یاقوتی حەمەوی کە دێتە شارەزوور، دوای ئەوەی کە ئاماژە بە کوردبوونی ناوچەکە دەکات، دەڵێت زانا شارەزووریەکان کۆنتڕۆڵی خوێندنگە ئیسلامیەکانیان کردووە و ئاماژە بە چەندینیان دەکات و دەڵێت مرۆڤ توانای ژماردنیانی نیە  و پێی وایە کە هیچ شوێنێک لە وڵاتە ئیسلامیەکاندا هێندەی ئەو دەڤەرە زانای تێدا هەڵنەکەوتووە. ڕاستیەکەی هیچ شوێنێک هێندە قازی گەورەی تێدا دروست نەبووە. 

ئەم وەسفەی یاقوت بێ هۆکار نیە، یەکێک لە فەیلەسوفە گەورەکان کە لە شارەزوور خوێندوویەتی و ووردەکاری ژیانی نازانرێت، شەمسەدینی شارەزووریە. شەمسەدین چەندین پەرتووکی لێ بەجێماوە و لە دوای شەهدیبوونی فەیلەسوفی کورد، سورەوەردی، شارەزووری بووە بە میراتگری ئەو ڕێچکە فەلسەفیە و لە ئاستی جیهاندا وەک فەیلەسوفێک ناسراوە. بەداخەوە هەتاوەکو ئەمڕۆ هیچ کام لە پەرتووکەکانی لە عەرەبیەوە نەکراون بە کوردی. ئەم ڕەوتە زانستیە لە دەڤەرەکەدا بۆ سەدان ساڵ دواتر بەردەوام بووە. یەکێکی تر لەو سەدان زانا کوردە جیهانیانەی کە لە سەدەی حەڤدەیەمدا لە شارەزوورەوە سەریهەڵداوە، برایم کوردی گۆرانی شارەزووریە.

وەک بەناوەکەیدا دیارە، ئەو کورد بووە و گۆران (هەورامی) بووە و شارەزووریش بووە. برایم لە ساڵی ١٦١٥ لە (شەهران/شعران/شاران) لەدایکبووە و لەوێش فەلسەفە، ژیربێژی، ئەندازە، ئەستێرەناسی و چەند زانستێکی تری خوێندووە. واتە خوێندنی هەر لە هەورامان و شارەزووردا بووە. کاتێک برایم شارەزووری بەرەو بەغدا جێهێشتووە، بەهۆی ئەو پاشخانە زانستیەی کە لە خوێندنی ئەو دەڤەرە بەدی هێناوە، لە هەموو شوێنێک بە وانەگووتنەوە ژیاوە. بەڵام بەردەوامیش بووە لە خوێندن و فێربوون. دوای بەغدا ڕووی کردۆتە دیمەشق و دواتر میسر و بۆ دواجار لە مەدینە گیرساوەتەوە. ئەو کات کە هێشتا وەهابیەت ڕووی نەکردبووە سعودیە، شاری حیجاز و مەدینە، زانا گەورەکانی ئیسلام ڕوویان تێکردووە و هەموو زانستەکان لەوێ دەخوێنران. تەنانەت زانستی مۆسیقا بە تیۆری و کردەییش، شانبەشانی زانستەکانی تر لە حیجازدا خوێندراوە. بۆیە بۆ زانایەکی گەورەی وەک برایم، ئەوێ شوێنیکی گرنگ بووە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ زانا جیهانیەکان و برەودان بە فکر و بیروباوەڕی سۆفیگەری و فەلسەفی.

دوای مردنی مامۆستاکەی کە ناوی قەشاشی بوو، برایم بوو بە شێخی بێ ڕکابەری ڕێچکە سۆفیگەریەکانی نەقشبەندی، قادری و شاتری و گەورەترین زانای ئەو سەردەمەی مەدینە کە لەهەموو جیهانەوە خەڵک ڕووی تێدەکرد. برایم لەوێ بوو بە قوتب و پیرمەندێکی سۆفی جیهانی و داکۆیکەری گەورەی فیکر و فەلسەفەی ئیبن عەرەبی. بۆیە لە هەموو جیهانەوە خوێنکار ڕووی تێدەکرد. موسوڵمانەکانی ئەندەنووسیا بە تایبەت، لەژێر کاریگەری فیکریی ئەم پیاوە کوردە و کەسێکی کوردی بەرزنجیدا بوون و ئەو کاریگەریە هەتاوەکو ئەمڕۆش لەسەر ئەندەنووسیا بەردەوامە. لە ناو خوێنەواری ئەندەنووسیدا ئەو دوو زانایە ناسراون. زانایی برایم بەشێوەیەک بوو، کاتێک کە لە هندستان مشتومڕ لەسەر بۆچوونەکانی ئیبن عەرەبی هاتەکایەوە، ئەوان پەنایان بۆ برایم برد، وەک گەورەترین پیرمەند و شارەزا و داکۆکیکەر لە فکری فەلسەفی ئەو زانایە، کە بابەتەکەیان بۆ یەکلابکاتەوە. لەسەر داوا و چاودێری ئەو، قوتابیە کوردەکەی، محەمەد ڕەسوڵی بەرزنجی وەڵامی زاناکانی هندستانی دایەوە و بابەتەکەی یەکلاکردەوە بۆیان. تەنانەت، بەرزنجی قوتابی، پەرتووکێکی خزمێکیشی لەسەر ئیبن عەرەبی لەو سەردەمەدا لە فارسیەوە بۆ عەرەبی وەرگێڕاوە. برایم ١١٢ کاری لێبەجێماوە و ژمارەیەکی باش لە دەستنووسی پەرتووکەکانی لە جیهاندا بڵاون. 

زانا کوردەکان لەو سەردەمەدا نوێنەری خوێندنەوەیەکی تایبەتی خۆیان بوون بۆ ئیسلام و خاوەنی قوتابخانەیەک بوون لەو بوارەدا. ئیسلامی کوردی، بوارەکانی سۆفیگەری، فەلسەفە و ژیربێژی و بە گشتی عەقڵانیەت باڵی کێشا بوو بەسەریدا و لە مەدینە و حیجازیشدا ئەوان پێشڕەوی داکۆکیکردن بوون لەو ڕێچکە کوردیە. ئەو کاتەش هەندێک جار دژایەتی ئەم ڕێچکەیەیان دەکرد، بەڵام حیجاز و مەدینەی ئەو سەردەمە، هێشتا وەهابیەتی نەناسی بوو، لەبەر ئەوە تەنها هەوادارانی سەلەفی بوون کە دژی ئەوان بوون. ئەم قوتابخانە کوردیە سەدان زانای جیهانی هێناوەتە کایەوە. مەلای گۆرانی، کە ئەویش لەدایکبووی شارەزوور بووە و لە ساڵی ١٤٨٠ هەتاوەکو ١٤٨٨ موفتی ئەستەمبوڵ بووە، بەرهەمی ئەو قوتابخانە فیکریە کوردیە بووە. 

لە ڕاستیدا ئەو دەڤەرە ژمارەیەکی زۆر لە زانای نازناو گۆران، شارەزووری و بەرزنجی هێناوەتەکایەوە. بوونی مەولانا خالدی شارەزووری، شەمسەدینی شارەزووری، پیر شالیار، ئیبراهیم کوردی گۆرانی شارەزووری، سوڵتان سەهاکی یارسانی، عابدینی جافی یارسانی، نێرگز خانمی شارەزووری یارسانی، شێخ عوسمانی بیارە و سەدانی تر، شایەتی ئەو ڕاستیەن. ئەم ڕێچکە کوردیە هەتاوەکو سەدەی بیستەمیش بەردەوام بووە. بەداخەوە زەڵمی و مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس، دوو کەسایەتی گەورەی کۆتاییەکانی ئەو قوتابخانە کوردیەی ئەو دەڤەرەن. هەر بۆیە زەڵمی بەخۆیدا ڕادەبینی و دەیگووت (بەو مەزهەبە ناکرێت بەڵام بە مەزهەبی من دەکرێت). ئەو بڕوا بەخۆبوون و زاناییەی زەڵمی، مێژوویەکی دوور و قوتابخانەیەکی بەهێزی لە پشتەوە بوو. 

ئەم قوتابخانە کوردیە بناغەکەی لەسەر فەلسەفە و سۆفیگەری و لە مزگەوت و تەکێ و خانەقاکاندا خۆی بینیوەتەوە. بەڵام لەگەڵ سەردەمدا ڕۆژبەڕۆژ بەرگە ئەقڵانیەکەی لەدەست دەدات و گەر میراتگرانی ئەو ڕێچکەیە فریای نەکەون و ژیانێکی مێژوویی و ئەقڵانی پێدانەهێننەوە، ئەوا فکری وەهابی سعودی دەبێتە شوێنگرەوەی. 
نووسینی سۆران حەمەڕەش

تێبینی:
- وێنەکان دەستکردی هونەرمەندی کورد کاک ڕێبوار تاهیرە کە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی وێنە بۆ کەسایەتیە مێژووییە کوردیەکان. زۆر سوپاسی دەکەم. لە ڕاستەوە وێنەکان برایم کوردی گۆرانی شارەزووری، شەمسەدینی شارەزووری و پیر شالیارن. 
- چەندین ساڵە بەدوای (شەهران/شەعران) دا دەگەڕێم و زۆر بۆم گرنگە کە بیدۆزمەوە. شوێنەکە لە تەک زەڵم و وەک چیایەکیش ئاماژەی پێکراوە، بەڵام هەتاوەکو ئەمڕۆ نەمدۆزیوەتەوە. گەر ناوێکت لە خەیاڵدایە لەو دەڤەرە، تکایە بە سوپاسەوە لە شوێنی سەرنجدا دایبنێ. 
- ئەمە ئەوە ناگەیەنێت ناوچەکانی تری کوردستان خەڵکی زانای پێ نەگەیاندبێت. لێرەدا بابەتەکە لەسەر ئەو دەڤەرەیە و تاڕادەیەکیش سەرچاوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە لە ڕووی ژمارەی زاناوە، تایبەت بووە. 
- ئەگەر سەرنج بدەن من ناوی چەندین کەسایەتی گەورەی یارسانیشم وەک بەشێک لەو قوتابخانەیە هێناوە. ئەوانەی کە ناوم هێناون بەشێكن لە قوتابخانەکەی هەورامان و شارەزوور، سەرەڕای جیاوازی ئاینیان لەگەڵ زانا موسوڵمانەکان. لە ڕاستیدا لە ڕابردوودا زۆر نزیکتر بوون لە یەکتر. هەر لەبەر ئەوەشە ئەمڕۆ موسوڵمانانی ئەو دەڤەرە ساڵانە جەژنی پیر شالیاری یارسانی دەگێڕن. 
- من بە ئاگاوە وشەی (زانا) بەکاردەهێنم. ئەو کەسایەتیانە بە مانای وشەکە زانا بوون و تەنها پیاوی ئاینی و شارەزای ئایین نەبوون. لەبەر ئەوەی جگە لە ئایین، ئەوان شارەزای ئەستێرەناسی و فەلسەفە و ئەندازە و چەندین بواری تری زانستی بوون. نموونەی زانای کۆنتری کورد لە شاری دینەوەری نزیک کرماشان، ئەبوحەنیفەیە کە نزیکی ١٢٠٠ ساڵ لەمەوبەر پەرتووکی لەسەر مێژوو، زمان، ماتماتیک، ئەندازە، ئەستێرەناسی، کەشناسی، ڕووەک و چەندین بواری تر هەبووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP