هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، ئەمرۆ شەممە، دوای بڵاوبوونەوە کورتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە گوایە لە مەیدانی ئاژەڵان ئاژەڵی نەخۆش سەردەبڕدرێت و دەفرۆشرێتەوە بە هاوڵاتیان و بەتۆن دەبردرێن بۆ چێشتخانەکان.
ئاماژەی بەوەشداوە، تیمەکانی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک بە هەماهەنگی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر وپۆلیسی شارەوانی و نوێنەری ڤێتەرنەری
سەردانی مەیدانی ئاژەلانیان کرد بە مەبەستی پشکنین و بەدواداچوونی شوێنی ناوبراو و تەنها 4 ئاژەڵ سەربڕدرابوو و ئامادەکرابوو بۆ فرۆشتن ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی تەندروستییە کە دەبێت ئاژەڵ تەنها لە کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر سەرببردرێت بۆیە خاوەنەکەی ڕێکاری یاسایی بەرامبەردا دەگیرێتە بەر.
راشیگەیاند: تیمەکان دەستیان گرت بەسەر ئاژەڵە سەربراوەکان و ناردیان بۆ کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر بە مەبەستی پشکنین و دڵنیا بوونەوە لە تەندروستی ئاژەڵەکان
هاوڵاتیانی شاری هەولێری خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە تیمەکانی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک بەردەوام لە پشکنین و بەدواداچووندان بۆ گۆشتفرۆش و چێشتخانەکان و ئەو شوێنانەی کە خواردنی تێدا پێشکەش دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالیتی خواردنەکان و ڕێگری گرتن لە بڵاوبونەوەی هەر نەخۆشییەک.