دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 30/08/2023

كێ دەبێتە جێگرەوەى عەلی خامنەئی؟ خواستى ڕێبەریی لە نێوان بۆچونی خەڵک و پلانى دەسەڵاتدا

ماوەیەکە بابەتى جێگرتنەوەى عەلی خامنەئی، ڕێبەرى دووەمی کۆمارى ئیسلامی ئێران لەدواى دامەزرێنەرەکەى ئیمام خومەینى بوەتە جێگەى مشتومڕی ناوەندە جۆراوجۆرەکانى ئێران و تەنانەت لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو وڵاتەشدا هەڵاى ناوەتەوە، ئاخۆ ئەوەى دەبێتە میراتگری ڕاستەقینەى ئەو ڕیبەرە و سێیەم ڕێبەرى دینى و سیاسی ئێران کێ دەبێت و هەڵۆکە بەسەر کێوە دەنیشێتەوە؟ ئەوانە کێن ناویان لەناواندایەو ئەگەرى ئەوەى لێدەکرێت کە پشتگیریی سیاسی و سەربازیی لێبکرێت و شانسی ئەوەى هەیە ببێتە کەسی یەکەمی ئێران؟
ڕێبەرە لەنێوبراوەکان:

لە جێگری ڕێبەرەوە بۆ دەستبەسەریی:

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش وەک هەموو ڕژێمێکی سیاسی خاوەنى پرانسیپ، دەستور، تایبەتمەندی خۆیەتى و لەگەڵ ئەوەشدا لە ململانێی ناوخۆییش بێبەش نییە، هەر لەسەرەتاى شۆڕشەوە (ئایەتوڵا حوسەین عەلی مونتەزەریی) وەک جێگری ڕێبەری ئێران ناسێنراو و کەسایەتیەکی دیاری نێۆ کۆمارى ئیسلامی ئێران بوو، ئەو لە 24 ئەیلولی 1924 لە نەجەفئابادى سەربە پارێزگاى ئەسفەهان لەدایکبوە، لەسەردەمی شادا بڕیاری لە سێدارەدانى بۆدەرکراوە، بەڵام دواى سێ ساڵ لە زیندانى کردنی لە شۆرشی 1979 دا ئازادبوە، سەرەڕای ئەوەى لەبەرتوانا زۆرەکانى کراوە بەجێگری خومەینى، بەڵام لە زۆربەى بۆچونەکانیدا پێچەوانەى بیروباوەڕی خومەینى و چواردەورەکەى بوە، بەتایبەتى ڕای وابوە کە جەنگی عێراق و ئێران کارەساتى گەورە بۆ خەڵکی هەردوو وڵات بەدی دێنێت و پێویستە بەخێرایی کۆتایی پێبهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ ئەوەدا نەبوە کە ئێران دروشمەکانى (نەشەرقى نە غەربی) بەردەوام بڵێتەوەو بە پێویستى زانیوە دوژمنایەتى لەگەڵ ئەمریکا دروستنەکات، بەردەوام گلەیی بەرپرسانى ئێرانى گەیاندوەتە خومەینى و هەمیشە نیگەران بوە لە کاروباریان، بۆیە لە ساڵی 1989 هەموو بەرپرسیارێتیەکانى لێسەنراوەتەوەو خراوەتە ژێرچاودێریی و نیشتەجێکردنى زۆرە ملێ و ڕێگەى پێنەدراوە نە کەس ببینێت و نە هیچیش بڵێت، تا لە 19/12/2009 بە هۆی نەخۆشی دڵەوە گیانى لەدەستداوە.

لە سەرۆک کۆمارییەوە بۆ خنکان:

هەرچى کەسایەتى دووەمیشە (عەلی ئەکبەرى هاشمى ڕەفسنجانى) بوە کە لەساڵی 1980 تا 1989 سەرۆکی ئەنجومەنى شورا(پەرلەمان)ى ئێران بوە 1989  تا 1997 و بۆ ماوەى دووخول سەرۆک کۆمار بوەو لە 1989 تا 2017 سەرۆکی ئەنجومەنى  دیاریکردنى بەرژەوەندییەکانى ئێران بوە،لە 2007 تا 2009 بوەتە لێپرسراوى ئەنجومەنى شارەزایانى ئێران.
رەفسنجانى لە 25/8/1934 لە گوندێکی ناوچەى روفسنجانى پارێزگای کرمان لە دایکبوە، قوتابی خومەینى و ئایەتوڵا مەرعەشى و برۆجێردی و تەباتەبائی بوە، لەسەردەمی شادا حەوت جار دەستگیرکراوە ، ئەو لەنێو ئێرانیەکاندا بە کۆسەبەناوبانگ بوە کە بە کوردی بەمانای (قرش)دێت و پێیان وابوە کە بەئەندازەى قرش لەنێو دەریای سیاسەتدا مەترسیدارە، ئەو جگە لە بوارى سیاسی، نوسەر، بیرمەندێکی سیاسی بەهێزبوە، ئەو توانی خومەینى وادارى کۆتایی هێنان بە جەنگی هەشت ساڵە بهێنێت.
رەفسنجانى لە 8/1/2017 و لە هەلو مەرجێکی نادیاردا لەنێو مەلەوانگەى ژێرزەمینەکەى ماڵی خۆیاندا بەخنکاویی کەوتوەتە سەرئاو، لەنێو ئێران و دەرەوەش مردنی ڕەفسنجانى لێکدانەوەى زۆری بۆکراوەو زۆرینەى بۆچونى ئەندامانى خێزانەکەى و بەشێکی زۆری میدیاکان ڕایانگەیاندوە کە گومانی گەورەیان لەمردنەکەى هەیە.

لە پاسدارییەوە بۆ بەهێزترین پیاوى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست

کەسایەتى سێیەم، هەرچەندە لەڕوى تەمەن و ئەزمون و شارەزاییەوە لە دوو کەسایەتى پێشووتر کەمتر بوە، بەڵام لەڕوى ناوو تواناى سەربازیی و کاگێڕیی و بردنە دەرەوەى شۆڕشەوە ناوێک بوو کە زۆرینەى میدیاکانى جیهانى گرتبوەوە، گومانی ئەوە دەکرا لەدواى خامنەئی ببێتە جێگرەوە.

قاسم سولەیمانى، بەرپرسی سوپاى قودسی سەر بە سوپاى پاسداران، لە دایکبوى 11/3/1957 پارێزگاى کرمان، لەداوى سەرکەوتنى شۆڕشی ئێران چوەتە ڕیزی قوتابییەکانى خومەینییەوە، بە پاسداریی بەشداریی جەنگی هەشت ساڵەى وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق کردوە، پێش لەوەى جەنگ کۆتایی بێت بوەتە کەسایەتیەکى دیاری نێو سوپاو رۆڵی سەرەکی بینیوە لە هێرشەکانى ئێران بۆ سەر رۆژهەڵاتى کوردستان و لەسەرکوتکردنی کوردەکاندا ناوێکی دیاربوە، لەکاتى جەنگى هەشت ساڵەدا چەند جارێک بە پارتیزانى دزەى کردوەتە نێو خاکی عێراقەوەو عەرەبی زانێکی سەرکەوتوش بوە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا هەبوە بەتایبەتى کورد و شیعەکان. دواى تەواوبونى جەنگیش هەڵمەتى بنەبڕکردنى بازرگانی مادەى هۆشبەر لە ئەفغانستانەوە بۆ تورکیا و ئەوروپاى پێسپێردراوە، چوەتە ئەفغانستان و بوەتە بەرپرسی هێزە ئێرانیەکان لەدژى بزوتنەوەى تاڵیبان.

خامنەئی زۆر پشتیوانى کردوەو بە (شەهیدی زیندوو) و (بەهێزترین پیاوى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست) ناوى هێناوە، لەبردنە دەرەوەى بیروباوەڕی شۆرش و برەودان بە هیلالی شیعیدا رۆلی سەرەکی هەبوە، لە عێراقەوە دەردەکەوت و لە بەرزاییەکانى لوبنان و دەشتەکانى سوریادا ون دەبوو، ئەو بەجۆرێک سەرکردایەتى گروپە ئیسلامیەکانى سەربە ئێرانى دەکرد کە هیچ یەکێک لە بەرپرسانى ئەو گروپانە خاوەنى بژاردەو قسەى خۆیان نەبوون، کاتێک ئەو قسەى دەکرد دەبوو هەموان بێدەنگ بن.

ساڵی 2011 ناوى سولەیمانى بە ژمارە 1747 چوەتە لیستى تیرۆری ئەمریکاوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە دژایەتى داعش دا ڕۆڵی سەرەکی هەبوەو هەموانى ناچارکردوە کە مامەڵەى لەگەڵ بکەن و تەنانەت ئەمریکیەکانیش بە نهێنى لەگەڵی کۆببنەوە، لە سوریاو عێراق بەشدارێکی بەجەستەى دژ بە داعش بوە ، بەڵام کاتێک کە زانرا ئیتر کاتى ئەوە هاتوە کۆتایی بەو یارییە بهێنرێت لە رۆژی 3/1/2020 لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس و لەنێو فرۆکەخانەى بەغداد دا پێکەوە کوژران.

لەنێو میدیا ئێرانیە ئۆپۆزسیۆنیەکان و بەشێکی زۆری شەقامی ئێرانیدا قسەلەسەر ئەوە هەبوە کە خواستێکی ناوخۆیی هەبوە بۆ لەنێوبردنى قاسمس سولەیمانى بەو پێیەى گومانى ئەوە هەبووە ببێتە جێگرەوەى خامنەئی، بەڵام هیچ یەکێک لەو بۆچونانە نەسەلمێنران.

قاسمی سولەیمانى بە پێچەوانەى دوو سەرکردەکەى ترەوە لە مردنەکەیدا پێشوازییەکی هێندە گەورەى لێکرا کە مەگەر بۆ مەرگی خومەینى ئەوەندە خەڵک ئامادە بوبن.

بە پێى دەستورى هەمیشەیی ئێران دیاریکردن و هەڵبژاردنى سێیەمین ڕێبەرى کۆمارى ئیسلامی ئێران بە بون و ئامادەگی ڕێبەرى ئێستاش شتێکی ئاساییە و هیچ پێچەوانەیەک بۆ دەستور ناهێنێتە کایەوە، وەک لە بەشی یەکەمی ئەم ڕاپۆرتەدا باسمان کردوە بە بون و ئامادەگی خومەینیش (مونتەزەریی) بۆ ماوەى زیاتر لە 10 ساڵ جێگرى ڕێبەرى ئێران بوە، پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەم بابەتە پشتگوێ خراوە؟ لانى کەم بۆچى دواخراوە بۆ کاتى مردنى خامنەئی؟ ئایا لەنێو سەرانى ئێرانى دامەزراوە باڵاکانى ئەو وڵاتەدا لە نمونەى پەرلەمان و خوبرەگان و ئەوانى تردا دەنێگێک نییە ئەم بابەتە بوروژێنێت؟ گەرچى لە 17/12/2015 ئەحمەدی خاتەمی بابەتێکی لەو جۆرەى وروژاندوە بەڵام تا ئێستا نەبوەتە ڕاستەقینەو نەچوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

بە پێى دەستور، لەکاتێکدا کە ڕێبەر بەهەر هۆکارێک نەتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، تا ئەو کاتەى ڕێبەر دیاری دەکرێت بە شێوەیەکی کاتى ئەنجومەنێک کە لە (سەرۆک کۆمار، سەرۆکی ئەنجومەنى دادوەریی، یەکێک لە ئەندامە شارەزاکانی شوراى نیگەهبان، بە دەستنیشانکردنى ئەنجومەنى دیاریکردنى بەرژەوەندییەکان) ئەرکەکانى رێبەر بەیەکێک دەستپێردرێت، تا ئەو کاتەى رێبەر دیاریدەکرێت.
پرسیارى جدیی ئەوەیە ئەوانەى کە چوایان لەسەرە بۆ پڕکردنەوەى ئەم پۆستە لە ئێستەدا یان دواى مردنى خامنەئی کێن؟

پێشوارتەنها سێ بژاردەى گرنگمان لەو کەسانە باسکرد کە چاویان لەسەربوە ببنە سێیەم ڕێبەرى ئەو وڵاتە، بەڵام هەریەکەیان بەشێوەیەک لە شێوەکان تەمەن ڕێگەى نەدان و لەدواى مردنى مونتەزەریشەوە هەندێکجار رەفسنجانى باسی لە پڕکردنەوەى ئەو پۆستە کردوە بەڵام ئەویش لە مەرگێکی شاراوەى گوماناویدا لەناو مەلەوانگەکەى ماڵی خۆیاندا بە مردویی دۆزرایەوە، ئیتر کاتى ئەوە هاتوە بپرسین تیرەکان ڕوو لەکێن؟ یان ڕاستتر بازەکە بەسەر کێوە دەنیشێتەوە؟

بەپێى بەدواداچونەکان ئایەتوڵا موحسین ئاراکی (ئەندامی خولی پێنجەمی ئەنجومەنى شارەزایان – خوبرەگان) لە ساڵی 2020 دا باسی لەوەکردوە کە ئەنجومەنێکی سێ کەسى نهێنى لیستێکی نێهنیان ئامادە کردوە کە بەپێى مەرجەکانى دەستور بۆ ڕێبەرایەتی بشێت و تا ئەو کاتەش ناوى سێ کەسیان دەستنیشانکردوە، بەڵام هەموان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بەپێى مادەکانى (108-1019-110-111) ى دەستور دەسەڵاتەکان لەلای ئەنجومەنى شارەزایانەو هیچى تر، دەبێت ئەوەش بگوترێت کە دواى مەرگی کتوپری خومەینى یەکسەرە ناوى خامنەئی هاتە پێشەوەو هەر ئەوانیش یەکلاییان کردەوە.

بەپێى ڕاپۆرتێکی تایبەتى گۆڤاری (فارن ئەفرەز)ى ئەمریکی کە لە ساڵی 1922 ەوە بەردەوام هەردوو مانگ جارێک چاپ و بڵاودەبێتەوەو گرنگی بە بابەتە سیاسیەکان دەدات لە ڕاپۆرتێکیدا باس لە جێگرەوەى خامنەئی دەکات و ژمارەیەک کەسایەتى دیاریکردوە کە بەپێى ساڵى لە دایکبونیان ڕیزبەندی کراون و ئەمانەى خوارەوەن:

ئاملی؛ پیاوی فیقهـ و دژى بانکەکانى ئێران

عەبدوڵا جەواد ئاملی، لە 5/5/1933 لە دایکبوەو ئێستا تەمەنی 90 ساڵە، فەقیهـ، فەیلەسوف، عارف، شرۆڤەکارى قورئان، مەرجەعی دینى، ئەندامى ئەنجومەنى شارەزایان، ئەندامی ئەنجومەنى دادوەریی، ئەندامى ئەنجومەنى نوسینەوەى دەستور، ئیمام جومعەو وتاربێژى مزگەوتى قوم (کە دواتر دەستى لەکارکێشاوەتەوە)، یەکێک لە ڕەخنەگرانى سیستمى بانکییە و پێی وایە ئەوەى لە بانکەکانى ئێران ئەنجام دەدرێت ناشەرعی و نایاسییە، باوەڕی بەو بابەتە پزیشکییانە نییە کە دەدرێتە پاڵ پێغەمبەرى ئیسلام و دەڵێت 90%یان دوورن لە ڕاستییەوە. خاوەنى زیاتر لە 60 کتێبی جۆراوجۆرە.
رۆحانى؛  پیاوێکی قاڵ لە ئیدارەدان

حەسەنى رۆحانى، لە 12/11/ 1948 لە پارێزگای سمنان لەدایکبوەو ئێستا 75 ساڵ تەمەنیەتى، لە 1980 تا 2000 ئەندامی ئەنجومەنى شوراى ئیسلامی (پەرلەمان)بوە،  لە 1989 تا 2005 ئەمینداری ئەنجومەنى باڵای بەرژەوەندییەکانى ئێران بوە، لە 1992 تا 2000 جێگری سەرۆکى پەرلەمان بوە، لە 2013 تا 2021 بوەتە سەرۆک کۆماری ئێران.

بڕوانامەى ماستەرى لە شەریعەتى ئیسلامیدا لە زانکۆی گلاسکۆ بەدەستهێناوەو و دواتریش لە هەمان زانکۆ بڕوانامەى دکتۆرای بەدەستهێناوە، زمانەکانى عەرەبی و ئینگلیزی بەباشی دەزانێت، خاوەنى زیاتر لە 20 کتێبە، بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی و ئینگلیزیی. لەبوارى دبلۆماسیەت و گفتوگۆو دانوستاندا سەرکەوتوو بوە لەگەڵ یەکێتى ئەوروپا.

ئاراکی؛ قازی دادگاى شۆرش

محسین محەمەدى ئەراکی (کە هەندێک دەڵێن عێراقی) ساڵی 1956 لە نەجەفى عێراق لەدایکبوە و ئیستا تەمەنى 68 ساڵە، لە حەوزەى نەجەف و قوم خوێندویەتى، دواتر بڕوانامەى دکتۆراى لە زانکۆی بۆرتسمۆسى بەریتانى بەدەستهێناوە، زمانەکانى عەرەبی و ئینگلیزی بەباشی دەزانێت، زیاتر لە 20 کتێبی هەیە، سەرەڕای نامەى دکتۆراکەى، بەشێکیان بەزمانى ئینگلیزین، رۆڵی سەرەکی هەبوە لەدامەزراندنى ڕیکخراوە جۆراوجۆرەکانى ئێران لە ناوەوەو دەرەوەى ئێران و لەنێو رەوەندی ئێرانیدا بەردەوام کارى کردوە، سەرپەرشتى دادگاکانى شۆرشی ئێرانى کردوە لە پارێزگاکانى خوڕەمشەهر و ئابادان و خوزستان، ماوەیەکیش بوەتە پارێزگاری دیزەفول، نوێنەرى خومەینى بوە لە نێو ڕێکخراوى (بەدر)ى ئۆپۆزسیۆنی عێراقیدا.

ڕەئیسی؛ پیاوی پیرۆزییەکان

ئیبراهیمی ڕەئیسی، لە 14/12/1960 لە مەشهەد لەدایکبوە تەمەنى 63 ساڵە، لە ساڵی 1989 بوەتە داواکاریی گشتى تاران، لە 1994 تا 2004 سەرۆکی دەزگاى پشکنینى گشتى ئێران بوە، لە 2004 تا 2014 جێگری سەرۆکی ئەنجومەنى دادوەریی بوە، لە 2016 تا 2019 بوەتە سەرۆکی دامەزراوە پیرۆزەکانی ئێران، لە ساڵی 2021 ەوە تا ئێستا بوەتە هەشتەمین سەرۆک کۆماری ئێران. ئیمام جومعەو وتاربێژى شارى مەشهەد بوە، مامۆستاى زانکۆی شەهید بەهەشتى بوە لە تاران.

خامنەئی کوڕ؛ ئایەتوڵایەکی کاڵ

موجتەبا خامنەئی، وەک لە ناوەکەیەوە دەردەکەوێت، له‌ ساڵی 1969 له‌ دایكبووه‌، به‌شداری له‌ جه‌نگی عێراق_ ئێران كردووه‌. هاوسه‌رداره‌ و خاوه‌نی دوو منداڵه‌. موجتەبا لە ساڵی 2005 بووه‌ سه‌رنجی رایگشتی ڕاكێشا کاتێک مەحمود ئەحمەدی نه‌ژاد بوە بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە.

هەرچەندە ئەو پۆستێکی فەرمی حکومەتی نییە، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو بەرپرسیارە لە دامەزراوەی بازرگانی باوکی، کە ئێرانیەکان بە ئیمبراتۆر ناوى دێنن.
هەروەها کاریگەری بەرفراوانی هەیە، لە دانانی بەرپرسانی ئەمنی و لە هەندێک کاتدا سەرپەرشتی بەشە سەرەکییەکانی ده‌زگا ئەمنییەکانی ئێران دەکات.

لە ساڵی 2009 دا سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن تۆمەتباریان کردوە بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا‌ بە قازانجی ئەحمەدی نه‌ژاد، هەروەها پشتیوانی لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی سه‌وزی كرد وەكه‌ وڵاتیان هه‌ژاندوە. جگە لەوەش موجتەبا وەک جێبەجێکار و پارێزەری فەرمانەکانی باوکی ناوبانگی ده‌ركردووه‌.
بە تایبەت کە لە کۆتایی مانگی ئابی ساڵی2022 دا پله‌كه‌ی بەرزکراوەتەوە بۆ "ئایەتوڵڵا" کە نازناوێکی باڵای ئاینیە لە ئێراندا، مەرجە بۆ هەر کەسێک بیەوێت ببێتە ڕێبەر.

لە ساڵی 2019دا وه‌زاره‌تی گەنجینەی ئەمریکا باسی له‌وه‌كردوە موجتەبا بەشێک لە بەرپرسیارێتیەکانی ڕێبەری باڵای لە ئەستۆ گرتووە، ئەمەش بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی "تەماحە ناوچەییەکانی باوكی فراوانتر بكات كه‌ بوونه‌ته‌ هۆی ناسەقامگیری و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئامانجە ناوخۆییە سەرکوتکەرەکانی" باوکی زیاتر كردووه‌.
وه‌زاره‌تی گەنجینەی ئەمریکا، چالاكیه‌ ئابورییه‌كانی موجتەبای سنوردار كردووه‌ و هه‌ر سه‌روه‌ت و سامانێكی له‌ ئه‌مریكا هه‌بێت بلۆكی كرد، هه‌روه‌ها هۆشداریداوە لەوەی هەرکەسێک مامەڵەی لەگەڵ بکات ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.

هی تریش هەن

لەگەڵ ئەوەشدا هەریەک لە سەید حوسەینى خومەینى و سەید محەمەدى مەهدی میرباقری و عەلی رەزا ئەعرافی و صادقى لاریجانیش لەنێو ئەو ناوانەدان کە گۆڤارەکە ناوى هێناون بۆ ئەوەى ببنە جێگرەوەى خامنەئی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP