هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، لەڕێگەی کردنەوەی نوسینگەیەکی دیکەی دابەشکردنی موچەوە، کارئاسانی زیاتر بۆ دابەشکردنی موچەی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان دەکات.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەدرێژەی هەوڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ کارئاسانی لەدابەشکردنی موچەی خانەنشینان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی نوسینگەیەکی تری بە شێوازێکی پێشکەوتو بە دابەشکردنی موچەی ئەو چین و توێژانە کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، شۆخان عومەر بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی ڕایگەیاند، "لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ زیاتر خزمەتکردنی چینی خانەنشین و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەمڕۆ پێنجشەممە نوسینگەی ژمارە پێنج لەسەنتەری شاری سلێمانی کرایەوە، کە سەرجەم خزمەتگوزاریەکانی تیادا دابینکراوە و بەشێوەیەکی تەندروست و لەماوەیەکی کورتدا ئەو چین و توێژانە دەتوانن موچەکانیان وەربگرن.