دواین هەواڵ

کلتور‌

 12/02/2023

ژن لەژیان و بەرهەمەكانی -فرانتس كافكا و فێرناندۆ پێسوا و چیژاری بافێتزی دا -

شوان ئەحمەد
(ما لا یدرك - ژن لە ژیان و بەرهەمەكانی فرانتس كافكا و فێرناندۆ پێسوا و چیزاری با فێتزی)دا، كتێبێكی قەوارە گەورەی (321)لاپەڕەییەو ساڵی ٢٠١٦ پرۆژەی (وشە)ی سەر بە دەستەی (ابوظبي) بۆ گەشتوگوزار و كولتوور لە وڵاتی ئیمارات بە چاپی گەیاندووە.

كتێبەكە لە نوسینی نوسەر و ڕۆژنامەنوس و ئەكادیمیستی ئەرژەنتینی، لویس گرۆسە كە لەدایكبووی ساڵی 1953 بۆینس ئایرسەو خاوەنی چەندین كتێبە، لە بوارەكانی شیعر و ڕۆمان و لێكۆڵینەوەی ئەدەبیدا. نمونەكانیان وەك: (شاعیرە بەدەكان - 1998، جەستە - 2004، فینلاندیۆن - 2008). (د. زەینەب بنیایە) وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و (نوها ئەبو عەرقوب)یش پێیداچۆتەوە.

ڕەنگە لەبەر گرنگی و بایەخ و شوێندەستی ئەو سێ‌ نوسەرەی بونەتە تایتڵی ئەم كتێبە، ساڵانە لێرەولەوێ‌ چەندین وتار و لێكۆڵینەوە و باسوخواسی جیاجیان لەسەر بنوسرێ‌، بەڵام ئەوەی نوسەرێك بێت و هەرسێكیان پێكەوە كۆبكاتەوە و هەوڵبدات ڕۆڵ و پێگە و تارمایی (ژن) لە ژیان و بەرهەمە ئەدەبیەكانیاندا دیاری بكات، ئەوە بۆخۆی جێی سەرنجەو تایبەتمەندیەكی زیاتر بەو هەوڵە چڕوپڕەی لویس گرۆس دەبەخشێت كە لەم كتێبەدا بەخەرجی داوە.

كافكا (1883 - 1924) و پێسوا ( 1888-1935) و بافێتزی ( 1908 -1950)، لەو نوسەرە نەفرەتیانەن كە هیچیان نەیانتوانی پەیوەندیەكی تەندروستیان، نە لەگەڵ دەروبەریان نە لەگەڵ ئەو سەردەمەی تێیدا ژیاون و نە لەگەڵ ژیاندا بەشێوەیەكی گشتی هەبێت.

هەرئەوەش وادەكات نەتوانن، لەخۆیان بچنە دەرەوە و دەست لەتەنهایی بەردەن و سەڵت و قوت بمێننەوە. ئەمانە لەتەمەنێكی كەموكورتدا (كافكا چل ساڵ و یانزە مانگ و پاشان بەدەردە سیل كۆچی دوایی دەكات، بافێتزی چل و دوو ساڵ و دواتر لە ژوری ئۆتێلێكی شاری تۆرینۆدا خۆی دەكوژێت، پێسوا چل و حەوت ساڵ و پاشان بە شیتاڵبونی جگەر لەنەخۆشخانەی لشبۆنەدا سەردەنێتەوە)، توانیان تێكستگەلێكی قوڵ و ئاست بەرز و سەیروسەمەرە بەرهەم بێنن، بەڵام هیچ كامیان نەیانتوانی پڕكێشی ئەوەبكەن و وەك هاوسەر لەو بوونەوەرە نزیكبنەوە كەناوی (ژن)ەو خێزان دروست بكەن و وەچە بخەنەوە.

خاڵی هاوبەشی نێوان ئەم سێ‌ داهێنەرە، ئەوەیە كە هیچ یەكێكیان نەیانتوانی لەژێر سەقف و لەنێو ماڵێكدا، ژیان لەگەڵ ڕەگەزەكەی دیكەدا بەشبكەن. ئەوان وەك ئەوەی بۆ نوسین و بۆ تەنهایی خوڵقابن، نەیانتوانی ئەو چارەنوسە بگۆڕن.

ئەگەرچی كافكا (سێ‌ جار، دوانیان لەگەڵ فیلسە پاوەر) و پێسوا (جارێك، لەگەڵ ئۆڤیلیا كیرۆش) ئەڵقە دەگۆڕنەوە و مارەبڕی دەكەن، بەڵام هەرزوو وەك (هۆڵدەرلین لە لویزە ناست) و (سۆرین كیركەگۆ لە ڕێجینا ئۆڵسن)، پەشیمان دەبنەوە و پاشەوپاش دەكشێنەوەو دێنەوە لای تەنهایی و گۆشەگیری خۆیان.

كافكا و پێسوا و بافێتزی، نەك هەر هاوسەرگیری ناكەن و ژیانیان لەگەڵ بونەوەرێكی تردا بەشناكەن، تەنانەت لەدەرەوەی ئەوەشدا پەیوەندی جەستەیی و دەست لەملانێ‌ و خۆتێهەڵسوینیش لەگەڵ ژناندا، وەلاوەدەنێن و تەرێزی لێدەكەن.

ئەوان زیاتر پەیوەندی سۆزداری و ئەوینداریان بەژنانەوە (لەڕێی نامە و نامەكارییەوە بووە)، بڕوانە (نامە بێشومارەكانی كافكا بۆ میلینا و فیلسە پاوەر و گریتە و نامەكانی فێرناندۆ پێسوا بۆ ئۆڤیلیا كیرۆش). ئەگەر نامەنوسین تەعبیر بێت لە ترسێكی قوڵ لە تەنیایی و تەنیاكەوتن، ئەوا ئەمان لەگەڵ ئەوەشدا تینوێتی پەیوەندی سۆزداریان، بەنامەنوسین شكاندووە.

كیركەگۆ سەروەختێ‌ پشت لە ڕێجینا ئۆڵسنی دەزگیرانی دەكات و خۆی دەكات بەمەخسەرەی خەڵكوخوای كۆبنهاگن و كۆتایی بە پەیوەندیەكەیان دێنێ‌، بەو قەناعەتەوە ئەو هەنگاوە دەنێ‌ (وەك مارتن پۆپەری تیۆلۆژیست و فەیلەسوفیش پێیوابوو) كە پەیوەندیگرتن لەگەڵ ژنان و چونە نێو پرۆسەی هاوسەرگیری، بەربەستێكەو دەبێتە هۆی دوركەوتنەوەمان لە مەلەكوتی ئاسمان و لەكاڵبوونەوەی پەیوەندیمان بە یەزدانەوە.

بەڵام كافكا و بەهەمان شێوە پێسواش (لەبری شتێكی دیكە)، سەڵتی و ڕەبەنی هەڵدەبژێرن و لە تخوبەكانی هاوسەرگیری نزیكنابنەوە و (ئۆڤیلیا و فیلسە) جێدێڵن. ئەوان بۆخاتری ئەدەب و خۆتەرخانكردن بۆ نوسین، ئەو كارەدەكەن. (گەرهاتوو ڕۆژێك وازم لەنوسین هێنا، ئەوا دەمرم)، كافكا لە نامەیەكیدا بۆ فیلسە پاوەر وەها دەڵێت. واتە دەستبەرداربوون لە ئەفراندنی هونەری، واتە دابڕانی لەبوون و مەحفبونەوەی لەدنیادا. ئەوان لەبری ژنان، لەگەڵ ئەدەبدا هاوسەرگیری دەكەن.

ئەم كتێبەی لویس گرۆس زۆر لەوە چڕوپڕتر و بەچێژترە، تا لێرەدا بواری وردكردنەوە و خستنەڕوی هەموویمان هەبێت. ئەو لە پێشەكیەكی كورت و چەند تەوەرێكی جیاجیای وەك: (ڕۆژە سەختەكان و نامە و یاداشتە سۆزداریەكان و ژن لە ژیان و ژن لەبەرهەمە ئەدەبیەكان و ئەوین و ترس ، گۆشەگیری و دوری و دواین ژن و ماڵئاوا لە موتڵەق و..... هتد)، زۆرشت دەڵێت و زۆر نهێنیمان بۆ ئاشكرا دەكات.

ئەوانەی پەرۆشی ژیان و ئەدەبیاتی كافكا و پێسوا و پافێتزین، حەیفە خوێندنەوەی كتێبێكی لەمجۆرە لەدەست خۆیان بدەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP