فەیلەسوفی ئابووری ئینگلیزی « جۆن ماینارد کینز » دەڵێت : ( کاتێک ڕاستیەکان دەگۆڕێت ، ڕەئی خۆم دەگۆڕم ) ، ئێستا ڕاستیەک خۆی فەڕز کردووە جیاوازە لەگەڵ ئەو ڕاستیەی کە دەیان ساڵ لەمەوبەر هەبوو ، ئەوانەی بە موقەدەسی سەیری ڕاستی واقیعی سەپێنراوی دەیان ساڵ لەمەوبەر دەکەن لە وەهمدا دەژی ، ئێستا لە جیهانێکداین هەندێک وڵات فراوان دەبن و هەندێکیش بچووک دەبنەوە ، ئەوڕۆ ئیمپڕاتۆرەکانی دوێنێ بونەتە کۆمبارس لە یاریگای سیاسەتی نێودەوڵەتی ، قەیرانی گەورە کە ئێستا بەرۆکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە ،
پێویستی بە دیدگا و ستراتیژی ناتەقلیدی هەیە ، ئێستا جیهانی عەرەبی و وڵاتانی ناوچەکە لە کوڵان و وەرچەرخاندایە ، کە لەئاکامی ڕووداوە یەک لەدوای یەکەکانی ناوچەکە بەخۆیەوە دەبینێت ، زۆربەی ئەو شتانەی لە دوو دەیەی ڕابردوو لە جیهان ڕوویاندا تەنیا دەرهاویشتەی بومەلەرزەکەی ساڵی « 2001»ن ، ئەم دەرهاویشتەیە بەردەوام خاکی ئەو ناوچەیە دەلەرزێنێت کە لەوێنەی « بەهاری عەرەبی » خۆی نوێدەکاتەوە ، پاشان « 7 »ی ئۆکتۆبەری « 2023 »ی تۆفانی ئەقسا هات ، ئەو تۆفان و لافاوەی ناوچەکەی بە کوشتن و جەنگێکی کاولکەر کە لە غەززەوە دەستیپێکرد و وا بەردەوامە ڕاماڵی ….وڵاتانی زلهێز کە کارێکی گەورەی وەک دابەشکردنی وڵاتان دەکەن ، ئەمە بە شەو و ڕۆژێک نایکەن ، ئەو چێشتە لە ناندینی سیاسی زلهێزەکان لێدەنرێت و لەبەردەم خۆیان دایدەنێن بۆ خواردن و ، دوای دەیان ساڵ ئێمەی نوستووی خەوی غەفڵەت پێدەزانین ، لە گرمەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا لە ساڵی « 1916 » کە جەنگەکە لە لووتکەی هەڵایسانیدابوو ، بەنهێنی فەڕەنسا و بەریتانیا ڕێککەوتن ، پەیماننامەی ( سایکس پیکۆ )یان دانا ، کە وڵاتی شام و عێراق دابەشبکەن و ، ناوچەی نفوز لە ڕۆژئاوای ئاسیا دەستنیشانبکەن و ، موڵکەکانی دەوڵەتی عوسمانی دابەشبکەن ،
پێشکەوتنی ئێستای ڕووداوەکانی ئەو ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین ئاماژەن کە ڕێککەوتنێک وەکو « سایکس پیکۆ »لەنێوان « ئەمەریکا و ئیسرائیل » بۆ دابەشکردنی نوێی هەمان ناوچەی دابەشکراوی پێشوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە لەچواچێوەی تەسەوری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات ، هەر دوای « 11»ی سبتەمبەر پڕوپاگەندە و بە بازاڕیکردنی دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستیپێکرد ، دەبێت ئەوە بزانین تۆ ئەگەر بتەوێت جەنگێک هەڵگیرسێنیت یان نیازی شتێکت هەبێت بیکەیت دژی بەرانبەرەکەت ، سەرەتا بە پڕۆپاگەندەوە دەستپێدەکەیت ، پاشان دەست بە کاری عەمەلیەکە دەکەیت ، لەمێژە باس لە سەرلەنوێ ڕەسمکردنەوەی نەخشەی ناوچەکە دەکرێت و ، « حەماس »یان بە تەڵە وەکرد بۆ دەستپێکی جێبەجێکردنی بەرنامەکە ، دوای ئەوە نتنیاهۆ-ی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل چەندین جار تەئکیدی لەوەکردۆتەوە کە ئەو جەنگە ئامانج لێی گۆڕانکاریکردنە لە نەخشەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سەرەتا لە غەززەوە دەستپێدەکات پاشان وڵاتانی تر دەگرێتەوە ، ئەوە دەبینین کە ئێستا ئیسرائیل « 50 » کیلۆمەتر لە دیمەشق دوورە و ، داوای دەستەبەکردنی مافی کەمینەکانی ئەو وڵاتە دەکات و ، ئامانجی دابەشکردنی سوریا لەمیانی دروستکردنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ دروز و عەلەویەکان و کورد و سوننەیە و ، هەروەها لوبنان -یش بۆ ئەم دابەشبوونە بەئامانج گیراوە ،
بەڵام ئێستا کاتی نیە و بەلانی کەم جیاوازە ، بۆیە گووشاری سەربازی و پێشێلکردنی سەروەری و خاکەکەی بەردەوامە ، سوریا و لوبنان بۆتە ناوچەیەکی زیندوو بۆ ئیسرائیل کە تێیدا دووبارە واقعی سیاسی و سەربازی و دیموگرافی بە ڕێگایەک دادەڕێژێتەوە کە خزمەتی بەرژەوەندیەکانی لەسەر هەردوو ئاستی نزیک و دوور بکات ، ئاشکراشە کە چەتری ئەمەریکا بۆ گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە ستراتیژی و نهێنی نیە ، بەڵکو ئاشکرایە و هانی نتنیاهۆ دەدات جێبەجێیبکات ، چونە ناوەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سوریا و تێکشکاندنی چەکی سوپاکەی دواکاری ترمپ-ی سەرۆکی ئەمەریکا بوو ، ئەمەریکا هەرتەنها ڕووپۆشی کارەکانی ئیسرائیل ناکات ، بەڵکو ڕاستەوخۆ بەشدارە لە گۆڕیینی ناوچەکە ، ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە کە بۆ کورد هاتۆتە پێش کەئەمجارە بەرژەوەندیەکەی لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل هاوتەریبن دەبێت بچێتە پێش و ، بۆیە بۆ کورد گەیشتن بە عەقل و گوێێ ترەمپ کارێکی قورس نیە ، بەتایبەتی پەیوەندیەکی گەرم لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەو هاوڕێ ئەمەریکیە هەیە .