ئایا شتێک هەیە بەناوی ڕاگەیاندنی کوردی ؟! یان ئەوەتا ڕاگەیاندنی کوردی زمان-نمان هەیە ! قسەکردن لەسەر ڕاگەیاندنی کوردی ئەو دروستیە بەدەست نادات ، مەگەر ڕاگەیاندنەکە مۆدیلێکی هزری هاوبەش ، چوارچێوەیەکی هزریی ، مەنزومەی بەهاکانی هەبێت ، ئەوە جگە لە بەشداری نوێترین پێشکەوتنی زیرەکی دەستکرد «AI» لە ڕاگەیاندندا ، کە ئەمانە لە ڕاگەیاندنی کوردیدا غائبە ، تائێستا ڕاگەیاندن بەزمانی کوردی لە قەفەسی ئامرازی بانگەشەکردن و ئاراستەکردنی قورمیشکراو بە خواستی لایەنێک یان کەسێک و بەرژەوەندی ئەم و ئەو دەرنەچووە ، نەک شیکردنەوەی قووڵ و ، ئەو کێشانەی کە ڕەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئەو واقیعەی کە ئێمەی تێیدا دەژین هەبێت ، ڕاگەیەندن و میدیا بەگشتی دەبێت نوێنەری خەڵک بێت لە ئەدای دەسەڵاتی گشتیی و ، ئاگادارکردنەوەی خەڵک ، ئاگادارکردنەوەی هاوڵاتی ، ئەرکەکەی ئەوەیە کە بابەتی بێت ! بەداخەوە زۆربەی بەکارهێنەرانی ڕاگەیاندن بەتایبەتی بێژەرە تەلەفزیۆنەکان و ئەوانەی لە سۆشیالمیدیا قسەدەکەن پیشەگەر نین و مەعریفەی ئەوەیان نیە لەسەر ئەوەی قسەی لەسەر دەکەن ، ئەوانە بەزەڕووڕەت نیەتپاکیی و هێزی لێبووردنیان نیە و ، هەموو ئەو توانا سلبیەی کە هەیانە دەیخەنە سەر شاشە ! یەکێک لە گەورەترین کێشەی ڕاگەیاندنی بەناو کوردی میدیاکارەکانن ، کە زۆربەیان پشت بە هێنانەوەی پلەی تەعلیمی و بڕوانامە دەبەستن و ئاستێکی ئەوتۆی ڕۆشنبیریان لە بوارەجیاجیاکاندا نیە ، ئەمە جگە لەوەی ئامادەکردنێکی مرۆییشیان نیە ، کە دەتوانین بڵێین ( پەروەردەی پیشەیی )یان نیە تا بتوانن ئەدای باشیان هەبێت ، پزیشکێک کە مامڵە لەگەڵ نەخۆش دەکات ئەرکی یەکەم و دوایی ئەوەیە کە چارەسەری بکات نەک لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات ، لە ڕاستیدا هەموو پیشیەک ڕەوشت و نەریتی خۆی هەیە ، بەدیاریکراوی ئەو پیشانەی کە لەسەر مامڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوڵاتی و بەرکەوتەی هەمیشەیی و پەیوەندیی لەگەڵ خەڵکدا هەیە ڕاوەستاوە لەوانە ڕاگەیەنکار و ڕۆژنامەنووس ، بەڵام لەزۆربەی جاردا ئەو مامڵەیە لە ڕاگەیاندنی ئێمەدا نابینرێت ، ئەگەر ئەخلاقی پیشەیی تێکچوو بەتەئکید ئێمە لەبەردەم قەیرانێکداین و ، پێویستە بە پەلە کار بۆ دوورخستنەوەی بکەین ، بەپێی ڕێساکانی پیشەیی و سلیقەی گشتی نابێت درۆ و تەشهیرکردن لە ڕاگەیاندندا هەبێت و دەبێت ڕاستیەکان بێ نیفاق و لەبەرژەوەندی خەڵک بێت ، کەچی لەکن ئێمە پێچەوانەیە و هەنديکیان بەپەڕی لووتبەرزی و بێباکی هەر تەنها بۆ ڕازیکردنی بەرپرسەکەی لە ناوزڕاندن و رەخنەی تێکدەرانە تێدەپەڕێنێت و ، فەزڵی دەوڵەت و حکومەت و ئەو مامۆستایانەی کە دۆخەکەیان گەیاندە ئێرە هەمووی دەسڕێنێتەوە ، ئەم فریودانە ڕاگەیاندن دادەبەزێنێت و متمانە کزدەکات و ناهێڵێت ، ڕاگەیاندن نابێت هەر تەنها ڕەخنە سلبیەکان بخاتەڕوو ، هەروەک هەندێک لە ڕاگەیاندنی ئێمە پیادەی دەکەن ، ڕەخنە هەروەها دەبێت باسی ئیجابیاتەکانیش بکات ، ئەوەی ڕەخنە دەگرێت دەبێت وەک لێژنەیەکی ناوبژی وابێت کە پێشبڕکێکاران یان دەستەکەوت و کارەکان وەکو خۆی بە ئینسافەوە مامڵەیان لەگەڵدا بکات ، بەداخەوە گەمەکردن لەسەر ڕاستیی و فریودانی جەماوەر بۆتە تەحدیەکی مەترسیدار سەبارەت ئەو ڕاستیانەی کە دامەزراوە پیشەگەرە ڕاگەیاندنەکان بەدوایدا دەگەڕێن ، بەتایبەتی لەگەڵ هەڵکشانی شەپۆڵەکانی تەکنۆلۆژیا کە وادەکات درۆیەکان زیاتر باوەڕپێکراوتربن ، کە ئەمەش قوورسایی گەورەی خستۆتەسەر ڕاگەیاندن بۆ گەڕان بەدوای ڕاستی و پوچەڵکردنەوەی درۆکان ، نەخۆشیەکەی تری ڕاگەیاندنەکەمان کە لەو کەسە نەخۆشانەوە گواستراوەتەوە ئەوەیە ؛ کە ڕاگەیاندیان کردۆتە ئامرازێک بۆ ناوبانگی و خۆپاڵەوانکردن و بەدەستهێنانی پارە و ، پێیان وایە کە ئازادی ڕاگەیاندن تەنها بە گڕگرتنی تووڕەیی خەڵک و یاخیبوون لە دەروونی خەڵک و بارگاویکردنیان بە بێئومێدی بەدەستدێت و ، ئەمانە وایدەبینن کە ( ترپەی دڵی جەماوەر ) لە خودی جەماوەر زیاتر دەناسن و ، خۆی بە وتەبێژی جەماوەر و چاودێری بەرژەوەندیەکانی دادەنێت ، بێئەوەی پرسیار لەخۆی بکات کە کێ ئەو ئەرکەی پێداوە ؟! ئەوڕۆ بەهۆی شۆڕشی تەکنۆلۆژیای دیگیتاڵی جەماوەر خۆی ڕۆلی ڕاگەیاندن دەبینێت نەک کەسێکی تر !! زۆر ئاساییە کە تۆ لەپێناوی خۆتدا بژیت ، هەروەها ئەمە سوارچاکییە کە بۆ ئەوانی تریش بژیت ، ئەو دۆخەی کە بەناو ڕاگەیاندنی کوردی پێدا تێپەڕ دەبێت هەر تەنها ڕاگەیاندن لێی بەرپرس نیە ، بەڵکو بەرپرسیارێتیەکە هاوبەشە لەنێوان هەمووان .
یەکێک لە نهێنیە سەرسوڕهێنەرەکان لە میدیای بینراوی ئێمەدا هەیە ، لادانی سەرنجە لەسەر پرسە زۆر گرنگەکان ئەویش : پەرەپێدانی مەنهەجی فێرکردن و پەروەردە و ، نەبوونی ناوەندەکانی تووێژینەوەی زانستی و ، وەبەرهێنان لە زانست و ، بەستنەوەی گەشەپێدان بە گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی بەرنامەی زانستی و دیۆمێنتاری و ، پڕکردنەوەی بۆشایی تەنانەت بە وەرگێڕان و دۆبلاژکردن ، ئەنجام ؛ ڕاگەیاندن بەتواناترین مەیدانە لەسەر چارەسەکردنی خودی خۆی بەخۆی .