چەند ڕۆژێکە ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری ڕاگوزەری سوریا ، ئیعلانی دەستوری کاتی سوریای کرد ، داماننا ئەو دەستورە ڕەگەزپەرستە وەکو دەستورە پێشکەوتووەکەی سوریای حزبی بەعس-یش بێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنەی نەبوو لە پێشکەوتوویی ، بەڵام ئەمە هیچ لە هیچ ناگۆڕێت چونکە هەردووکی لەلایەن دوو ئایدۆلۆژیای فاشیزمی نەتەویی و ئسوڵی ئیسلامیی عروبی نوسراوەتەوە ، دەستور لە وڵاتانی دواکەوتوو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێناکرێت ، ئەوەتا عێراق لەبەرچاوانە ، بەڵام هەر ئەوەیە کە بڵێین دەستوور وەسیقەیەکە دەمێنێت ! .
ئەم دەستورەی سوریا ، دەستورێکە زۆر بەخێرایی ئەنجامدرا ، مەترسیەکەی لەوەدایە بۆ «5» ساڵ دانراوە کە فەترەیەکی ڕاگوزەرە ، ئەو ماوەی ڕاگوزەرە زۆر درێژە بەهەر ماوەیەکی ڕاگوزەر لەهەر وڵاتێکدا ، مەترسی فەترەی درێژیەکە دۆخێک دەچەسپێنێنێت زۆر قورسە بیگۆڕێت یان تەعدیلبکرێت بۆ قۆناغی دادێت ، ئەم دەستورە باسی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی سوریا ناکات کە 30 بۆ 40% کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن و ، خواستەکانی هەموو سوریەکان بەدیناهێنێنێت ، لەنێویاندا کورد کە لە دوای عەرەب گەورەترین نەتەوەن و پێکهاتەیەکی مەرکەزی و سەرەکی و مێژوویین ، نە لە کۆنگرەی بەناو نیشتیمانیی و نە لە دەستور حسابی بۆ نەکرا ، ئەمە بۆ دروز و تورکمان و سریان و ئەوانی تریش بەهەمان شێوە ، بەداخەوە عەقلیەتی عەرەبی ( دەسەڵاتدار ) بەهەردوو ئایدۆلۆژیای عروبی و ئسوڵی ، هەمیشە بڕوای بە « وەدەرنان » و « دوورخستن و پەڕاوێزخستنی » بەرانبەرەکەی هەیە ، ئەگەر کورد بە نموونە بهێنینەوە ، دان بە کورد وەک قەوارە و شوناس و زمان و کلتوور نانێن ، دان بە مافی جیاوازیدا نانێن ، هەروەک لەو دەستورەی سوریا بەرجەستە دەکرێت ، هەر ئەو نکۆڵیلێکردنە وای لە کورد کردووە کە بەدرێژایی مێژوو لەناو قەیرانی متمانە دابێت ، کورد کێشەی قەیرانی متمانەی هەیە ، چۆن کورد متمانە بەیەکێک بکات بەتەواوی ئینکاری بکات ، کە کورد چەک دانانێت لەبەر ئەوەیە متمانەی نیە و زەماناتی نیە ، بەتەئکید زۆربەی ئەو مادانەی لەو دەستورە نوێیەی سوریا دا هاتووە و تۆمارکراوە موستەحیلە بێ کورد جێبەجێبکرێت ( من بەگومانەوەش سەیری ڕێککەوتنەکەی شەرع و مەزڵوم کۆبانی دەکەم و جێگەی بڕوا نیە ) ، دەستوری بەناو کاتی زمانی عەرەبی بە زمانی دەوڵەت داناوە و ، زمانی کوردیش بۆ نێو سەلەی کاغەز !! چۆن بەمە یەکێتی خاکی سوریا دەپارێزرێت و ڕێ لە دابەشبوونی سوریا دەگرێت کە لە دەستوور داواکراوە ؟!! لە ناونەهێنانی دیموکراسیی لەو دەستورە و پەڕاوێزخستنی ژن و هێزە مەدەنیەکانی سوریا کە نازانین هەر لەکوێن گەڕێ ، ئەوە جگە لەو هێما سیاسیە بەرهەڵستکارانەی کە لەکاتی حوکمی بەشار ئەسەد بوونیان هەبوو لەو دیمەنە ونبوون !! لەبەرچی هەر تەنها گڕوپەکەی ئەحمەد شەرع لە گۆڕەپانەکەن و دەستیان بەسەر حکومەت و وەزارەتەکان داگرتووە ؟!!
مەترسیەکی تری ئەم دەستوورە باسی ماددەیەک لە مادەکان لەسەر ( فقهەی ئیسلام ) یە کە دانراوە بە سەرچاوەی بنچینەیی یاسادانان لەو وڵاتە ، قسەکردن لەسەر فقهە ماناکەی واتە : بەرهەمی بەردەستی ئەو فوقەهایانەی پێشوون کە لە ئایەتەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر بە هەموو زیادەڕۆیی و عەقلی تەسک و تووندڕۆیی لە تەفسیرە و لێکدانەوەکاندا وەریانگرتووە و تێگەیشتوون و وتوویانەتەوە و بۆ ئێمەیان جێهێشتووە و ، ئێستا دەبێت لەو دەستوورە ببێتە بنچینە بۆ یاسادانان ، جیاوازیەکی گەورە هەیە لەنێوان سەچاوەکان بریتی بێت لە قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەر و نێوان هێنانەکاری قسە و وتەکانی فقهیە ئیسلامیەکان ئەو وتانەی کە هی ئەو سەردەمەنین و بەسەرچووە ، ئەمە ئەوەدەگەیەنێت کە دەبێت پابەندی ئەوە بن کە ئەوەی ئەو فقهیانە گوتوویانە بەپێی ئەو دەستورەش دەبێت پیادەبکرێت و ، بەمە دبێت هاوڵاتیانی سوریا ببنە دیلی ئەوەی ئەوان کە سەردەمانی زوو لێیتێگەیشتوون ، بۆیە وەرگرتن لە فیقهە نەک وەرگرتن لە شەریعە وامانلێدەکات لەناو چنگی بیروهزرێک دابیت کە بەزڕووری بیروهزری سەردەم نیە ، بەمەش ئەم دەستورەی سوریا دەیەوێت ڕژێمەکە بە ئیسلامی بکات و شەرعیەت بدا بە ئیسلام لە دەستوور ، کۆمەڵگە و دادوەری بە ئیسلامیی بکات و ، تا دواجار لە ئاییندە سەراپای دەوڵەت بە ئیسلامی بکرێن ، کە هەموو ئەوانەی ئاماژەمان پێدا ئەوەمان پێدەڵێت ، کە قەیرانی عەقلەیەتی دەسەڵاتداری عەرەبی دووبارەکەردنەوەی هەمان « هەڵە » و « حەماقات » بووە کە پشتریش پێیدا تێپەڕیبوو و تووشی نشوستی کردون وانەیان لێوەرنەگرتووە .