دواین هەواڵ

سەرژمێری پلان یان پیلان

‌فارس نەورۆڵی

2 رۆژ پێش ئێستا

سەرژمێری پرۆسەیەکە یاخود جوڵەو کردارێکە کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە کۆمەڵایەتی و دیموگرافیەکان لەسەر هەموو هاوڵاتیەک، لەو ڕێگەیەوە بە فەرمی ژمارەی هاوڵاتیان دیاریدەکات. لەو وڵاتەدا بەپێی ڕاسپاردەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان هەر  10 ساڵ جارێک ئەم پرۆسە ئەنجام دەدرێت، دواتر حکومەت بەپێی ئەم سەرژمێرییە بەرنامەو پلان بۆ هەموو کایەکانی وڵات دادەڕێژێت، لە 20ی 11ی 2024 لە عێراق پرۆسەی سەرژمێری بەڕێوەدەچێت ئەوەی خاڵی لاوازە بەهۆی شەڕی بەردەوامەوە باری کۆمەڵایەتی و دیموگرافیای عێراق تێک چووە، بۆیە کۆی دانیشتوانی عێراق سەرژمێری ناکرێن بەتایبەتی ئەوانەی لە دەرەوەی عێراقدا دەژین، بەرمەبنای سیاسەتی مێژووی عێراق بەرامبەر کوردستان دەبینن لە میدیاکاندا هاوڵاتی کورد بە گومان و ترسەوە لێی دەڕوانێت، ناحەقیش نییە کورد دەڵێ: (ماران گەستە لە پەتی بازەڵە دەترسێ) هەر چۆن دەبێت سبەی پرۆسەی سەرژمێری بەڕێوە دەچێت کارێکی باشیشە.

هەر دەساڵ جارێک ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت، ئەوەی گرنگە لەم سەرژمێرییەدا خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140 بڕۆنەوە زێدی خۆیان، پێویستیشە سەرژمێری ببێتە خاڵی متمانە. لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا، هیچ پێکهاتەیەک بە ترس و گومانەوە لە تیوری پیلانگێڕییەوە لە پرۆسەکە نەڕوانن، ئەمەش ئەرکی حکومەتی عێراقە ئەم دڵنیاییە بداتە هەموو عێراقیەکان ئەوەش لەسەر هاوڵاتی پێویستە بەتایبەتی خەڵکی ناوچە هەستیارەکان بڕۆنەوە بۆ زێدی خۆیان.

ئەم  چونەوەیە چەندە پێناسەی کوردبوونە ئەوەندەش پێناسەی تاکە یان هاوڵاتیە بیسەلمێنێ بەڵێ خەڵکی ئەم شارو شارۆچکەو ناوچەیەم، واتە سەلماندنی بوونی خۆتە، کە بچیتەوە بۆ زێدی خۆت، ئەمە مێژووە کە تۆ خەڵکی ئەو جێگایەی، لەلایەکی دیکەوە بۆ ئەوەی لە پلانی حکومەت بۆ خزمەتگوزاری ناوچەکەت و ژیانی هاوڵاتیان قورسایی پێ بدەیت بێ بەش نەبن، گرنگە لای پێکهاتەکان لە دوای پرۆسەکە متمانەی تەواو دروستببێت خەڵک دڵنیابێت ئەم پرۆسە بۆ پلانە، بۆ خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی، نەک پیلان بۆ وێرانکردن. لێرەوە گرنگە ئەقڵی سیاسی لەعێراق ئارامی و بڕواو متمانە دروستبکات بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP